کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم شۆڕشە دەبێ بە چی بگا؟

15:21 - 17 پووشپەڕ 2723

ئاسۆ مینبەری

کاتێک ستەم لە کۆمەڵگەیەکدا بەرفراوان دەبێتەوە و لایەنە جیاوازەکانی ژیانی تاکەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، یەکەم هەنگاوێک کە لەلایەن کۆمەڵگەوە هەڵدەگیردرێ، دەربڕینی ناڕەزایەتییە، ناڕەزایەتی بە دۆخی هەنووکەیی تاکوو دەسەڵات بێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی ئەم چەشنە لە هەڵسوکەوت هەڵەیە و پێویستە کە گۆڕانگارییەکی جیددی ڕوو بدات. لێرەدایە کە بەردەوامیی دەسەڵات لەسەر شێوازی هەڵسوکەوتی خۆی بە شێوەی ڕابردوو، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵک و کۆمەڵگە بێدەنگ نەبن و ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان دەچنە قۆناغێکی توندوتۆڵترەوە، تا جێگایەک کە دەتوانن لە قاڵبی بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەریدا، شۆڕشێک بخوڵقێنن.

لەڕاستیدا گرینگی‌نەدانی دەسەڵاتی حاکم بە داخوازییەکانی کۆمەڵگە و هەوڵنەدان بۆ چارەسەری پرسە سەرەکی و گرینگەکانی کۆمەڵگە، ئەو کۆمەڵگەیە ناچار بەوە دەکات کە هەڵوێست بنوێنێ، کەوایە کاتالیزۆری سەرەکی لە سەرهەڵدانی شۆڕشدا، کردەوەی خودی دەسەڵاتەکەیە.

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕەنگە ستەم بە چەشنێکی جیاواز خۆی بنوێنێت، ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکدا ستەم بەرانبەر بە توێژێک یان گرووپێکی ئایینی، ئێتنیکی، فەرهەنگی یان تەنانەت ڕەگەزی لە گرووپ یان توێژێکی دیکە زیاتر بێت هەربۆیە کاردانەوەی ئەو گرووپانەش بەرانبەر بە دەسەڵات و ڕۆڵیان لە شۆڕش و ناڕەزایەتییەکاندا دەتوانێ جیاوازیی بنەڕەتیشی هەبێ. ئەگەر بەم پێشەکییەوە بێینەوە سەر ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران و کوردستان، کۆمەڵێک جیاوازی دەبینین.

ژینگەی کوردستان ژینگەیەکی جیاوازە، کوردستان خاکێکی داگیرکراوە و هەر بۆیە پرسی نەتەوەیی لەم جوغرافیایەدا گرینگیی تایبەتی هەیە، هەر ئەم گرینگییە وای کردووە کە ڕووناکبیری و تێگەیشتنی خەڵک لە پرسەکان قووڵتر بێت و لە ڕاستیدا ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان ببینن و لە هەمان کاتیشدا کاردانەوەیان جیاواز بێت، لەلایەکی تریشەوە وای کردووە کە هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر بەم جوغرافیایە هەمیشە جیاواز بێت. کەوایە ستەمێک کە دەسەڵات بەرانبەر بە کۆمەڵگە بەگشتی دەینوێنێ، لە کوردستاندا زۆر جیاوازتر و ڕادیکاڵترە هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوەی کوردستانیش زۆر جیاوازتر لە باقی جوغرافیاکە دەبێ.

ئەگەر لە شارەکانی ئێراندا، کێشەی سەرەکیی خەڵک ئابووری و حیجابی ئیجبارییە، هەمان کێشە لە کوردستاندا بە هۆی ئەو پێشینەی سیاسییەوە کە هەیە، زۆر ڕادیکاڵترە تا ئاستێک کە دەبێتە هۆی دواکەوتوویی ئابووریی کوردستان یان هۆی کوژرانی کچێک لە پێتەختی ئێراندا! بەم حاڵەوە، شۆڕشی ژینا کە ناڕەزایەتییەکی بەرین بە دۆخی هەنووکەیی لە ئێران و بەرانبەر بە دەسەڵاتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، دەبێ چی بە دوای خۆیدا بێنێ؟ یان دەبێ بە چی بگا؟

