کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لەسەر پرسی کورد (لایەنە ئەرێنی و نەرینییەکانی پەیماننامەی سێڤەر هەتا لۆزان )

16:18 - 19 پووشپەڕ 2723

 مستەفا مەولوودی
 
 
ئا. لایەنە ئەرێنییەکانی پەیماننامەی سێڤەر
١- دۆکیۆمێنتێکی ڕەسمییە کە باسی پرسی ڕەوای گەلی کورد دەکا.
٢- بۆ یەکەم جار ڕێگە بە نوێنەری کورد دراوە بەشداری کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بکات (لە کۆنگرەی پاریس) کە بۆ پەیماننامەی سێڤەر بۆتە ڕێخۆشکەر لە ساڵی ١٩١٩ زایینیدا.
٣- هەرچەند بە ناتەواوی بەڵام بۆ یەکەمجار بە جۆرێک لە جۆرەکان سنووری کوردستانی دیاری کردووە.
٤- بەپێی بەندی ٦٤ ڕێگە بە کورد درا کە پەیوەندی بە کۆمەڵەی گەلانەوە (عصبە الامم ) بگرێ کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەو سەردەم بوو.
٥- بوو بە هۆی پێوەندی نەتەوایەتی و نیشتمانیی هەموو پارچەکانی کوردستان.
٦- هێندێک ڕێکاری تێدابوو کە ناوچەی مووسڵیش بخرێتەوە سەر کوردستان.
 
 
ب. لایەنە نەرێنییەکانی پەیماننامەی سێڤەر
١- پەیماننامەی سێڤەر کوردستانی دابەش کردووە. بەشێک لەنێو سنووری تورکیە بە کۆمەڵێک کێشەی قەبە و گەورە، بەشێك بۆ عێراق داندراوە و بەشێکیش بۆ سووریە. هەر ئەوە وای کردوە بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی ئیمزا بکەن بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە کوردستاندا.
٢- پەیمانەکە لە بنەڕەتدا لەتکردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی بووە بە کوردستانیشەوە.
٣- پەیماننامەکە کاتی ئەوەی دیاری کردووە کە بەپێی مادەی ٦٢ شەش مانگ بۆ ئامادەکردنی گەڵالەی چارەنووسی گەلی کورد لە تورکیەی عوسمانی و ساڵێک بۆ ئەوەی کورد بەپێی مادەی ٦٤ داوای سەربەخۆیی خۆی بداتە کۆمەڵەی گەلان، بەڵام ئەوە ڕێگەی خۆش کردوە بۆ تورکەکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ خراپ کەڵکوەرگرتن لەو کاتانەدا. 
٤- پەیماننامەکە بڕیاری کۆتایی لە دیاریکردنی مافی چارەنووسی کوردی لە کوردان ئەستاندووە و بە کۆمەڵەی گەلانی سپاردووە.
٥- پەیماننامەکە چارەسەری کێشەی کوردی تا ڕادەیەک بەستۆتەوە بە چارەسەری کێشەی ئەرمەن. بەڵام ئەوەی بۆ ئەرمەنییەکان کردووە، بۆ کوردیان نەکردوە. هەر ئەوەش وای کردووە کەماڵ ئەتاتورک لە کۆنگرەی "سیواس"‌دا بڵێ حکوومەتەکەی دان بە پەیماننامەی سێڤەر دانانێ. 
