مستەفا مەولوودی
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ڕێکخراوی نەوتیی "ئۆپێک" (١٩٧٥) کە لە ئەلجەزایر پێک هات، ڕاگەیاندنێکی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی ئێران و عێراق لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و دەستدرێژنەکردن بۆ سنوور و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی یەکتردا، لە چەند مادە و بەندی سەرەکیدا بڵاو کرایەوە. لە ڕێککەوتننامەیەکدا کە پێوەندیی بە سنووری نێوان ئێران و عێراقەوە هەیە، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەدڕەزا پەهلەوی، شای ئێران، هەر یەک لە عەبباسعەلی خەلعەتبەری, وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران و سەعدوون حیمادی وەزیری دەرەوەی عێراقیان ڕاسپاردوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە چوار خاڵی سەرەکیدا لەسەری ڕێککەوتبوون.
هەموو ئەوانەی شارەزای پێوەندیی نێوان حکومەتەکانی ئێران و عێراقن بە تایبەت شارەزای سنووری وشکانیی ئەو دوو وڵاتەن، دەزانن هەموو سنووری ئەو دوو وڵاتە لە وشکانی بە خاکی کوردستاندا کێشراوە کە لە دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ و کاتی ئیمپراتووریی سەفەوی و ئیمپراتووریی عوسمانی لە پەیماننامەی زەهاوەدا دیاری کراوە. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی ئەو سنوورە وەک خۆی ماوەتەوە و گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا نەهاتووە.
پاش دروستبوونی وڵاتی عێراق، چالاکی و بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا زۆر پەرەی ئەستاندبوو و لە هەموو بارێکەوە تەنگی بە حکومەتی عێراق هەڵچنیبوو. لەلایەکی دیکەش بەپێی هەلومەرجی ناوچە و تا ڕادەیەکی سنووردار، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەریی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ حکومەتی ئێران پێوەندی هەبوو. حکوومەتی عێراق بۆ تێکشاندنی ئەو شۆڕشە بەهێزە ئامادە بوو دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ کە سنووری وشکانیی لەگەڵ ئێران هەبوو و هەموو ئەو سنوورە بە نێو کوردستاندا کێشراوە، تەنانەت سنووری ئاویش لە باشوور (شط العرب) قسەی لێ بکات و دەستکاریی بکات. ئەوە بوو لە بەرانبەر هێندێک دەسکەوتی ئەرزی و ئاوی بۆ حکومەتی ئێران شکست بە بزووتنەوەی بەهێز و نەتەوەیی کوردستان بهێندرێ و تووشی نسکۆی بکات و بۆ ماوەیەکی هەرچەند کەمیش بێ ئەو جووڵانەوەیە کپ و بێدەنگ بکرێ.
سنووری نێوان عێراق و ئێران لە وشکانی هەمووی بە ناو کوردستاندا کێشراوە یانی زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمیتر درێژایی ئەو سنوورە کوردستانە و پێشتر باسمان کردووە کە کێشانی سنووری ئەو وڵاتانە بە نێو خاکی کوردستاندا بۆ کورد و کوردستان چ کارەساتێکی بەدواوە بووە.
نێوهرۆكی ڕێكهوتننامهكه
ئەگەر بەوردی لە بەند و مادەکانی ڕێککەوتنی ئەلجەزایر لە ساڵی ١٩٧٥ لەنێوان عێراق و ئێران ورد ببینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو حکومەتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان چ بەڵایەکیان بەسەر نەتەوەی کورد هێناوە. وڵاتیان لە کورد داگیر کردووە، بە هەموو ڕێگایەک تێکۆشان و پیلانیان لەدژی کورد گێڕاوە بۆ ئەوەی کوردەکان نەبنە خاوەن کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. بەو جۆرە دەردەکەوێ بە درێژایی مێژوو هەرچەندی بۆیان کراوە لەسەر خاک و عەرزی خۆی چ خراپەیەکیان دەرحەق بەو نەتەوە ڕەسەنە کردووە. ئەو گەلەیان لەیەکتر دابڕیوە و لەنێو خاک و ماڵ و وڵاتی خۆی سنووریان بۆ کێشاوە. ئەوان هەر بەوەندە ڕانەوەستاون و بە ڕێککەوتن و پەیماننامەی نێودهوڵهتی لە هەموو ئاستێکدا سنوورداریان کردووە و بەربەستیان بۆ دروست کردووە.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر هێندێک مادە و بەندی پەیماننامەی ئەلجەزایری ١٩٧٥ لە نێوان ئێران و عێراق کە ئامانجی ئەسڵیی ئەو ڕێککەوتنە بۆ کپکردنی شۆڕشێکی مەزنی کورد بووە لە باشووری کوردستان.
