کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوژمنانی ژینگە جارێكی تر ئاگریان لە دارستانەكانی سەردەشت و مەریوان بەردایەوە

10:19 - 22 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی سەردەشت و مەریوان لەلایەن دوژمنانی ژینگەوە لە ئاگردا سووتێنران.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی سەردەشت کەوتەوە و سەرەڕای هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێز و خۆبەخشەکان بۆ کوژاندنەوەی، ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی ئەو شارە لە ئاگردا سووتێنران.

بەپێی خەمڵاندنی چالاکانی ئەو ناوچەیە، نزیکەی ١٠٠ هێکتار لە ڕووەک و دارستانەکانی سەردەشت سووتاون.

هەروەها دارستانەکانی ئاوایی ''پیرانەکۆن'' سەر بە شاری مەریوان کەوتە بەر ئاگری دوژمنانی ژینگە و بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سوتێنران.

بۆ دامرکاندنەوەی ئەم ئاگرە چەند تیم لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەزی چیا لە ئاوایییەکانی "ئەسکۆڵ، سیاناو، سەردۆش و نێ" و خەڵکی خۆبەخشی ناوچە گەیشتنە ناوچە سووتێنراوەکان.

لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، چەند هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان لە ئاگردا سووتێنراون و ژینگەپارێزان بە کەمترین ئیمکانات و بەبێ یارمەتیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، بە شێوەی خۆبەخشانە بە هانای ژینگەی کوردستانەوە دەچن.