کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

18:38 - 21 گەلاوێژ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژ، بەرابەر لەگەڵ ١٠ی ئاگوستی ٢٠٢٣، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی كاک بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری ئەم حیزبە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێبەریی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرستیی كاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب، پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا شاندی حیزب وێڕای بەخێرهاتنکردنی شاندی میوان، باسێکی چڕوپڕی پێوەندیدار بە بارودۆخی ناوچەکە، هەوڵ و کۆششەکانی حیزبی دێموکرات لە چۆنیەتیی تەعامول لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەکە و گرینگیدان بە بەرینتركردنی هاوپەیمانیی هێز و لایەنەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزی و كاریگەریی خەباتەكە، خستە بەر باس.

شاندی حیزبی زەحمەتکێشانیش وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و بە هەست بە بەرپرسیاریەتیكردنی لەمەڕ بارودۆخی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی حیزبی دێموکراتیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا بەرز نرخاند.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا هەر دوو لا بەردوامیی پێوەندییەکانیان بە گرینگ زانی.