یەکەم: سنووری دوو وڵاتی عێراق و ئێران هەر لەسەر بناغەی پرۆتۆکۆلی قۆستەنتەنیە (ئەستەمبوڵ) لە ساڵی ١٩١٣ و ڕیزبەندیی کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور لە ساڵی ١٩١٤ بووە. یانی لە ڕاستیدا دەستکارییەکی ئەوتۆی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە نەکراوە. تەنیا لە باشوور، دوڵهتی عێراق چاوپۆشی لە هێندێک سنووری ئاوی خۆی (شط العرب) کردوە، بۆ ئەوەی ئێران هاوکاریی شۆڕشی مەلامستەفا نەکات و تووشی نسکۆ و شکستی بکات، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی و کورتیش بێ.
لە مادەی ١ی پەیماننامەی پێوەندیدار بە سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هاتووە کە هەر دوو لایەن پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە سنووری عەرزیی ئەو دوو وڵاتە جارێکی دیکە نیشانەگوزاری بکرێتەوە. لە مادەی ٢دا هاتووه هەر دوو لایەن بەڵێن دەدەن بەپێی پرۆتۆکۆلی دیاریکراو کە پێوەندی بە تەناهی لە سنوور و پەیوەست بەو پەیماننامەیە بە درێژایی سنوور لەژێر کۆنترۆڵی بەردەوامدا دەبێ بۆ پێشگیری و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە دزەکردنێکی خراپکارانە.
سەیر بکەن لەو مادەیەشدا، نێوەرۆکی مادەکە هەر بۆ کۆنترۆڵ و سنووردارکردن و بەربەست دروستکردنە لە بەرانبەر بزووتنەوەی گەلی کورددا. لەبەر ئەوە ئامانجەکە ئەوەیە بەو ڕێککەوتن و بەڵێننامانە نەتەوەیەک لە یەکتر داببڕن، بەبێ گرینگیدان بە مێژوو، ڕەگەز، کولتوور، فەرهەنگ و تەنانەت پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی سەر سنووری دەستکردی دەوڵەتانی داگیرکەر.
لە مادەی ٥دا هاتووه؛ "ئەو سنوورانە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانیان بەسەردا نەیەت و ڕێزی تەواو لە سەروەریی خاکی دوو دەوڵەت دەگیرێ. دوو لایەن پێداگری دەکەن کە خەتی سنووری وشکانی و ئاوی ئەوان گۆڕانی بەسەردا نایەت و دایمی و یەکلاکەرەوەیە".
کە سەیری ڕووداوەکان دەکەین دەبینین ئامانجی ئەو ڕێککەوتنە لە ساڵی ١٩٧٥ دا تەنیا شکستپێهێنان و نسکۆی شۆڕشی گەورەی کورد بووە لە باشوور بە ڕێبەریی مەلا مستەفا بارزانی. لە دواییدا دەرکەوت کە بە ڕواڵەت ئەو نیگەرانییەی دەوڵەتی عێراق ڕەویوەتەوە. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٨١دا سەدام حوسێن سەرکۆماری ئەوکاتی عێراق پەیماننامەی ئەلجەزائیری دڕاند و یەکلایەنە هەڵیوەشاندوە و هێرشی کردە سەر ئێران. شەڕێکی قورس لەنێوان دوو وڵات دەستی پێ کرد کە هەشت ساڵی خایاند و بە میلیۆن ئینسان لە هەر دووک لا کوژران و بریندار بوون، دەیان شار و گوند لە هەردووک وڵات وێران و خاپوور بوون و بە میلیاردها دۆلار تێچووی ئەو شەڕە بوو کە ئێستاش هیچ لایەک نەیتوانیوە کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە بسڕێتەوە کە دیارە کاریگەریی ڕووحیی ئەو شەڕە بەو زووانە کۆتایی نایەت.
