کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شاری سەردەشت

10:33 - 18 پووشپەڕ 2723

حاجی حەسەن کەریمی واحید، کەسایەتیی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و خێرخوازی خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا،  "حاجی حەسەنی واحیدی" ناسراو بە باوکی هەژاران، کەسایەتیی خێرخواز، خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری سەردەشت پاش تەمەنێک ژیانی سەربەرزانە و پڕ لە شانازی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

حاجی حەسەنی واحیدی لەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرانە بوو کە زۆربەی زۆری تەمەنی بۆ کاری خێرخوازی و دروستکردنی قوتابخانە و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شار و گوندەکان و هەروەها پشتیوانی لە خەڵکی هەژار و لێقەوماو تەرخان کردبوو و هاوکات لە پەرەپێدان بە بواری وەرزشی و کلتووری، پشتیوانی لاوانی شاری سەردەشت بوو.

هەروەها ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد پێوەندی نەپساوەی هەبووە و هاوکار و پشتیوانی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی حەسەنەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.