 
کۆنگرەی لۆزان
پاش دەرچوونی پەیمانی سێڤەر تورکەکان بە سەرکردایەتیی کەماڵ ئاتاتورک دەستیان کرد بە دژایەتیی پەیماننامەکە. کەمالیستەکان یەک ڕێگەیان دۆزیوەتەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی پەیماننامەی سێڤەر و ئەوەی پێوەندی بە کوردستان و کوردەوە هەیە، ئەویش ئەوە بوو کە لە کۆنگرەدا کاتێک هاتوونەتە سەر باسی سەربەخۆیی کوردستان کە دەقێک بووە لە پەیمانی سێڤەر؛ بروسکەیەکی ڕاوەرگرتن نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی تورکیە و لە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تورکی، مستەفا کەماڵ ڕووی کردۆتە بەڕواڵەت نوێنەری کوردەکان، ئەوانەی بەڕواڵەت بە نوێنەری کورد دادەنران، واتە ئەوانەی کە بە فەرمانی ئەتاتورک جلوبەرگی کوردییان پۆشیبوو هەتا لە ئەنجوومەن وەک نوێنەری کورد ڕاوبۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
حوسێن عەونی کە بە ڕواڵەت نوێنەری کورد بووە لە ئەرزەرووم، بەڕاشکاوی دەڵێ "ئەم وڵاتە وڵاتی تورک و کوردە، کەسیش بۆی نییە لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات، تەنها دوو نەتەوە نەبێت، ئەوانیش نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکن". نوێنەرێکی تریش لە کوردەکان بە ناوی حەسەن خەیری پشتگیری لە بیرۆکەی جیانەکردنەوەی کوردی لە تورکیە کردووە.
مادەی ٦٢ و ٦٤ لە پەیماننامەی سێڤەر لەباری زەمەنییەوە کاتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی تورکەکان خۆیان بگرنەوە و ستراتیژیی داهاتووی خۆیان لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچەیە دیاری بکەن. مستەفا کەماڵ ئەتاتورک لەو ماوەیەدا دەستی کردووە بە ڕێکخستنی تورکەکان. لە ٩ی سێپتامبری ١٩١٩ ئەتاتورک کۆنگرەی سیواس دەبەستێ. لە کۆنگرەی سیواس‌دا ئەتاتورک کۆمەڵیک بڕیار دەر دەکا. یەکەمین بەندی ئەوە دەبێ کە "نیشتمانی تورکیە یەکە و ناکرێ دابەش بکرێ" لەو کۆنگرەدا مستەفا کەماڵ هەوڵی داوە کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەستامبول بێنێ و خۆی دەسەڵاتی تورکیە بگرێتە دەست. ئاکامی ئەو کارە ئەوە دەبێ لە ئۆکتوبری ١٩١٩ لە کۆنگرەی ئاماسیادا مستەفا کەماڵ بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوت و حکوومەتی ئەستامبووڵ کۆتایی پێ‌هێندرا.
پاش بەستنی کۆنگرەی سیواس، تورکیە لە ساڵی ١٩٢٠ بەیاننامەیەکی بەسەر باڵوێزەکانی بریتانیا، فەڕانسە، ئەمریکا، ئیتالیا، سربێستان، سۆئێد، دانمارک و ئیسپانیادا دابەش کرد و لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی تورکیە دان نانێت بە پەیماننامەی سێڤەردا.
 پاش ئەو بڕیارەی تورکیە، ڕووسیەی سۆڤییەت یەکەم دەوڵەت بوو کە ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ئانکارا (ئەتاتورک) کردووە. نیزیک‌بوونەوەی سۆڤییەت لە ئانکارا پاڵی بە ئینگلیزەکانەوە نا لە پەیماننامەی سێڤەر پاشگەز ببنەوە. بریتانیا لە ٢٠ی فێبریوێری ١٩٢١ لە لەندەن ڕایگەیاند ئامادەیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیماننامەی سیڤەردا بکەن.

وەک پێشتریش باس کرا فەڕانسە داوای چاوپێداخشاندنەوەی بە پەیماننامەکەدا کرد و ئیتالیاش ڕایگەیاند کە ئامادە نییە یەک سەربازیش بۆ جێبەجیکردنی پەیماننامەی سێڤەر بنێرێ. بەو جۆرە بەستێنی پەیمانی لۆزان خۆش بوو. سەرئەنجام لە ٢٤ی ئووتی ساڵی ١٩٢٣ی زایینیدا پەیماننامەی لۆزان مۆر کرا و بە گوێرەی ئەو پەیمانە تورکیە وازی لە مووسڵ هێناوە و دانی بەوە داناوە کە چارەنووسی مووسڵ لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە دیاری بکرێ؛ لە بەرامبەردا بەشی زۆری کوردستان وەبەر تورکیە کەوت. لەو پەیماننامەدا بە هیچ شێوەیەک باسی کورد و مافی نەتەوایەتیی کورد ناکرێ.