هێندێک لە شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژێئۆپۆلتیک باوەڕیان وایە دروستبوونی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران هۆیەکەی پەیماننامەی سنووری بووە، واته پەیماننامەی ئەلجەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥دا. دهگوترێ ئەوکات حکومەتی عێراق بۆ شکستپێهێنانی بزووتنەوە و شۆڕشی کورد ناچار بووە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بداتە ئێران، بەڵام چاوەڕوانی دەرفەت بووە بۆ هەڵوشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە. هەر کە پاش شۆڕشی ئێران سەددام حوسێن سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق هەستی کردووە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی ئێران لە حکوومەتی عێراق لاوازترە و عێراق کە بەشێک لە خەڵکەکەی شیعەیە و ڕەنگە لە داهاتوودا حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی شیعەکانەوە ژانەسەر بۆ وڵاتی عێراق دروست بکات، هێرشی کردە سەر وڵاتی ئێران. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر لە پەیماننامەی ئەلجەزایر بەڕواڵەت ڕێکاری یاسایی بۆ چارەسەری کێشەکان لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دەستنیشان کراوە، بەڵام چونکە بناغەی ڕێککەوتنەکە بۆ کپکردنی بزووتنەوەی کورد بووە کە بە هەر هۆیەک بێ لەو کاتدا ئەو گرینگییەی بۆ حکوومەتی عێراق نەماوە یان حکوومەتی تازەی ئێران نیگەرانیی زۆرتری بۆ حکومەتی عێراق دروست کردووە و حکوومەتی عێراق بێ گوێدانە پرۆتۆکۆلی ڕێککەوتنەکە، یەکلایەنە پەیمانەکەی هەڵوەشاندۆتەوە و شەڕێکی هەشت ساڵەشی بەو هەموو زیانە مادی و مەعنەوی و ڕوحییەوە لێ کەوتۆتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ جێبەجێکردنی پەیماننامەی ئەلجەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی چەند پرۆتۆکۆل و بەڵگەنامەی پەیوەست (الحاقیە) لە نێوان دوو دەوڵەتدا هەیە کە لەسەری ڕێککەوتوون و کاریان پێ کراوە و زۆربەی زۆریان هەر بۆ کۆنترۆڵی سنوور و سنووردارکردنی بزووتنەوەی کوردستان بوو.
بۆ نموونە دەتوانین پرۆتۆکۆلی پێوەندیدار بە تەناهی لە سنووری عێراق و ئێران شی بکەینەوە. هەرچەند بابەتەکە درێژ دەبێتەوە بەڵام بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری پێویستە لەو پرۆتۆکۆلەدا بە کەڵکوەرگرتن لە پەیماننامەی ٦ مارسی ١٩٧٥ کە لەسەر تەناهی دڵنیایی لە یەکتر وەردەگرن و بەدرێژایی سنووری هاوبەش و کۆنترۆڵ و چاودێری ورد و دەقیق و کاریگەر بۆ کۆتایی هێنان بە هەر جۆرە دزەکردنی بە قسەی ئەوان گێرەشێوێنانە ڕێکاری گونجاو بگرنە بەر، هاوکاریی نیزیک لە نێوانیاندا هەبێ. هەروەها پێشگیری لە هەر جۆرە دزەکردنێک بکرێ یان بە قەولی ئەوان هاتوچۆی نایاسایی لە سنووری هاوبەش کە ئامانجی پێشگیرییە لە هەموو شۆڕش و ئاڵۆزییەک. لە پرۆتۆکۆلی ١٥ی مارسی ١٩٧٥ی تاران و ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی ئێران-عێراق-ئەلجەزائیر لە مانگی مەی ١٩٧٢ی ئەلجەزایر لەسەری ساغ بوونەوە و لە ١٣ی ژوئهنی ١٩٧٥ بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی ئێران، عێراق و ئەلجەزائیر و بە بەشداریی و حزووری عەبدولعەزیز بوتفلیقە، ئەندامی شوڕای بەرزی شۆڕشی ئەلجەزایر لە بەغدا بە گشتی ئیمزا کراوە.
