کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرگیری لەنێوان کەسانی چەکدار و هێزەکانی کەلانتەری ١٦ی زاهیدان دوو کوژراوی لێکەوتەوە

18:00 - 17 پووشپەڕ 2723

لە هێرشێکی چەکدارانەی کەسانی نەناسراو بۆ سەر بنکەی کەڵانتەری ١٦ی زاهیدان و هاتنەئارای دەرگیری لەنێوانیاندا،  دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لەو بنکەیە کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، چەند کەسی چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەی کەڵانتەری ١٦ی زاهیدان و لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لەو بنکەیە تووشی دەرگیری بوون، ئەم تێکهەڵچوونە دوای چەند کاتژمێر و کوژرانی دوو کەس لە هێزکانی پۆلیس کۆتایی پێهات.
هەواڵدەرییەکانی  ''ئیسنا و تەسنیم'' سەر بە ڕێژیم بڵاویان کردەووه که دوو کەسی تەیار بە"پشتێنی خۆکوژی" هەوڵی تەقینەوەیان داوه. بەڵام جێگری ئەمنییەتی پارێزگای سیستان و بەلووچستان وتوویەتی کە ئەو کەسانە لە نارنجۆک کەڵکیان وەرگرتووە و پشتێنی خۆکوژیان پێی نەبووە.
ماڵپەڕی ''حاڵ وەش'' کە ڕووداوەکانی سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، باسی لەوە کردووە کە هێرشبەران بنکەی کەڵانتەریان گرتبووە دەست خۆیان و لە بەرامبەر هێزەکانی ڕێژیم بەرگرییان دەکرد.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕێژیم لەوانە هێزەکانی سپای پاسداران بە جلی مەدەنی، هێزەکانی تایبەت و هێزەکانی ئینتزامی لە ئاستی شاردا بڵاوەیان پێ کرابوو و هاتوچۆی خەڵکیان چاوەدێریی دەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ''ڕێسانەک'' ژمارەیەک لە خەڵکی بەلووچستان دەسبەسەر کراون، کە هەتا ئێستا لە شوناس و ژمارەی ئەو کەسانە زانییارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەو پێوەندییەدا مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی هەینی زاهیدان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای  هێوربوونەوەی دۆخەکەی کرد و وتی: ''ئەگەرچی هەتا ئێستا ئەو ڕووداوە بۆ من ڕوون نەبووەتەوە کە چ کەسانێک یان گرووپێک بوونە، بەڵام سەبارەت بە هەرچەشنە توندوتیژی و هێرشی چەکدارانە و هەر کردەوەیەکی تێکدەرانە بێزاری دەردەبڕم''
جێگەی ئەم کەلانتەریە لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووش، شوێنی تێکهەڵچوونی خۆپیشاندەران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوو، دوای نوێژی هەینی کە بە ''هەینی خوێناوی زاهیدان'' ناسراوە، خۆپیشاندەران بەرەو بنکەی کەلانتەری ١٦، وەرێ کەوتبوون کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لێ کرا و ١٠٠ کەس کوژران  کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.