کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد

17:35 - 18 پووشپەڕ 2723

کاوە کامکار، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی شاری نۆدشە و کوڕی شەهید تۆفیق ناسراو بە ''تۆفیقە ڕەش''، ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تەمەنی ٤٣ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی جێژنیکان لە نزیک شاری هەولێر بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

کاک کاوە لە بنەماڵەیەکی ناسراو و نیشتمانپەروەری ناوچەی هەورامان لەدایک بووە؛ لە تەمەنی هەرزەکاریدا ڕووی لە ڕیزکانی حیزبی دێموکرات کردووە و وەکوو بەشداربووی دەورەی ٢٠٧، دەورەی پێشمەرگایەتیی لە فێرگەی حیزبی دێموکرات، بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە.

ناوبراو بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ پێشمەرگە بووە و دواتر وەکوو ئەندامی حیزب لە باشووری کوردستان درێژەی بە تێکۆشان و ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی داوە.

شەهید تۆفیق کامکار، باوکی کاک کاوە، فەرماندەری لکێکی هێزی شاهۆ لە ناوچەی نۆدشە بووە کە پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە تونێلی دووئاو لە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید بووە و لە نۆدشە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی گیانلەدەستدانی کاک کاوە کامکار، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی هەورامان و شاری نۆدشە دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.