کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی و پەرەسەندنی چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ لە کوردستان

10:55 - 19 پووشپەڕ 2723

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆری ڕێبەری لێهاتوو و پێشەنگی گەلەکەمان دوکتور قاسملوو و هاوڕییانی بە دەستی ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد، بۆکان، شارەدێی نێ و گوندەکانی دەورووبەریان، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە بەرەبەری ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕ، ڕۆژی تیرۆری ڕێبەر و پێشەنگی هەرمانی کورد و حیزبی دێموکرات، دوکتور قاسملووی زانا و بلیمەت و لە درێژەی کار و چالاکییەکانی لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات، سەرەڕای پەلەقاژەی زۆری ژوورە فکرییەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم، ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرینتر و بەربڵاوتر لە جاران کۆماری پەت و سێدارەی تیرۆریست شەرمەزار کرا و بەڵێن و پەیمانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێگا و ڕێبازی ئەو شەهیدە ڕێبەرە و هەموو شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی تازەی حیزب و گەلەکەمان شەهیدان ''لوقمان ئاجی و شەهید عادڵ موهاجیر) تازە و پتەوتر کرایەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە شاری ورمێ و شار و گوندەکانی دەوروبەری ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات خەیاڵی دوژمنیان بەتاڵ کرد و سەرەڕای زەخت و گوشارەکان و چاوەدێریی چڕی ناوەندە سیخوڕی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو شار و ناوچە و گوندەکانی "وڕمێ"یان بە تراکت و وێنەی ڕێبەری شەهید و دروشمی شۆڕشگێڕیی ڕازاندەوە.

ئەو ناوچە و شوێنانەی ورمێ کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە:

ناو شاری ورمێ گەڕەکەکانی، میراوا، شارەک وەلیعەسر، قەرەقاچ، شارەک زانکۆ، فەلەکەی ئاویاریی، ئاهەندووست، ناوچەی دیزەج و مەرگەوەڕ سۆما و برادۆست و گەلی قاسملوو و بۆراندێز لە ئاواییەکانی، مەحموودئاوا، کاروانسەرا، قەرار، دیدان، خوڕەماوا، باراندووز، ساعەتلوو، هێسووکەندی، وەرمەزیار، جەعفەریان، گەزەنگەش، سیدەک، بەزمیتوا، سدێق ئاوا، مزگەوتی دیزەج و بنکەی بەسیجی دیزەج.

هەروەها لایەنگران و دڵسۆزانی چاونەترسی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەحاڵ و شاروێرانی مەهاباد بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی وێنەی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو لە کۆڵان و ماڵی ئاواییەکانی قومقەڵا، بەردەمێش، بۆزە، ڕێگای نێوان بەردەمێش و بۆزە، خاتوونباخ، ڕێگای نێوان خاتوونباخ و عەبدوڵائاباد، عەبدوڵائاباد، ڕێگای خاتوونباخ بۆ مەهاباد، ڕێگای نێوان گوێکتەپە بۆ مەهاباد، ئاوایی کەپەکەند، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون کە بە تێرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەرانمان نەک هەر خەڵکی کورد بە چۆکدا نایە بەڵکوو بە ئیمان و باوەڕێکی پتەوترەوە دێتە مەیدانی خەبات و تێکۆشان.

هەر لە ناوچەی مەحاڵ و شاروێران یادی دوو شەهیدی تازەی حیزب و گەل شەهیدان، عادڵ موهاجیر و لوقمان گەرگوولی کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە لایەنگران و ئەندامانی بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەری دێموکرات لە شاری بۆکان و گوند و ناوچەکانی، تورجان، ئاوایی بوغدەکەندی، ناوچەی پیرمحەممەد، ئاوایی شێخلەر، حوسێن ئاوا، ئاوایی ئینگیجە، بەربڵاوتر لە ساڵانی پێشوو بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و تراکت، وێنە و دروشمی تایبەت بە ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕ یادی ئەو ڕۆژە تاڵەیان کردەوە و پەیامێکیان بە دۆست و دوژمن ڕاگەیاند کە قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە و حیزبی دێموکرات ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم وڵاتە جێگای دوژمن ناکاتەوە.

هەر لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ۲۲ی پووشپەڕ، ئەندام و لایەنگرانی تا سەر ئێسقان دێموکراتی شارەدێی "نێ"ی مەریوان، هەموو کۆڵان و ماڵ و دووکان و بازاڕ و داروبەردی ئەو شارەدێیەیان بە وێنە و تراکتی قاسملووی ڕێبەر و دروشمی تایبەت بەو ڕۆژە ڕازاندەوە و بەم شێوەیە پەیمانی وەفاداری و درێژەدانی ڕێگای قاسملوویان نوێ کردەوە.