کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستپێکی بەتاڵانبردنی گەورەترین کانزای ئورانیۆمی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

10:08 - 22 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتی و کانزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتاڵانبردنی کانزای ئورانیۆمی "خۆی" لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە دەستی پێ کرد.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکانی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، قۆناغی یەکەمی بەتاڵانبردنی گەورەترین کانزای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری "خۆی" سەر بە پارێزگای ورمێ، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، دەستی پێ کرد.

لەم کانزایەدا ماددەگەلێکی گرینگی وەک "ئورانیۆم و مولیبدەنوم" بوونی هەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت لە پیشە ستراتیژییەکانی وەک پێداویستییەکانی ڕێکخراوی وزەی ناوکی، کەڵکیان لێ وەربگرێت.

هەروەها بۆ ئەم پرۆژەیە زیاتر لە ٦ هەزار میلیارد تەمەن سەرمایەگوزاری کراوە کە هەزار میلیاردی بۆ دامەزراندنی کارخانە تەرخان کراوە.

شایانی باسە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەیان و بگرە سەدان کانزا بوونی هەیە کە سامانەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتاڵان دەبرێت و کەمترین قازانجیشی بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە، تەنانەت ڕێژیم کەسانی ناخۆجێیی لەو شوێنانە دادەمەزرێنێت.