کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی حەشارگەی مووشەکیی سپای پاسداران لە کوردستان

11:56 - 18 پووشپەڕ 2723

ئیسرائیل حەشارگە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کرماشانی ئاشکرا کردووە.

چەند ڕۆژ پێش، ناوەندی توێژینەوەی "ئەلما"ی ئیسرائیل، لە پێگەی تویتێری خۆی، ڤیدیۆیەکی پێوەندیدار بە بنکە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە کە حەشارگەی مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دەدا.

لە ڤیدیۆکەی ناوەندی توێژینەوەی "ئەلما"دا هەندێک حەشارگەی مووشەکی دەردەکەوێت کە بە دووریی ١٥٠ کیلۆمیتر دەکەوێتە ژێر زنجیرەچیای زاگرۆسەوە.

لەو دیمەنەدا ناوەندەکە ئاشکرای کردووە کە ئێران لانیکەم ٦١ حەشارگەی لە بنکەی کنەشت و ٨٠ حەشارگەی لە بنکەی پێنج پلە درووست کردووە.

بنکە مووشەکییەکانی تانگەی کنەشت و پێنج پلە لە گرنگترین شوێنەکانی مووشەکی بالیستیکی سپای پاسدارانن و بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەلما، لە ٨ی ژانویەی ٢٠٢٠دا لەو دوو بنکەیەوە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجام درا.