نکۆڵی لەوە ناکرێ کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، ناڕەزایەتی لە ساڵانی ڕابردووشدا هەبووە، بەڵام لانیکەم لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەتوانین بڵێین کە ناڕەزایەتییەکان ڕادیکاڵتر بوون، چونکە خەڵک بەتەواوەتی چییەتیی ڕێژیم و خودی مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم وەکوو خامنەییەکان کردبووە ئامانج، لەلایەکی تریشەوە گشتگیرتر بوون چونکە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیان هێنایە سەر خەت. بەم پێیە تێ‌دەگەین کە دەسەڵات لەم جوغرافیایەدا، ئەگەر نەڵێین سەداسەد وەکوو یەک، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر بەرانبەر بە هەموو خەڵک ستەمی نواندووە، جا لە کوردستان بەهۆی ڕوانینی سیاسییەوە یان لە بەلووچستان بە هۆی جیاوازیی مەزهەبییەوە، ئەم ستەمە زیاتر و هاوکات سەرکوتکارییەکانیش بەربڵاوتر بووە.

پرسی ژنان و هەڵاواردنەکان، پرسی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان، پرسی کرێکاران، لاوان، خوێندکاران، مامۆستایان، ئێتنیکە جیاوازەکان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەم پەرواێز خراوە و هەم بەرەوڕووی سەرکوتکاری بووەتەوە، کەوایە لە شۆڕشی ژینادا، هەموویان پێکەوە، هاتنە سەر شەقام تاکوو لە بەرانبەر ئەم ستەمەدا بوەستنەوە.

شۆڕشی ژینا، هاواری پەنگخواردووی هەموو ئەو گرووپانە بوو کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، بۆیە توانیی گشتگیرتر لە هەموو ناڕەزایەتییەکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، تەواویەتی ڕێژیم بکاتە ئامانج و ترسی ڕووخان بخاتە دڵی دەسەڵات و سەردەمدارانی ڕێژیمەوە.

ئەوەی کە لە شۆڕشی ژینادا بەرچاو بوو، هاتنە مەیدانی ژنان بوو. کەوایە شۆڕشی ژینا ئەگەر وای دابنێین لەم قۆناغەشدا بە ئاکامی دڵخوازی ئێمە نەگات و شۆڕشەکە بنیشێتەوە، بێگومان هەر دەبێ بەنیسبەت پرسەکانی ژنان گۆڕانکاریی بەرچاو بێتە ئاراوە. ژنان ڕۆڵێکی کارایان لەم شۆڕشەدا هەبووە، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە ژنان لە ماڵەوە دەمانەوە و تەنانەت بەشداری لە شۆڕشی جەماوەری و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە ئەرکێکی پیاوانە دەژمێردرا، لەم قۆناغەدا ژنان نیشانیان دا کە تێگەیشتن و ئاوەزمەندیی ئەوان بەنیسبەت پرسەکان لە ئاستێکی باڵادایە و ئەوانیش بە مافی خۆیان دەزانن کە لە سەرخستنی هەر چەشنە شۆڕش و تێکۆشانێکدا هاوهەنگاوی کۆمەڵگە بن.

ئەگەر شۆڕشی ژینا وەکوو ئەزموونێک ببینین، دەردەکەوێ کە ژنان دەتوانن لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ڕۆڵی کارا بگێڕن هەروا کە بەشداریی ژنانی پێشەنگ لە بزووتنەوەی کوردستاندا لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەمەی سەلماندووە، بەڵام بەداخەوە بە هۆکارگەلی جیاواز کە ژێردەستەبوون گرینگترینیانە، ژنان لە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان و مافی سروشتیی خۆیان کە بەشداریی چالاکانە لە پرسەکانی کۆمەڵگەیە دوور کەوتنەوە.

ژنان لەم شۆڕشەدا ڕۆڵێکی ئەرێنیان هەبوو، هەر بۆیە دەبێ دۆخیشیان گۆڕانی ئەرێنیی بەسەردا بێت، ئەم شۆڕشە، ئاکامەکەی هەر شتێک بێت دەبێ پێش هەموو شتێک گۆڕان لە دۆخی ژنان بێنێتە ئاراوە و ژنان بتوانن خاوەنی ئازادییەکانی خۆیان بن و لە ئاستێکی باڵاتریشدا بتوانن لە بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا، ڕۆڵ و پێگەی دیار و بەرچاو و کارایان هەبێ. کەوایە شۆڕشی ژینا دەبێ وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریی ژناندا چاوی لێ بکرێ و هەوڵەکان ئەوە بن کە سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپەکان دەرفەتی زیاتر و مەیدانی بەربڵاوتر بە ژنان بدرێ، بەڵام گرینگتر ئەوەیە کە خودی ژنان لەم پێناوەدا بتوانن هەنگاوی گەورەتر هەڵ بگرن و لە پێگەیاندنی خۆیان و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە پێگەی ڕاستەقینەیان بەردەوام بن.