 
بە بڕوای زۆر یاساناسی نێودەوڵەتی، پەیماننامەی لۆزان لەبەر چەند هۆیەک نایاساییە:
١- ڕێککەوتننامەی ڤییەن بۆ یاسای ڕێكه‌وتننامه‌كان (1969) لە مادەی ٢ و ٦٠ دا دەڵێ: لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی هەر جۆرە پەیمانێکی نێودەوڵەتی لەلایەن یەکێک لە وڵاتانی هاوپەیمان، لایەنەکانی دیکەی پەیمانەکە ئەو مافەیان هەیە، بە تێکڕا جێبەجێ‌نەکردنی بابەتێکی تایبەت لە پەیمانەکە یان کۆی پەیمانەکە ڕابگرن و ڕایبگەیەنن.
له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی تورکیە لە مادەی ٣٩دا هاتووە: "کەمایەتییەکان لە هەموو مافێکی مەدەنی و سیاسی بەهرەمەند دەبن". ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە ئەم یاسایە نە لە پێوەندی لەگەڵ کوردەکان -کە ئەوە بابەتێکی ترە و دواتر ئاماژەی پێ دەکەین- بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ کەمایەتییەکانی نێو تورکیە بە تایبەت ئەرمەنەکانیش ڕەچاو نەکراوە و کاری پێ نەکراوە. جیا لەوە لە سێ دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیە، بۆ دروست‌کردنی تورکیەی تازە، سیاسەتی دروست‌کردنەوەی تورک (تورکاندن)ـی گرتۆتە بەر و لە ١٥ی ئاوریلی ١٩٢٣ یاسای "سامانە ڕەهاکانی"ی پەسند کردوە. بەو جۆرە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆر لە مڵک و ماڵی ئەرمەنییەکاندا گرت، کە ئەو ڕەفتارەی تورکیە تەواو پێچەوانەی ڕیککەوتننامەی ڤییەن بووە.
٢- بەر لە ساڵی ١٩٢١ وڵاتە زلهێزەکان ئامادە بوون دەسکاریی گونجاوی پەیماننامەی سێڤەر بکەن، بە مەرجێک تورکیە ئامادەیی خۆی پێشان بدا و هەڵوێستێکی نەرم بنوێنی بەرامبەر کارگێڕیی خۆجێیی بۆ کورد و وەک پێویست پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی کورد بکات. لەو پێوەندییەدا کەمالیستەکان ڕایانگەیاند کە کورد گەلێکە مافی یەکسانی هەیە لەگەڵ تورک‌دا. بەڵام هیچ کام لەو بەڵێنیانە جێبەجێ نەکراون و کورد لە هەموو شتێک بێبەش کراوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە مافی نه‌ته‌وه‌كان له‌ به‌شی ١ی له‌ هه‌ر دوو پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافه‌ مەدەنی و سیاسییه‌كان و مافه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌كانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی ١٩٦٦ بەڕوونی ئیشارەی پێ کراوە.
٣- لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ڤییەن بۆ یاسای ڕێكه‌وتننامه‌كان (1969)‌ و لە بەندی ٢٩٥ دا هاتووە: "بۆ ئەوەی پەیماننامە مەشروع و ڕێگە پێدراو بێت، دەبێ ئەو کارەی دەوڵەتان لەسەری ڕێک‌دەکەون کاڕێکی یاسایی بێت و دژی سەرەتا و بنەماکانی ڕەوشتی مرۆڤایەتی نەبێت". هەر لەبەر ئەوە پەیماننامەی لۆزان یاسایی نییە، چونکە پەیماننامەی لۆزان پێچەوانەی بنه‌ماكانی یاسای نێودەوڵەتییە. تەنانەت پێچەوانەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکانیشە کە لە بەندی ٧٣ دا لە بارەی ئەو هەرێمانەی کە ئۆتۆنۆمییان پێ نەدراوە، دەڵێ: "ئەمانەتێکی پیرۆزە لە سەرشانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە گەشە بە حوکمی زاتی ئەو هەرێمانە بدات".
