کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی هەمەلایەنەی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستان

13:02 - 19 پووشپەڕ 2723

 ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێ زۆرترین تواناکانی خۆی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی نوێ لە کوردستان تەرخان دەکات

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا بە بۆنەی ٣٤ ساڵەی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، وێڕای شوێندانەریی بیروئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو لەسەر شۆڕشی ژینا و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ویست و داخوازییەکانی خەڵک لە سەر شەقامەکانی کوردستان، لە پۆلێنبەندیی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتدا، تەرخانکردنی زۆرترین تواناکانی حیزب بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی نوێ لە کۆمەڵگەی کوردستان و سەرانسەری ئێران وەک ئەرکی سەرەکیی ناو دەبات.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات  بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پشتیوانییە لە شۆڕشی نوێی کۆمەڵگەی کوردستان کە بە "وەئەستۆگرتنی ئەرکێکی قورس و پیرۆز" ناوی لێدەبا، پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوکاریی هێز و ڕێکخراوەکانی کوردستان و، تێکۆشان بە ئامانجی پێکهێنانی بەدیلێکی دێموکراتیک و فرەنەتەوە بۆ قۆناخی دوای کۆماری ئیسلامی بە پێویست دەزانێت.