کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی یەک مانگدا، ٢٠ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون

10:13 - 11 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوژراون یان بریندار بوون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" کە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە ٨٥ لەسەدی ئەو حاڵەتانەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەو ئامارە، ٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ١٨ کۆڵبەر بریندار بوون کە ٣ کەسیان مێرمنداڵ بوون و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها پارێزگای کرماشان بە ١٤ حاڵەت، زۆرترین ڕێژەی قوربانیبوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی تێدا تۆمار کراوە.