کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناونیشانی دروست کامەیە؟

17:11 - 19 گەلاوێژ 2723

ئارمان حوسێنی

ئەو کەسەی لە ئێران ژیابێت یان لەتەک ئێرانییەکاندا پێوەندییەکی بووبێت، دەبێ بەم ڕاستییەی زانیبێت کە ئێران وڵاتێکی فرەڕەنگ و فرەچەشنە. وڵاتێک کە نەتەوە، ئایین، مەزهەب، فیرقە و بیروبڕوای جیاواز و تەنانەت دژبەیەکیشی تێدا. بەڵام پرسە سەرەکییەکە ئەمەیە دوو ڕێژیمی پێشوو (پاڵەوی) و ئێستا (کۆماری ئیسلامی) بەردەوام حاشایان لە بوونی ئەم فرەچەشنییانە کردووە و باسکردن لە پرسی فرەنەتەوە و فرەچەشنی ئێرانیان بە هەوڵێک دژبە ئەمنییەتی خۆیان لێک داوەتەوە.

لەو ماوەیەدا کە سیاسەتی حاشاکردن و لە کۆتاییدا سڕینەوەی فرەچەشنی لەم وڵاتە بەتایبەتی سڕینەوەی فرەنەتەوەیی‌بوون کە لە سەردەمی پاڵەوییەوە تاکوو ئێستا حکوومەتی ناوەندی گرتوویەتە بەر و بەداخەوە کاریگەرییەکی خراپیشی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران داناوە، هەر چەشنە باسێک لەسەر بوونی فرەیی لەم وڵاتە وەکوو پرسێکی ئەمنییەتی لێک دراوەتەوە، بەپەلە سەرکوتیان کردووە و ئیزنیان نەداوە سەر دەر بێنێ. بەداخەوە بەهۆی ئەم تێڕوانین و سیاسەتە دواکەوتوو و پێشێلکەری مافی مرۆڤەوە، تا ڕادەیەکیش خەڵکی ئێران بە تایبەتی ناوەندنشینانیش کەوتوونەتە ژێر باندۆڕی ئەم سیاسەتە و ئاوەها لە پرسەکە دەڕوانن کە هەر چەشنە باس و مشتومڕێک لەسەر فرەڕەنگ‌بوونی ئێران -ئەڵبەت بەو چەشنەی کە هەیە نە و بەو شێوەی کە لە ناوەندڕا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ- وەکوو هەڕەشە وەردەگیردرێ و لە کۆتاییدا کەشێکیان ڕەخساندووە کە یان دەبێ لە بەرانبەر ئیرادەی تاراندا کۆڵ بدەی، یان بەرەوڕووی تۆمەت‌گەلێک وەکوو تەجزییەتەڵەب، مرۆڤ‌کوژ، دواکەوتوو و ... دەبیتەوە.

بەداخەوە ئەم دەمارە شێرپەنجەییە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتیشی گرتووەتەوە و ئەوانەش کە خۆیان بە ئۆپوزیسیونی ڕێژیم دەزانن و تەنانەت ئۆپوزیسیونی ڕاستەقینەیش تا ڕادەیەک کەوتوونەتە داوی ئەم سیاسەتە و هەر کاتێک باسی فرەچەشن و فرەنەتەوەیی ئێران دێتە گۆڕێ، بەپەلە هەڵوێست دەگرن و لە بەرانبەریدا بەم بیانووە کە دۆخەکە هەڵگری ئەم باسە نییە و لە ئێستادا باش نییە باسی لێوە بکەین، ڕادەوەستن. هۆکاری ئەم خۆدزینەوەش لە ڕاستیدا ڕوونە، ئەوان هەر ئەو تێڕوانینەیان بە نیسبەت نەتەوە، ئایین و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان هەیە کە ڕێژیمی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامی هەیبوو و هەیەتی. بەڵام بەخۆشییەوە لایەنی بەرانبەر واتە نەتەوە زوڵملێکراوەکان، ئازادیخوازانی ئێرانی، ژنان و زۆرێکی تر لە پێکهاتەکانی وڵات بەهۆی خەبات و بەرخۆدانێکی کەموێنە، ئەوڕۆکە باشتر و ڕێکخراوتر لە پێشوو گەشەیان کردووە و لە هەوڵدان بە پێچەوانەی تێڕوانین ناوەند، بە داننان بە فرەڕەنگ‌بوونی ئێران لە دەوری گوتارێکی پێشکەوتوودا کۆ ببنەوە و سەرەڕای ڕێز لە شوناسە جیاوازەکان و هەوڵنەدان بۆ سڕینەوەیان یان تواندنەوەیان لە شوناسێکی گەورەتردا، ببنە ئادرەسێک و ناونیشانێک بۆ هەموو دێموکراسیخوازان، ئازادیخوازان، بەرابەریخوازان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و لە کۆتاییدا بەرەیەکی بەهێزی فرەڕەنگ پێک بێنن کە ڕەنگە جیاوازەکان تێیدا جێگایان بێتەوە.

