کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی تایبەت بە ۲۲ی پووشپەڕ لە کوردستان

11:03 - 19 پووشپەڕ 2723

لە بەرەبەرەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، هێزەکانی ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی پێشگرتن لە چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ڕاگەیەندنی حیزبی دێموکرات، چەند ڕۆژێکە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم و بە تایبەت هێزە ئیتلاعاتی و سیخووڕییەکان و چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسداران  بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی پێشگرتن لە چالاکییە تەبلیغییەکان و لە داوخستنی ئەندامانی حیزب لە کوردستان دەدەن.

دەستوپێوەندیەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی جێگیربوون لە دەوروپشتی ئاواییەکان، دانانی بازگەی پشکنین لە نێوان ڕێگەی شارەکان، چاوەدێریی بنەماڵەی شەهیدان و کەسانی نیشتمانپەروەر، کۆنترۆڵی پێوەندیی تەلەفونیی کەسانی جێگای گومانی خۆیان، دەسبەسەرکردنی خەڵک، هەڕەشەکردن لە چالاکوانانی مەدەنی و بانگکردنی خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی بۆ ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان، زەخت و گوشارەکانیان لەسەر خەڵک زیاد کردووە و کەشێکی تەواو ئەمنییەتی و میلیتاریستی بەسەر شار و دێهاتەکاندا سەپێندراوە.

جێگای ئاماژەیە سەرەڕای ئەو هەموو زەخت و پیلانەی دوژمن، ئەمساڵ بەرینتر و بەربڵاوتر و بەگوڕتر لە ساڵانی پێشوو چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ۲۲ی پووشپەڕەوە  بەڕێوە چووە و دەچێت.