خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
لاوانی پێشەنگی نیشتمان!
"لێهاتوویی سەوز بۆ لاوان، بەرەوە جیهانێکی سەقامگیر" درووشمی ئەمساڵی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ ڕۆژی جیهانیی لاوان، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێمەی لاوانی کورد ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی لاوان دەکەینەوە کە هەموو خەڵکی نیشتمانە داگیرکراوەکەمان و بە تایبەتی لاوان، سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری ڕق و قینی کۆماری ئیسلامین کە زۆربەی دارستانەکانی کوردستانی گرتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامی کە هەر لە یەکەم ڕۆژی خۆسەپاندنییەوە کوردستان و کوردی کردووەتە ئامانج، لە هیچ سیاسەتێکی سیستماتیک دژ بە خاک و خەڵکەکەی سڵی نەکردۆتەوە و لە ئێستاشدا کە بەرەو ساڵیادی شۆڕشی ژینا دەچین و یادی ڕۆژی جیهانیی لاوانیش دەکەینەوە، بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە ئاگری ڕق و قینی خۆی بەرداوەتە دارستانەکانی کوردستان و تاکوو ئێستا هەزاران هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئەم نیشتمانە سووتاون.
سووتاندنی دارستان و ژینگەی کوردستان لە کاتێکدایە کە جیهان خەریکە بەرەو قۆناغی گواستنەوە بۆ سەردەمی سەوز دەڕوات و پرسی ژینگە و کەشوهەوا بووەتە، پرسی سەرەکی ئەمڕۆی کۆمەڵگای جیهانی.
بەڵام دەبینین کە کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی داگیرکارانەی خۆی دوایین زەربەکانی لە کورد و کوردستان دەدات و خەریکی تێکدانی ژینگەی کوردستانە، لەم نێوانەدا زۆرترین قورسایی لەسەر شانی لاوانە، کەبەخۆشیەوە بە هێز و زانست و خولیاکانیانەوە کاریگەرترین توێژی نێو کۆمەڵگان و هیوای ئەمڕۆ و دواڕۆژی کورد و کوردستانن.
لاوانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات!
ڕۆژی جیهانیی لاوان لەنێو لاوانی وڵاتانی پێشکەوتوو بە جەژن و کارنەڤاڵ و فێستیڤاڵ یاد دەکرێتەوە و ساڵانە بە درووشمی جۆراوجۆر پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەن، درووشمی ئەمساڵی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەگەرچی هاوتەریبە لەگەڵ تێکۆشانی ئەمڕۆژانەی ژینگەپارێزانی نیشتمانەکەمان، بەڵام تەواو ناتەبایە لەگەڵ ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بە نیسبەت سامانە سرووشتییەکانی کوردستان، هەر لە تاڵانکردنی کانەبەردەکان و کانە زێڕەکان و وشک کردنی گۆلی ورمێ و سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمن و ئەمەش بۆ هەموو مان ڕوونە. بەڵام ئەوەی گرینگە هیوابەرزی و ورەبەرزی و ملنەدانی ئێوە لاوانی شۆڕشگێڕە کە مان و مەوجودیەتی نەتەوەکەمانی پاراستووە و بە بیری سەوزی خۆتان کوردستان دەپارێزن.
لاوانی تامەزرۆی ئازادی!
ڕۆژە جیهانییەکان ئەگەرچی دەرفەتێکن بۆ خۆ گونجاندنی نەتەوەکەمان و لاوان لەگەڵ بەها و نۆرمە جیهانییەکان، بەڵام پێویستە وەبیر کۆمەڵگای جیهانیی بێنینەوە کە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات و نەتەوەکانی دیکەش لە ئێران ئەمڕۆژانە بەرەوپیلی ساڵیادی شەهیدکرانی خاتوو ژینا ئەمینی دەچین کە شەهید کرانی ئەو خاتوونە بوو بە هەوێنی شۆڕش و ڕاپەڕینیکی گەورەی سەرتاسەری دژی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی.
شۆڕش و ڕاپەڕینی لاوان لە زۆر قۆناغ دژی داگیرکاری و ستەمی دیکتاتۆرەکان گەلێک جار دەسەڵاتدارانی جیهان و ڕۆژنامەنووسانی تووشی سەرسوڕمان کردوە و لەکاتێکدا شرۆڤەکاران و تانەت تاک و دەوڵەتی داگیرکەریش پێیانوابووە دۆخی وڵات هێمنە، بەڵام بە پێچەوانەوە لاوان لەسەر شەقام هاوکێشەکەیان گۆڕیوە. هەر بۆیە ئەمڕۆژانە کە زۆر کەس پێیوایە سەرکوتی ڕێژیم سەرکەوتوو بووە بۆ کپ بوونی دەنگی شەقام، پێویستە لاوان خۆیان لە گرووپ و بازنەی جۆراوجۆردا سازمان بدەنەوە و لەسەرجەم شار و ناوچە جیا جیاکاندا ئەم بۆنەیە بەرز ڕابگرن و بە تێکۆشانی خۆیان لەسەر شەقامەکان پەیمان لەگەڵ خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە نوێ بکەنەوە کە ساڵی ڕابردوو بناغەکانی کۆشکی زۆردارییان لەرزاند و بە کۆمەڵگای جیهانییش بڵێن کە شۆڕش دژی داگیرکەر تاسەرکەوتن هەر بەردەوامە.
سەرکەوتن بۆ لاوانی ڕزگاریخوازی کورد
سڵاو لە شەهیدان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان
ڕۆژی جیهانیی لاوان پیرۆز بێت لەسەرجەم ئەو لاوانەی کە سەنگەری خەبات بەرنادەن و هەروەها پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە بەسەرجەم ئەو دایک و باوکانە دەڵێین کە بە دڵفراوانییەوە ڕۆڵەکانیان پێشکەش بە شۆڕشی کورد کرد و شەهید بوون.
کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتیی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣
٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٢