کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیەک لە هەشت دەیەی ڕابردوودا

19:38 - 20 گەلاوێژ 2723

حەسەن قارەمانی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مێژوویەکی دەیان‌ساڵەی پڕ هەورازونشێوی هەیە.

حیزبێک کە لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بۆ پێشخستنی مافەکانی کورد و ڕزگاریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئاڵۆزی سیاسی و جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەباتی کردووە. ئەم حیزبە لە سەردەمێکدا دروست بوو کە کورد بە دوای نوێنەرایەتیی سیاسی و داننان بە شوناس و مافە کولتوورییەکانی خۆیدا دەگەڕا. ئەم حیزبە بەدرێژایی دەیان ساڵ خەبات بۆ مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد لە ئێران ڕۆڵی هەرە سەرەکیی هەبووە و لەو پێناوەشدا زۆرترین تێچوو و قوربانیی داوە.

حیزبی دێموکرات لە سەردەمی هەڵچوونی سیاسی و نائارامیی کۆمەڵایەتی لە ئێران پێک هات کە ئاکامی گۆڕانکاری لە دۆخی ژئۆپۆلۆتیکی ناوچەکە بوو، و ڕێبەرانی سیاسیی کورد لە ئێران کە پێشتر کۆمەڵەی ژیانەوێ کورد (ژ. ک)یان بۆ بووژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی دروست کردبوو، بە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما هزری و فەلسەفییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف بەرنامەی تۆکمەتریان بۆ ڕێکخستنی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان داڕشت.

ساتێکی دیاریکەر لە مێژووی حیزبی دێموکرات دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ بوو. دامەزرانی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات تەنیا ڕووداوێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو گوزارشت کردن لە خەباتێکی درێژخایەنە بۆ مافەکانی مرۆڤ، شوناسی کولتووری و سەربەخۆیی سیاسی بۆ کورد لە ناوچەکەدا. کۆمارێک کە بووە سیمبولی هیوا و ئازادی بۆ نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان.

حیزبی دێموکرات دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان دەستی لە ئامانج و بەرنامەکانی بەرنەدا. خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە لە شێوەی جۆراوجۆری خۆی و لە مێتۆدەکانی چالاکی سیاسیی، بەرگریی پێشمەرگانە، خەباتی دیپلۆماسی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا بەردەوام بووە و سەرەڕای هەموو لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەڵام نەوێستاوە و هەموو کاتێک جێگای هیوا و هۆمێدی خەڵک بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆیدا ئەوەی هەمیشە تەکزی لەسەر کردووە و وەک بنەما لێی ڕوانیوە، بەرژەوەندییەکانی کورد و بایەخ و بەهاکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ بووە. بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی، پێناسی زمانی، کولتووری کۆمەڵایەتیی کورد لە نێو ئێرانی فرەنەتەوەی پڕ جۆراوجۆریدا و پێکهێنانی دەسەڵاتی نەتەوەیی خودموختار لە چوارچێوەی ئێرانی دێموکرات لە سیاسەتە نەگۆڕەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٧٨ ساڵی بوونی خۆی و لە ڕەوتی خەباتی دوورودرێژیدا هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتە ناوەندییەکانەوە سەرکوت و بەربەستی لە بەردەم دروست کراوە. جگە لەوە بارودۆخی ژئۆپۆلوتیکیی ناوچەکە لەگەڵ گۆڕانی هاوپەیمانییەکان و گۆڕانی هەلومەرجەکان شوێنکاری نەرێنیی لەسەر حیزب داناوە، بەڵام نەیتوانیوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات بۆ ئامانج و پڕۆژەکانی سارد بکاتەوە. ئەم خۆڕاگری و پابەندبوونە بە پڕەنسیپەکانی خەبات، پێگەیەکی دیار و بەرچاوی بە حیزب بەخشیوە، بە جۆرێک بووەتە ڕەمزی یەکڕیزی و خۆڕاگریی لە نێوخۆی کوردستان و ئادرەس بۆ مافەکانی کورد لە ئێران لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مێژووی دەوڵەمەندی لە خەبات و پێداگریی لەسەر مافەکانی کورد، توانای ئەوەی هەیە وەک هەمیشە لە سیاسەتی کوردیدا هێزی بنەڕەتی و سەرچاوەی ئیلهام بۆ هێزەکانی دیکەش بێت.

حیزبی دێموکرات لە ژیانی سیاسیی دوورودرێژ و پڕ نرخی خۆیدا زۆر دەسکەوتی بەبایەخی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەستەبەر کردوە. ئەم حیزبە لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا زۆر قۆناغی دژواری ئەزموون کردوە، بەسەر زۆر کەندوکۆسپدا سەرکەوتوە، لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی کورددا زۆر بەها و پڕەنسیپی گرینگی جێگیر کردوە، خوێنی زۆر لەبەر ڕۆیشتوە، نشوستی و تاڵیی هاتووەتە ڕێ، ڕیزەکانی لێک ترازاون؛ بەڵام لە هیچ بارودۆخێکدا ئاڵای خەباتی مافخوازیی ئەم گەلەی هەڵ‌نەپەساردوە و لەسەر ئەو ڕێباز و ئامانجە بەردەوام بووە کە لە پێناویدا دامەزراوە.

ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕەهەندەکانی گوتارسازی‌، بەرگریی چەکداری، گرتنەبەری شێواز و نەریتی جۆراوجۆری خەباتگێڕی، دیپلۆماسی و ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە، چەسپاندنی نۆڕم و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا و زۆر ڕەهەندی دی هەموو کاتێک جێی سەرنج و لێکدانەوەن.

حیزبی دێموکرات وەک پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری گەورە گوتاری نەتەوەیی هەمیشە لە تەعامول و سازان و لە یەک حاڵیبوون لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆ  بووە، حزووری پڕ ڕەنگی ڕێکخراوەیی بە شێوازی شویندانەر بەڵگەیەکە بۆ ئەم ئیدعایە و توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لە پتانسیلەکانی لە دەرەوەی وڵات و سازماندانی کوردانی دێاسپورا، وەک نوینەرایەتییەکان و پێکهینانی گرووپی دیپلۆماسیی بەهێز بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە جهانیان و..... بە باشترین شێواز کەڵک وەرگرێ.