مادەی ١ دەڵێ: "دوو لایەن بەڵێن دەدەن ئاڵۆگۆڕی زانیاری بکەن لە پێوەندی لەگەڵ هاتوچۆی ئاژاوەگێڕان کە لێرەدا مەبەست لە ئاژاوەگێڕان، تێکۆشەرانی کوردە لە هەر دوو دیوی سنوور، یانی دوو دەوڵەت بەڵێن بە یەکتر دەدەن بەڕەسمی جاسووسی لەسەر کورد و تێکۆشەرانی کورد بکەن کە لەو شوێنەی سنووری پێداکێشراوە، هاتووچۆی یەکتر دەکەن یان وەک کورد دەڵێ "هاتووچۆی گەرمێن و کوێستان" دەکەن.
مادەی ٢ دەڵێ: پێداگری لەسەر نێوەرۆکی مادەی ١ دەکەنەوە و بەڕاشکاوی دەڵێن دەبێ هۆوییەتی (کەسایەتی) ئەو کەسانە بۆ یەکتر دیار و ڕوون بکەنەوە کە بە مەبەستی -وەک ئەوان دەڵێن- خەراپکاری هاتوچۆ و ئەو دیو ئەو دیوی سنوور دەکەن. یانی هەر دووک لا تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان بە یەکتر بناسێنن. هەموو تێکۆشان و جموجۆڵێکی ئەوانیش دەبێ لەژێر چاوەدێریدا بێ و بۆ ئەو بابەتەش هەموو ڕێکاڕێک دەگرنەبەر. لە بەشێکی ئەو مادەیەدا هاتوە کە دەبێ پێشی هەر گردبوونەوەیەک بگیردرێ، ئەگەر بەپێی یاسای کۆنترۆڵی سنوور بێ، لێرەدا پێویستە قسە لە تاک بکرێ، لە حاڵێکدا زۆر بەڕوونی باس دەکات کە پێویستە پێش بە گردبوونەوەیان بگیردرێ. بەبێ ئەوەی ناوی هیچ دەستە و گروپێک بهێنن. زۆر بەڕوونی دیارە نییەت و غەرەزیان تێکۆشەرانی کوردە کە بە مەبەستی سیاسی و تێکۆشان لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و خەبات دەکەن.
له مادەی ٣دا باس لە هاوکاریی کاربەدەستانی دوو وڵات دەکا لەسەر سنوور و ئەو کاربەدەستانەی لە هەردووک لا دیاری کراون تا ئاستی بەرزی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و نێوخۆ. واته بزووتنەوەی کورد بە هۆی دوو دەوڵەت و کاربەدەستێکی زۆر و چەند وەزارەتی پێوەندیدار و ئیمکاناتی ماڵی و ئینسانی زۆری ئەو وڵاتانەیان بۆ تەرخان دەکرێ بۆ ئەوەی ڕووبەڕوویان ببنەوە و تا بۆیان بکرێ خەبات و تێکۆشانی گەلێکی خەباتکار و مافخواز لە ڕیشەدا وشک و بنبڕ بکەن. هەروەها دەستنیشانی چەندین خاڵی سنووری دەکەن کە بە خەیاڵی ئەو دوو دەوڵەتە ئیمکانی هەیە تێکۆشەرانی کورد سوودیان لێ وەربگرن بۆ دزەکردن لە نێوان دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا.
لێرەدا بە گشتی ٣٨ خاڵی سنووری دەستنیشان دەکرێن بۆ کۆنترۆڵکردن و هەر بەوەندەش ڕاناوەستن و دەڵێن لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بکا خاڵ و نوقتەی دیکەش بە ڕاوێژی نیوان هەردووک لا دیاری و زیاد دەکرێن. دەڵێن هەموو ڕێگەیەک دەبەسترێ تەنیا ئەوانە نەبێ کە لەژێر چاودێری گومرگی دوو لایەن دان. هاتوچۆ لە ڕیگەکانی دیکەدا بە هەموو جۆرێک قەدەغە دەکرێ، مەگەر ئەوانەی لە داهاتوودا بەهاوبیری هەردووک دەوڵەت دەکەونە ژێر چاودێریی گومرگی دوو وڵات.