لەسەر ئەم تێڕوانینە پێشکەوتنخواز و سەردەمیانەیە و لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژینا" (ژن، ژیان، ئازادی)، دوو بەرەی "شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران و یەکگرتوویی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" یەکبوونی خۆیان ڕاگەیاند و لە بەرەیەکی گشتگیرتردا و لە ژێر ناوی "یەکگرتوویی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن. بنەمای ئەم بەرەیە کە خۆی بە "یەکگرتوویی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" ناساندووە، ئەمەیە کە "ئێران وڵاتێکی فرەڕەنگە کە لەوێدا بە شێوەی سیستماتیک ماف و مەوجوودیەتی نەتەوەکان، ئایین و مەزهەبەکان و باقی ڕەنگەکانی تر پێشێل کراوە و ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بەرەیەش خەباتە بۆ بەرابەری هەموو نەتەوە، ئایین، ئایینزا و بیر و بڕوا جیاوازەکانی نێو ئێران لە بەرانبەر یاسادا. یاسایەک کە ڕێز لە هەموو خەڵکی ئێران بەو جۆرەی کە هەن بگرێ و مافی یەکسانیان بۆ دابنێ.

ئەڵبەت بوون بە ناو بەرەگەلێک کە بە دزییەوە ناوی فرەچەشنییان لە ئێراندا دەهێنا، بەڵام فرەچەشنییەک کە لەتەک تێڕوانینی کۆماری ئیسلامیدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو و زۆرتر هەوڵی ئەوە بوو کە نەتەوە و ئایین و بیر و بڕوا جیاواز و پێشکەوتنخوازەکان لە نێو خۆیدا بتوێنێتەوە نەک ڕێزیان لێ‌بگرێ بەو چەشنەی کەهەن و شایانین.

لە ئاکامدا و بەهۆی خەباتی بێ‌پسانەوە و فیداکاری و قوربانیدانێکی زۆر و هەروەها بەرپرسیارێتی لایەنەکان ئەوڕۆکە ناونیشان و ئادرەسێکی ڕوون و ناسنامەدار کە تا ڕادەیەکی زۆر گشتگیرە و دانی بە ڕاستییەکانی ئێران وەکوو فرەنەتەوەبوون و هەروەها بوونی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، دروست بووە. دەتوانین بڵێین کە ئەم بەرەیە وەرزێکی نوێیە لە پێوەندی نێوان ئێرانییەکان بەیەکەوە تاکوو بتوانن لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و بە قبووڵ کردنی بیر و بڕوای جیاواز و هێندێ جاریش دژ بە یەک، بە تێگەیشتنێکی ئەمڕۆژی و ڕاستەقینە لە ئێران و ئێرانیبوون بگەن کە بەو چەشنەی کە لە بنەمای بەرەکەدا هاتووە، هیوابەخشە. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین وەرچەرخانێک لە تێڕوانینی ئێرانییەکان بە نیسبەت ئێران و ئێرانی‌بوون هاتووەتە ئاراوە کە هیوابەخشی داهاتوویەکە جیاواز لەوەی لە سەد ساڵی ڕابردووەوە هەبووە. ئێرانێک کە نیشتمانی هاوبەشی هەموومان و ئێرانی‌بوونێک کە پێک هاتووە لە ناسنامە و شوناسە جیاوازەکانی نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزی و ... .