کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی یەکگرتنی دوو هاوپەیمانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران

10:33 - 10 گەلاوێژ 2723

دوو هاوپەیمانیی سیاسیی ''شورای دێموکراسیخوازانی ئێران'' و ''هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران'' یەکیان گرت و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند کە لەمەوبەدوا لەژێر ناوی ''هاوپێوەندیی هەمەلایەنە بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران''، درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

لە بەرەبەرەی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و وەڵامدەربوون بە پێویستیی هاوپێوندی و هاوکاریی بەربڵاوی هێز و لایەنەکانی کۆماریخوازی دێموکرات، دوو هاوپەیمانیی سیاسیی ''شورای دێموکراسیخوازانی ئێران'' و ''هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران''، لە دانیشتنێکدا کە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی گەلاویژی ١٤٠٢ی هەتاوی بەڕێوە چوو، یەکیان گرت و لەمەوبەدوا لەژێر ناوی ''هاوپێوەندیی هەمەلایەنە بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران''، درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.

لە دۆخێکدا کە سەرەڕای سەرکوتی توندوتیژانە و دڕندانەی ڕێژیم، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە شێوەی جیاواز لە پانتایی کۆمەڵگەدا بەردەوامە، ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە تێکەڵبوونی ئەو دوو هاوپەیمانییە، هەوڵێکی بەرپرسانە دژی دەسەڵاتی پاوانخواز و جینایەتکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بە هەنگاوێکی کاریگەر لە خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵکانی ئێران دێتە ئەژمار.