کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی سەربازیی سپای پاسداران لە بۆکان بووە هۆی سووتاندنی کێوی "بێژنگ‌بەسەر"

10:30 - 23 گەلاوێژ 2723

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە داوێنی کێوی "بێژنگ‌بەسەر"ی شاری بۆکان، مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوە برد و بەو هۆیەوە ژینگەی چوار ئاوایی لە ئاگردا سووتان.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، لە بناری کێوی "بێژنگ‌بەسەر" کە دەبێتە کەوشەونی چوار ئاوایی دەوروبەر، مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوە برد و بەو هۆیەوە پووش و پاوان و مەزرای چوار ئاواییی "قلیج، قاتانقوڕ، تەبت و یەنگیجە" لە ئاگردا سووتان و سپای تێرۆریستی پاسدارانیش هیچ هەوڵێکی بۆ کوژانەوەی نەدا.

دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە بەهۆی مانۆڕی سەربازیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، خەڵکی ناوچەکە دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و وێڕای نەبوونی کەرەستەی پێویست توانییان تا درەنگانی شەو ئاگرکەرە کۆنترۆڵ بکەن.

لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا، چەندین هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی و هەروەها لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە سووتێنراون و خەسارێکی قەرەبوونەکراو وەبەر ژینگەی کوردستان کەوتووە.