لە مادەی ٤دا دەڵێن بۆ جێبەجێکردنی مادەی ٣ دوو لایەن بەڵێن دەدەن ئیمکاناتی ئینسانی و ماددیی پێویست دابین بکەن بۆ کۆنترۆڵ و پێشگیری لە کەسانی ئاژاوەگێڕ. هەروەها هەر دووک لا بەڵێن دەدەن بەپێی ئەزموونێک کە دەستیان دەکەوێ لەو سنوورانە بە تەگبیری یەکتر بۆ کۆنترۆڵی سنوور ڕێکاری کاریگەرتر بگرنە بەر.
مادەی ٥ دەڵێ: هەر خراپکارێک لە هەرکام لە وڵاتەکان قوڵبەست بکرێ تەحویلی وڵاتی پێوەندیدار دەدرێتەوە و ئەو ڕێوشوێنانەی دیاری کراون لەسەری جێبەجێ دەکرێن. جیا لەوەش هەردووک لا بەڵێن دەدەن لە حاڵەتی دەرباز بوون لە سنوور لە هەوەڵین دەرفەتدا زانیاری لەسەر هاووڵاتی یەکتر بدەن بە وڵاتی پێوەندیدار بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستگیر بکرێ.
مادەی ٦ دەڵێ: لە کاتی پێویستدا بە ڕەزایەتی دوو لایەن ڕەنگە هێندێک ناوچە بۆ پێشگیری لە هاتنەدیی ئامانجی خەڵکانی گیرەشێوەن بە ناوچەی قەدەغەکراو ڕابگەیهنرێن.
هەر ئەوەی دوای پەیماننامەی ١٩٧٥ی ئەلجەزایر لە ناو خەڵکی ئاساییدا بڵاو بۆوە و باو بوو کە هەردووک دەوڵەت ئیزنیان بە یەکتر داوە تا سنووری بیست کیلۆمیتری بۆ قووڵایی ههر كام له وڵاتان قەدەغەکراو ڕاگەیهندراوە، کەس مافی نییە تێیدا نیشتەجێ بێ. کە ئەوە لە سنووری باشووری کوردستان لە زۆر ناوچە هاتۆتە بواری جێبەجێ کردن.
مادەی ٧: لەو مادەیەدا ئیقرار کراوە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی دوو لایەنەی کاریگەر و بەسوود، کۆمیتەیەکی تێکەڵاو و هەمیشەیی لە بەرپرسانی ئیداراتی سنووری و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و نێوخۆی دوو وڵات پێک بهێندرێ کە ساڵانە دوو جار کۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی کارەکان و کۆنترۆڵی سنوور. جیا لەوەش ساڵانە دەکرێ لەسەر داوای هەر کام لە دەوڵەتەکان کۆبوونەوەی نائاسایی پێک بهێندرێ بۆ بابەتەکانی پێوەندیدار بە سنوور و کۆنترۆڵی سنوور.
مادەی ٨ دەڵێ: پرۆتۆکۆڵی ئامادەکراو کە پێوەندی بە داخستن و کۆنترۆڵی سنوورەوە هەیە، نابێ گرفتێک لە ڕێوشوێنەکانی پەیماننامەی تایبەتی لە نێوان ئێران و عێراقدا دروست بکا.
لەسەرەتادا ئیشارەمان پێ کردوە کە ئەو پرۆتۆکۆلە تەناهییە! لە ٩ مادە پێک هاتوە. هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان دەزانن گرینگترین بەشی سنووری ئاوی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە "شط العرب" بوو کە بە کێشانی خەتی "تالۆگ" گۆڕانی بەسەردا هاتوە. بۆیە پێویستی دەکرد لەو پرۆتۆکۆلەدا زۆرتر ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنی لە سنوورەکانی "شط العرب" دانرابا و ڕێکاری تەناهی و کۆنترۆڵی تێدا دەست نیشان کرابا. بەڵام لەو پرۆتۆکۆلەدا لە ٩ مادە ٨ مادەی پێوەندی بە سنووری وشکانیەوە هەیە کە بەنێو خاکی کوردستاندا کێشراوە و لە هەرکام لە مادەکان کە لە چەند خاڵ و بەندێک پێکهاتوون و ڕێکاری توند و تۆڵیان تێدا ڕەچاو کراوە بەڵام ئەوەی پهیوهندی بە سنووری ئاویی خوارووی عێراق یانی باشوورەوە هەیە تەنیا لە یەک مادەدا زۆر بەکورتی ئیشارەی پێ کراوە و بێ وردكردنهوه به خاڵ و بەند، کە ئەوە زۆر بە سانایی ئێمە دێنێتە سەر ئەو بڕوایە ئەو شێوە دیاریکردنەی سنووری دوو وڵات هی هاوسێیەتیی باش نییە؛ بەڵکوو کۆنترۆڵی خەڵکی ئەو سنوورەیە کە لە هەموو مادە و بەند وخاڵ و نێوەرۆکی پرۆتۆکۆلەکە بەڕوونی دیاره و بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆریش لە چاو دەدا.
