کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و کەمئەندامان لە چەند پارێزگای ئێران

09:49 - 23 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، خانەنشینان و کەمئەندامان لەسەر داوکارییەکانی خۆیان پێداگرییان کردەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، خانەنشینانی پارێزگاکانی کرماشان، گیلان، خووزستان و ئەلبۆرز و هەروەها کرێکارانی خانەنشینکراوی شووش و هەفت‌تەپە و کەرخە لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ناڕەزیایەتییان بەڕێوە برد و و داوای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان کرد.

خانەنشینان لە ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپی بژێویی ژیان و پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ڕژانە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و بێ کیفایەتیی بەرپرسان دروشمیان دا.

هەروەها کەمئەندامان لە ئەردەبیل و کرماشان لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی مادەی ٢٧ی یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ،  كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و پێشێلکردنی مافەکانی کەمئەندامانیان بە بێڕێزیکردن بە کەرامتی مرۆڤ ناو برد.

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای ئەوەیکە تەنانەت هێندێک لە بەرپرسان سەبارەت بە خراپیی دۆخی ژیانی خەڵک هۆشداری دەدەن، بەڵام هیچ گرینگی بەو دۆخە و داواکاریی خەڵک نادرێت و بە سەرکوت وڵامی خەڵک دەدرێتەوە.