٤- پەیماننامەی لۆزان پێچەوانەی پەیماننامەی پێش خۆیەتی واتە پەیماننامەی سێڤەر، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتیی ته‌واوه‌ و لە کۆمەڵەی نەتەوەکان تۆمار کراوە، ئەوەش پەیماننامەی ڤییەن وەکوو یاسای ڕێککەوتننامەکان ڕێگەی پێ داوە.
٥- پەیماننامەی ڤییەن دەڵێ ئەو پەیماننامانە دروست و یاسایی نین کە پێچەوانەی ڕەوشتی مرۆڤایەتی و گشتی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤن. پەیماننامەی لۆزان پڕیەتی لەو پێشێلکارییانە.
(تێبینی: من لام وایە لە بارەی کۆنگرەی لۆزانەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەک پێویست ناکا، چونکە لە سەرەتاوە پێچەوانەی یاسا بووە.)
٦- ڕێککەوتننامەی ڤییەن دەڵێ "ئەگەر پەیمانێکی تر لە کۆمەڵەی نەتەوەکان‌دا هەبێ، نابێ هیچ ڕێککەوتننامەیەکی تر ببەسترێ پیچەوانەی ڕێککەوتنی پێشوو بێت". بەگوێرەی بەندی ٢٠ لە پەیمانی کۆمەڵەی نەتەوەکان، وڵاتانی جیهان پەیمانیان داوە پابەندی تەواوی ئەوە دەبن. هەروەها لە بەندی ١٠٣ لە بڕوانامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان پەیمانیان تازە کردۆتەوە. هەروەها بەندی ٥٣ لە ڕێککەوتننامەی ڤییەن‌دا لەو بارەوە دەڵێ: "هەموو پەیمانێک بە پووچەڵ دادەنرێت ئەگەر لە ساتی مۆرکردنیدا پێچەوانەی بەندێکی بنچینەیی یاسای نێودەوڵەتی بێ". لە بەندی ٤١ دا لە ڕیککەوتننامەی ڤییەن‌دا هاتووە کە ڕێگە نادرێ بە گۆڕینی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی ئەگەر هاتوو کاری كرده‌ سەر سوودوەرگرتنی لایەنەکانی تر لەسەر مافی ڕەوای خۆیان بەگوێرەی پەیماننامەكه‌.

ئەمە بێجگە لەوەی لە بەندی ٦٠ی هەمان ڕێککەوتننامەدا هاتووە و دەڵێ "نابێ ڕێککەوتننامەکە هەڵبوەشێندرێنەوە و بە شێوەیەک گۆڕانکاری تێدا بکرێ کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی حوکمێک کە به‌ مه‌به‌ستی پارێزگاری‌کردنیلایه‌نێک لە پەیمانەكه‌دا هاتووە". ئەوە لە حاڵێکدایە کە پەیماننامەی لۆزان پێچەوانەی هەموو ئەو بەندانەیە.
٧- لە پەیماننامەی ڤییەن‌دا هاتووە کە نەمانی دەوڵەتێک لە پەیماننامەیەکی دوو قۆڵیدا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە، بەڵام نەمانی دەوڵەتێک لەنێو کۆمەڵێ دەوڵەتی هاوبەشدا لە پەیماننامەیەکدا کار ناکاتە سەر قەوارەی پەیماننامەکە.
٨-پێویستە بوترێ کە لە تورکیەدا هەموو سامانێکی دەوڵەتی قووستەنتەنییە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی تازەی تورکیە و بەو پێوانەیە حکومەتی تورکیە خۆی بە میراتگری هەموو مافێکی دەوڵەتی پێشوو دەزانێ. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، نابێ لە ئیلتزاماتەکانیش خۆ ببوێرێ؛ چونکە بەگوێرەی یاسا، ماف و ئیلتزاماتەکان پێکەوە دەگوازرێنەوە و ناکرێ یەکیان جیبەجێ بکرێ و یەکێکی دیکەیان فەرامۆش بکرێ.
