کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڵپەی دەروون

16:08 - 18 پووشپەڕ 2723

گەلاوێژ مێهفەر

هۆ یاران، ئەی پۆلی باز و هەڵۆیان، دڵم دەكوڵێ و چاوم كەیلی سرووشكی خوێنینە. سرووش هەواڵێكی ڕەشی هێنا، دوو گوڵاڵە سوورەی گەش سەریان دەرهێنا.

لە شەوقی ئاڵ و گەشتان بیناییم تاریک و دڵ هێند پەستە لە پەستیدا چەشنی گڕكان هەناوی كردمە خۆڵەمێش.

پەستم كە نە دەتوانم وەک ئێوە لە شەقەی باڵ بدەم بەرەو تەشقی ئاسمان و نە وەک ئێوە دەتوانم سەر لە خاک دەربێنمەوە و ببمە ڕازاوەترین گوڵی مێرگ و زار.

نا مەڕۆن! نا، نا مەڕۆن!

لێتان زویر دەبم و دەڕەنجێم !

ئاخر ئێوە چۆن لە گەرمەی گۆڤەندی شۆڕشی ژینادا دەستمان بەردەدەن؟ چۆن لەنێو ئەو هەمووە باخی گێلاسەدا پەنجەی پەلاپیتكەتان هەنار دەگرێ؟

دە بڵێن پێم بۆ وا زوو رۆیشتن یەک لە دوای یەک؟

خۆزگە دوا هەناسەکانتان لە ناو ماشێنێکدابا، مەست ببا بە ئاوازی هاتەوە تەیرەكەی گەرمێنێ، نەوەک سڕینەوەی جواناوی ناوچاوانتان بە دەست ڕێویەکی گڕوێی سەرلێشێواو با! ئەی لاوە ناسکەکانی نیشتمانم! دەبا مەرگتان لەنێو شەپۆلە شێتەکانی باهۆزی چیا با، بەڵکوو نەسیمێكی كوێستانی قەندیل بۆنی ئێوەی بۆ دایە بردبا. خۆزگە مەرگتان بە دیار گرم و هۆڕی هەرەسێكی لاڵ و كەڕدابا، نەوەک بەدەستی خۆركەیەكی هاوخوێن و هاوزمان!

پارتیزانانی من، ئێوە کە ئوقیانوسی ئارامیتان لە دوژمن شلەقاند، دە پێم بڵێ پێ، بۆ کوێ رۆیشتن؟

لێمان ون بوون! بڵێ بزانم بیری بازەكانی کۆساڵان و جوامێرەكانی قەرەسەقەلتان كردبوو؟ یان لەتاوی وانەبێژەکەی ڕاسان و لە حەسرەتی ماندێلای کوردان و بزە سەوزەکانی هورمزی بوو؟

بۆ کوێ دەڕۆی ئەی جەنگاوەر! بگرە هانێ تفەنگەکەت، هانێ بوخچەی خەمی نیشتمانەكەت و چەند فیشەک و لەتێک نان.

كە چوویەوە باوكێكی پیری ڕەنجدەر دەبینی، گۆچانێكی لە كۆمارەوە هەڵگرتووە و بە دیاری دەتداتێ. دایكێكی هەناسەساردی جەرگسووتاو بەدواتدا بانگت لێدەكا و جامانەی كوڕە زیندانییە لەسێدارەدراوەكەیت لەمل دەهاڵێنێ و دەڵێ ئامانەتی خوای كوردان بی. كیژێكی ڕەشپۆشت دێتە پێش و جووتێک دۆڵاغی بەدەستچنراوت بۆ لە كۆڵەپشتیەكەت داوێ و دەڵێ بۆ كاكم چنیبوو بەڵام دوای شەهیدبوونی هەر تۆ شک دەبەم بە شایانی ئەو یادگارییە.

لەولاتری خۆتەوە منداڵێک بە پڕتاو دێتە لات و دەڵێ دەزانی هەمیشە دایكم كولێرەی بۆ ئێوە چادەكرد و لەگەڵ پێخۆر بۆی دەپێچانەوە، بەس بەبرینداری پێش ئەوەی شەهید بێ گوتی پێیان بڵێ ئەگەر هاتن با بەلای مەزارەكەمدا بێن و گوڵی سوور و واڵا بچنن و لەیەخەی منداڵانی بێنازی بدەن!

ئاخر كاكی من، ئەی شۆڕەسوار! ئێوە هێشتا زۆر كەس مابوو بیانبینن و بیانلاوێنن! هێشتا بەڵێنی زۆرتان مابوو بیبەنە سەر! دە بڵێن دەی! دە پێم بڵێن بۆ کوێ وا زوو پەلەتان کرد؟ ئاخر لەو دنیای دیكە کوردستانێکی دیكە هەیە بۆی بجەنگن، وا یەک لەدوای یەک دەڕۆن؟!

بەسە پووشپەڕی ڕووزەرد بەسە!چیتر گوڵەگەنمەکانی من مەدە بە کوللە و ژەنگ! من خۆم ڕاساوی بەهارێکم، دەبێت خەرمانی من بۆ سەر سفرەی ئازادی بێت. مەرگم ناوێت، ئەگەر ون بووم هەمدیسان دێمەوە و لە گۆڤەندی رزگاریدا لەگەڵ گزینگی بەیاندا لەسەر سنوور دەڕوێمەوە!

من پێشمەرگەم، پارێزەری خاک و تۆڵەئەستێنی خوێنی بە ناحەق ڕژاوم.

من پێشمەرگەم، پێشمەرگە!