کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ى گەلاوێژ و چەند وتەیەک

17:48 - 21 گەلاوێژ 2723

برایم چووکەڵی

یەکێک لەگرینگترین ڕۆژەکانی مێژووی نەتەوەی کورد ڕۆژی ٢٥ی گەڵاویژە، کە لەم ڕۆژەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی تێدا دامەزراوە، و لە مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورددا جێگایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، لە سێ چارەگە سەدە لەوە پێش بە حەول ‌و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە لەسەر ڕێبازێکی نەتەوەیی ‌و پێشکەوتنخوازانە دامەزرا. لە مێژووی کوردستاندا دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووێ گەلی کورد دانراوە، لە ڕاستیدا ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە و لەلایەن مێژوونووسان ‌و نووسەرانەوە کە لە خەباتی ئەو نزیک بەو ٨٠ ساڵەی خەڵکی کوردستان‌ و حیزبی دێموکرات لێکۆڵینەوەیان کردوە پێ لەو ڕاستییە دانراوە. هەر بۆیەش بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان قۆناخێکی نوێ لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەمان دەستی  پێ کرد.

 گرینگترین خاڵی ئەوە بوو کە جووڵانەوەی سیاسی کورد بۆ هەمیشە چووە قالبی ڕێکخراوەیی ‌و حیزبێکی سیاسی‌ بە بەرنامەی پێشکەوتنخوازانە و ڕوونی سیاسی ڕێبەرایەتیی جووڵانەوەی وەئەستۆ گرت. خاڵێکی دیکە ئەوە بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شوێنەوارییەکی قووڵی لەسەر هەست‌و بیری کۆمەڵانی خەڵک دانا، بە جۆرێک کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئەو زەبرە قورسەی پاش زاڵبوونەوەی ڕێژیمی پاشایەتی بە سەر خەڵکی کوردستان وەپەیکەری حیزب کەوت، دەستی لە خەبات هەڵنەگرت ‌و ئاڵای خەباتی بۆ وەدیهێنانی مافە لەمێژینەکانی گەلی کورد هەر شەکاوە ڕاگرت. ئەگەرچی حیزبەکەمان لەکاتی دامەزرانیەوە تا ئێستا ڕێگای زۆر سەختی‌ پێواوە، هەوراز و نشێوی لەڕادەبەدەر بەجێ ‌هێشتووە‌ و هەر لە هەمان کاتیشدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و لەگەڵ ئەوەش برینی زۆر قورسی هەڵگرتووە. بەوحاڵەش تائێستا نە سەرکەوتنەکانی مەغروور و لەخۆبایی کردووە، نە ئەو برینە قووڵانە توانیویەتی بەچۆکی دابێنێ. هەربۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم لە ئاستی دەرەوە وهەم لە نێوخۆی کوردستان ‌و ئێران جێگای تایبەتی خۆی‌و ئیعتبارو پرستیژی تایبەتی هەیە، ڕوونیشە کە، ئەو دەسکەوتانە زۆر بەئاسانی بەدەست نەهاتووە. لەوبارەوە دەبێ بڵێین حیزبێک کە داوا ڕەواکانی ئەوەندە بەرحەق ‌و عادڵانەیە کە بێ شک لە ئاستی جیهانی ‌و ڕوو بە دەرەوە خاوەنی ئەوپرستیژە دەبێ‌.

 لەلایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ یەکڕیزی ماڵی کورد هەوڵی زۆری داوە و لە هەموو حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات زیاتر خۆی بۆ ئەم مەسەلەوە ماندوو کردووە، چونکی باوەڕی وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی درێژە بە ملهوڕی خۆی لە ئێران‌ بەگشتی ‌و لە کوردستان بەتایبەتی دەدا لەبەر ئەوە نییە کە جێ پێی لەنێو خەڵکدا بەهێزە، بەڵكوو هۆکاری سەرەکی پڕش‌وبڵاویی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی‌ و کوردستانی ‌‌و نەبوونی هاوکاریی نێوان حیزبەکانە. لەو پێوەندییە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر هەنگاوی گرینگی هەڵێناوەتەوە و بۆ یەکڕیزی ماڵی کورد درێخی نەکردووە.

بەڵام لە نێوخۆی وڵاتدا، سیاسەتەکانی پێشووی ڕێژیم هەروا بەردەوامن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ توندتر لەپێشوو بەڕێوە دەچێ. نموونەکەی ئێعدامی لاوانی کورد لەم چەند ساڵی دواییدا، ئەمەش ڕەخنەو بێزاریی زۆری لێ بەرز بۆتەوە. ئەم ڕێژیمە پێی وایە بە کوشتنی لاوانی کورد ده‌توانێ خەباتی ڕەوای کورد بێدەنگ بکا. بەڵام دژکردەوەی بەرینی ڕۆڵەکانی کورد لە کوردستان و دەرەوە به‌رانبه‌ر به‌و ئێعدامانه‌ بۆ جارێکی دیکەش ئەو خەیاڵە خاوەی پووچەڵ کردەوە و سەلماندی کە زیندان، ئیعدام، دەربەدەری و کوشتن وماڵوێرانی.... ناتوانێ چۆک بە خەباتکاران دادا و تێکۆشانی ئەوان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد درێژەی هەیە.

 بەسەر هەڵدانی شۆڕشی "ژینا" جارێکی دیکە کوردستان نیشانی دا کە لە هەمووی ئێران بۆ خەبات و تێکۆشان دژی ڕێژیمی ئاخوندی پێشەنگە، لە ساڵی ڕابردوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەک ساڵانی پیشوو خەڵکی کوردستانی زیاتر لە ژێر فشار ناوە و چالاکوانان و کەسایەتییە سیاسییەکانی لە بەندیخانە خزاندوون، کاسبکاران‌و کۆڵبەرانی بەر گوللە دراون، سەرەڕای ئەو زەبرو زەنگە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی کوردستان هەروا قایم لەسەنگەری خەبات‌دا وەستاونەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تێپەڕکردنی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ قۆناخێکی نوێ لە خەباتی دەست پێ دەکاتەوە، دیارە شارەواوە نییە لە ماوەی چەندین دەیە تێکۆشاندا کە دەسکەوتی بووەو سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، شکانیشی هەبوەو بێ هەڵەش نەبووە، بەڵام گرینگ ئەوەیە ڕێگای خەباتی خۆی گرتۆتە بەر و لە هەڵەکانی دەرسی وەرگرتوە و لە کورەی خەباتدا قاڵ ‌و پوختە بووە، توانای ئەوەی هەبووە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان تێ‌ بگا و بە قازانجی بەرەو پێشبردنی خەباتی گەلەکەی کەڵکیان لێ وەر بگڕێ. سەرەڕای ڕێگای دوورودرێژو پڕ لەکەندولەندی خەبات، ئێستاش گەرموگوڕتر لەجاران لە میدانی خەبات‌ و تێکۆشاندا ماوەتەوەو درێژە بە خەباتە پیرۆزەکەی دەدا.