ئەگەر بە وردی سەیری ماددە و بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ڤییەن و پەیماننامەی کۆمەڵەی نەتەوەکان و بڕوانامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین و لەگەڵ پەیماننامەی لۆزان پێکیان بگرین و بەراوردیان بکەین، بە تایبەت لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیماننامەی لۆزان لە لایەن دەوڵەتێک بە یاساییش ئەژمار بکرێ، یاسایی نین؛ تەنانەت من بڕوام وایە ئەگەر هەلومەرج گونجاو بێ بە حوکمی یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کۆنگرەی لۆزان و مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کورد ڕێگەی هەیە داوای مافی سەربەخۆیی خۆی بکات.
لە یەکێک لە بەندەکاندا دەڵێ "هەموو نەتەوەکان مافی خودموختارییان هەیە، بەهۆی ئەو مافەوە ئەوان هەلومەرجی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و گەشەی فەرهەنگیی خۆیان سەربەستانە دیاری دەکەن."
لێرەدا بەڕوونی دیارە کە تورکیە لە تەواوی ئەو مادەیەدا چ پێش پەسندی ئەو پەیمانە و چ دواییش بە بیانووی پەیماننامەی لۆزان، بەئاشکرا پێشێلی کردوە. دیارە لە شیتەڵکردنی پەیماننامەی سێڤەر و بەراوردکردنی لەگەڵ پەیمانی لۆزان، باشتر نایاسایی بوونی پەیمانی لۆزان‌مان بۆ ڕوون دەبێتەوە. دەبینن کە چەند سادە دوای کەمتر لە ٣ ساڵ لە پەیماننامەی سێڤەر، لە کۆنگرەی لۆزاندا بە چ سیناریۆیەک مافی کورد پێشێل دەکرێ و جیا لە کوردەکان کەسیش دەنگی لێ‌نایە. 
دیارە لە بەشێک لە پەیماننامەی لۆزان‌دا هاتووە کە دەبێ مافی کەمایەتییەکان پارێزراو بێ. سەرەڕای بوونی زمانێکی ڕەسمی لە تورکیە بۆ ئەو کەمە نەتەوانەی کە جیا لە زمانی تورکی زمانی دیکەیان هەیە. دەرەتانی ئەوەیان هەبێ لە دادگاکاندا بە دەم و زارەکی لە زمانی خۆیان کەڵک وەربگرن. لێرەدا یەک شتی شاراوەی زۆر تایبەت هەیە. ئەویش ئەوەیە کە به‌ پێی ئه‌وه‌ ده‌قه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ "کەمایەتییە نەتەوەکانی تورکیە جیا لە تورک" بە تایبەت کورد هەموویان تاوانبارن، بۆیە پێداگری دەکرێ کە ئەوان دەتوانن لە دادگاکاندا بە زمان و زاراوەی خۆیان قسە بکەن. هەر وەک ئەوەیە پێویستییەکی زۆر تایبەتی کوردان بێ؛ بۆ دیفاع لە خۆیان لە دادگاکان سوود لە زمانی خۆیان وەربگرن.
 
پێوەندیی یاسایی پەیماننامەی سێڤەر و پەیماننامەی لۆزان
ئەو تێگەیشتنە هەیە کە پەیماننامەی سێڤەر بە پەیماننامەی لۆزان هەڵوەشاوەتەوە (باطل بووە)، بە چەند هۆیەک ئەوە لەگەڵ یاسا یەک ناگرێتەوە:
یەکەم: پەیماننامەیەک هەڵدەوەشێتەوە کە هەڵوەشانەوەکەی ڕابگەیەندرێ، لە کاتێکدا تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی سێڤەر ڕانەگەیەندراوە. ئەو هەڵوەشانەوەش کاتێک یاسایی دەبێت کە هەموو ئەو لایەنانەی ئیمزایان کردوە ڕابگەیەنن و لە پەیماننامەی تازەدا تۆمار بکرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پەیماننامەی لۆزان، پەیماننامەی سێڤەری هەڵوەشاوە (باطل) ڕانەگەیاندوە؛ تەنانەت پەیماننامەی لۆزان هیچ ئیشاڕەیەکی بە پەیماننامەی سێڤەر نەکردووە.
