کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی بەرینی تەبلیغیی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆری ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

12:18 - 18 پووشپەڕ 2723

 لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ،٣٤ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەدەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سەرتاسەری کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی ڕێبەری شەهید و هەموو شەهیدانی حیزب و گەل نوێ کردەوە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژە و نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە و حیزبی، کوردستانیان بە ناوی قاسملوو ڕازاندەوە و بەڵێنیان لەگەڵ ڕێبازەکەی نوێ کردەوە.

لەو پێوەندییەدا کچ و کوڕانی ناوچەی لەیلاخی سەر بە سنەی هەمیشە دێموکرات بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری شەهیدمان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شاری دێولان و گوندەکانی دەوروبەری بۆ جارێکی دیکە سەلماندیان کە بە تێرۆر و لە سێدارەدانی ڕێبەرانمان نەک هەر ناتوانن چرۆی ئازادی لە ناخماندا وشک بکەن بەڵکوو زیاتر و شێلگیرتر دەبین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و هەتا دێت ڕێبوارانی ئەو ڕێگا پیرۆزە ڕوو لە زیادبوونن.

لە لایەکی دیکەوە ئەندامان و لایەنگرانی بەئەمەگی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکانی خۆڕاگر و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە لە گەڕەکەکانی  پردی هەوایی، مزگەوتی ئوشتەپە، مزگەوتی گردی قەبران و گوندەکانی ناچیت و ئەنباری خوارێ بە شێوەیەکی گونجاو بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەر و نووسینی دروشمی دژی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و بەڵێن بە خوێنی شەهیدانی کوردستان بە تایبەت شەهیدی سەرکردە، دوکتور قاسملووی هەمیشە زیندوو، ئەرکی حیزبی و نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ کرد.

هەروەها لایەنگران و ئەندامانی چاونەترسی دێموکرات و خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری دوژمنبەزێنی پیرانشار، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە گەڕەکەکانی کۆنەخانێ، محەممەدی هەوراز، شەقامی مام خەلیل، سەیداوە و شەقامی پیران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و شاریان کردە تابلۆیەک لە وێنەی ڕێبەری شەهید و دروشمی دژ بە دیکتاتور و تێرۆریستی ئاخوندی.

چالاکان و دڵسۆزانی نیشتمان و قوتابییانی قوتابخانەی دێموکرات لە شاری سەربەرزی نەغەدە و گوندەکانی دەوروبەری بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات و وێنە و تراکتی ڕێبەری مەزن( دوکتور قاسملوو) و نووسینی دروشمی دژ بە خامنەیی و سپای تێرۆریستیی پاسداران گوشار و پیلان و زەختەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردەوە و هێزە سەرکوتکەرەکانیان تووشی شۆک کرد.

 لەلایەن ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وێڕای سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هەموو تێکۆشەران، ئەندام و لایەنگران و خەڵکی بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەری کوردستان، دەستی ماندووبوونیان دەگوشین و هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنی زیاتریان لە ئەرک و چالاکییەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.