لە خاڵی ٢ی مەنشووری ئاتلانتیکدا نووسراوە: ئەوان خوازیاری ئەوەن کە هەر گۆڕانێک لە سنووری وڵاتان پێک بێ، دەبێ بە خواستی سەربەستانەی خەڵکی سنوورەکە بێ. دەزانین ئەو مەنشوورە لە ژانوییەی ١٩٤٢ بە ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو کراوە، بەڵام دیاریکردنی سنووری کوردستان لە هەموو دەورانەکاندا بێ پرس و بێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و تەنانەت دانیشتوانی سەر سنوور و دەڤەرەکەش بووە.
سنووری وشکانیی نێوان ئێران و عێراق بەتەواوی بە نێو خاکی کوردستاندا تێپەڕ دەبێ، یانی خاکی کوردان لەت و بەش دەکات. خەڵکی کورد و کوردستان لە یەکتر دادەبڕێ، بەڵام لەیەک شوێنی ئەو پرۆتۆکۆلەدا بچووکترین ئیشارە بە کورد و خواستی کورد نەکراوە.
لەلایەکی دیکە لە دیاریکردنی سنووری وڵاتاندا کە پڕەنسیپی جیرانەتیی باش ڕەچاو دەکەن، لەگەڵ دیاریکردنی سنووری ولاتەکانیان وەک دوو جیرانی باش، ڕەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەکە و پێکهاتە و خەڵکەکەی دەکرێ، یانی حیساب بۆ ویست و خواستی خەڵک، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پێوەندیی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کولتووری دەکرێ و بە ڕێککەوتن ڕێوشوێنی بۆ دەدۆزنەوە تا کەمترین زیان بە خەڵکی دەڤەرەکە نەگەیهندرێ. لە حاڵێکدا لەو ڕێککەوتنەدا حیساب بۆ هەموو شتێک کراوە، تەنانەت حیساب بۆ ئەوەش کراوە کە ئەگەر نیشانەیەکی سنووری بە هەر شێوەیەک نەمێنێ و لەنێو بچێ، چۆنی چاک بکەنەوە و تەنانەت ئەگەر بە دەستی خەڵکی وەک ئەوان دەڵێن خەرابکار خەراپ بکرێ و جەریمە و سزای توندی بۆ لەبەرچاو گیراوە. بەڵام هەر وەک ئاماژەی پێ درا بە یەک وشەش باسی کوردستان و خەڵکی کورد نەکراوە و ڕەچاوی ماف و ژیانی خهڵكی ناوچهكه نەکراوە؛ بەڵکوو بە شێوەی جۆراوجۆر خەڵک ئازادی لێ زەوت کراوە؛ مافی پێشێل کراوە و پێش بە تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی و تەنانەت لە زۆر شوێن کار و کاسبیشی گیراوە.
لە یەک کەلامدا ئایا ڕێککەوتنێک با نێودەوڵەتییش بێ، ئەگەر بێ لەبەر چاوگرتنی ئیرادە و خواستی خەڵک بێ و هیچ بەرژەوەندیی خەڵکی لەبەر چاونەگرتبێ و بۆ سنووردار کردنی ژیانی سیاسی و تهنانهت ژیانی ئاسایی ڕۆژانەش دەیان بەربەستی دروست کردبێ، ڕەواییەتی دەدرێتێ و دەکرێ ناوی لێ بنێین ڕێککەوتنێکی یاسایی؟