دووهەم: بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لایەنەکانی ڕێکكەوتن ئەو مافەیان هەیە کە گۆڕانکاری (تعدیل)  لە بەندەکانی پەیماننامەی دوایی لە بەندەکانی پەیماننامەی پێشووتردا بکەن و ئەو گۆڕانکارییە لە پەیماننامەی دواییدا بۆ لایەنەکانی خاوەن بڕیار زیاد دەکرێ کە دەبێ جێبەجێی بکەن. ئەو بابەتە لە بەندەکانی ٤٠ و٣٩ی کۆنڤانسیۆنی پەیماننامەی ڤییەن‌دا هاتووە. لە پەیماننامەی ڤییەن‌دا لە بارەی پێوەندیی سیاسی لە بەندی ٤١دا بە ڕاشکاوی هاتووە کە ١٨ وڵات (ئیمپراتۆریی عوسمانی، فەرانسە، ئیتالیا، ژاپۆن، بریتانیا، ئەرمەنستان، بلژیک، یۆنان، مەجارستان، لەهێستان، پورتەقاڵ، ڕۆمانی، یوگوسڵاوی، چێکۆسڵۆڤاکی) پەیماننامەی سێڤەریان ئیمزا کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پەیماننامەی لۆزان تەنیا ٨  وڵات ئیمزایان کردووە. کەواتە مادام ١٠ وڵات پەیماننامەی لۆزان‌یان ئیمزا نەکردووە، بەندەکانی پەیماننامەی سێڤەر باوەڕپێکراون (معتبر) و پەیمانەکە هەڵنەوەشاوەتەوە.

سێهەم: قسە و ڕاوێژ و وتووێژی زۆر لەسەر پەیماننامەی سێڤەر کراوە. هەموو وڵاتەکان پەیماننامەی سێڤەریان پەسند کردوە، ئەوە کە نەهاتۆتە بواری جێبەجێ‌کردن لە ڕوانگەی یاساییەوە بە مانای هەڵوەشانەوەی نییە. 
چوارەم: پەیماننامەی لۆزان، پەیماننامەی سێڤەری هەڵوەشاوە (باطل) ڕانەگەیاندوە. هەرچەندە کۆنگرەی لۆزان توانای ئەو کارەی نەبووە، لەبەر ئەوە پەیماننامەی لۆزان لە نێوەرۆکدا لەگەڵ پەیماننامەی سێڤەر جیاواز بوون. پەیماننامەی سێڤەر لە ئەنجامی کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئەوە لە حاڵێکدایە پەیماننامەی لۆزان ئاکامی شەڕەکانی نێوخۆیی تورکیە لە ساڵێ ١٩١٩ هەتا ساڵی ١٩٢٣ی زایینی بووە.
بێجگە لەوەش لایەنەکانی خاوەن بڕیار و واژۆی پەیمانەکان جیاواز بوون. پەیماننامەی سێڤەر ١٨ وڵات واژۆیان کردوە، بەڵام پەیماننامەی لۆزان ٨ وڵات واژۆیان کردوە.
پێنجەم: سەرەڕای چەند خاڵی پێشووتر، ئامانجی پەیماننامەی سێڤەر و لۆزان تەواو جیاواز بوو. ئامانجی پەیماننامەی سێڤەر هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی بووە بۆ درووست‌کردنی چەند دەوڵەتی تازە، بەڵام ئامانجی پەیماننامەی لۆزان دروستکردنی دەوڵەتی تورکیەی تازە بووە.