کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی عەبدولکەریم شێخانی: خەسارێکی گەورە

18:20 - 23 گەلاوێژ 2723

 ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢\٠٨\٢٠٢٣ نووسەر و وەرگێڕ و تێکۆشەری گەورەی کورد مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی پاش دەیان ساڵ خزمەت بە زمان و ئەدەب و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد تێکەڵ بە کۆمەڵی نەمران بوو و هەزاران خەون و ئاواتی وەدینەهاتوو بۆ گەل و نیشتمانی دەگەڵ خۆی بردە بن گڵ. بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەوە تەرمی مامۆستا شێخانی کە دواڕۆژ و ساتەکانی ژیانی لە شاری هەولێر بەڕێ کردبوون لە گۆڕستانی کەسنەزانی ئەو شارە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا. ئەگەرچی دەنگدانەوەی مەرگی کەریم شێخانی بە هیچ جۆر بارتەقای ژیان و خزمەتەکانی ئەو پیاوە دڵسۆز و خۆنەویستە نەبوو، بەڵام بەهەر حاڵ لەدەستچوونی بووە مایەی داخ و کەسەری کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبییەکان و بەگشتی دڵسۆزانی نەتەوەی کورد و هاوسۆزیکردن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی.

مامۆستا شێخانی لە دنیای ئەدەبی کوردیدا کەسێک نیە پێویستیی بە ناساندن هەبێ و زۆربەی ئەوانەی لەو کۆستەدا لەسەریان نووسی یان لەسەریان نەنووسی لەمن شارەزاتر لە ڕابردووی و ئاشناتر بە کار و بەرهەمەکانی ئەو سەرمایە لەدەستچووەن. بەو پێیە ئەمن لە بەرهەمەکانی نادوێم و بە قەڵەمە تا سەر بەبڕشتەکەی هەڵناڵێم. حەز دەکەم ئەگەر بەکورتییش بووە باسی ئەو کەریم شێخانییە بکەم کە بۆخۆم دەمناسی:

- کاک کەریم شێخانی هەردوو زمانی کوردی و عەڕەبیی بە وردەکاری و بە ڕێنووس و ڕێزمانەوە دەزانین. ئەوەندەی بۆخۆم بزانم لەگەڵ ئەوەی تێبینیی وردی لەسەر زمان و لێدوانی تەنانەت نووسەر و ئەدیبانی عەڕەبیش زۆر بوو، بەڵام غەمی ئەو بەشەی بۆ غەمخۆرانی ئەو زمانە بەجێ هێشتبوو کە هەرچی لە ئیمکانات پێویستە لەبەردەستیاندا هەبوو. خەمی گەورەی مامۆستا شێخانی خەمی زمانی کوردی بوو کە بە هەموو کەموکوڕییەکی جەرگی دەهاتە ژان و دەگەڵ هەر هەڵەبەکارهێنانێکی دەکەوتە هەژان. ڕاستە وەک هەموو شارەزایانی ئەو بوارە خەفەتی دەخوارد و لەبەرخۆیەوە دەیناڵاند، بەڵام زۆر جار بەوەندە ڕازی نەدەبوو و هاواری لێ هەڵدەستا. لە زۆر بۆنەدا و هەر جارەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکی کوردیدا دەنگی هەڵدەبڕی و بێ ئەوەی قامک لەسەر خەتابار دابنێ خەتای دەستنیشان دەکرد و هەڵەی ڕاست دەکردەوە. بەداخەوە کەمیش وابوو گوێی لێ بگیرێ و تێبینییە وردەکانی لەبەرچاو بگیرێن. لەوحاڵەتانەدا پتر خۆی دەخواردەوە و تەنانەت هێندێ جار بێدەنگەی لێ‌دەکرد و بەردی لەسەر دادەنا. کەچی پاش ماوەیەک دیسان بێدەنگیی دەشکاند و هاواری لێ هەڵدەستایەوە.

- خەسڵەتێکی بەرزی مامۆستا بێ‌فیزی و خاکەڕایی بوو و دەگەڵ ئەو هەموو زانایی و شارەزاییەکە هەیبوو خۆی بەسەر کەسەوە ڕانەدەنا و فیزی بە کەس نەدەفرۆشت. دەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆشی و هەموو نەوە (جیل)ەکانی دوای خۆش برادەر بوو، و لە زانیارییەکانیشیدا چەندی بتەوێ بەخشندە بوو.

- مامۆستا وەک هەموومان ڕۆڵەی کوردستانێکی دابەشکراو و بەو پێیە سەر بە بەشێکی کوردستان بوو. دەزانین کە ڕابردوویەکی بەردرێژی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردی باشوور و تەنانەت ئەندامەتی لە حیزبەکانی ئەم بەشەی کوردستانیشدا هەبوو، بەڵام لە ویژدانی کوردانەی خۆیدا هیچ وەخت ئەو دابەشکردنەی قبووڵ نەکرد و دەگەڵ ئازاری هەموو پارچەکانی کوردستان دەژیا. ئەمەشی زۆر جار بە نووسین و تەنانەت بە شێعریش دەردەبڕی. ئەوەی من بزانم مامۆستا لەمەش بەولاوەتر دەڕۆیشت و دڵی دەگەڵ دڵی زۆرلێکراوانی هەموو گەلان یان بڵێین هەموو گەلانی زۆرلێکراو لێی دەدا. نازانم بڵاو بوونەوە یان نا، بەڵام بۆخۆم شێعری عەڕەبیم لە هاودەردی لەگەڵ خەڵکی فەلەستیندا لێ بیستوە.

شتێک کە وا بزانم قەت بۆخۆی باسی نەکردوە و کەس لێی نەبیستوە و بە ئەمەگناسییەوە باسی دەکەم ئەوەیە کە مامۆستا کەریم شێخانی بۆخۆم وەک کەسێک کە کەم­تاکورتێک سەروکاری لەگەڵ وشەی کوردی هەیە سەرچاوە و پەناگەیەک بوو. هەروەخت بۆ وشەیەک یان دەربڕینێکی کوردی یان عەڕەبی دادەمام هاوارم تێ دەبەست و هەرخۆم و خۆشی دەمانزانی بە چ خەمخۆرییەکەوە بەهانام دەگەیشت. ئەگەر ڕێ کەوتایە کاتی پرسیارکردنم وەڵامی پێویستی لەلا نەبێ، کۆڵی نەدەدا و بەدوایدا دەگەڕا هەتا دەگەیشتە جوابێک کە بەدڵی هەردووکمان بێ و ئاگاداری دەکردمەوە.

شتێک کە ناتوانم نەیڵێم ئەوەیە کە ئەم پیاوە ناسراو و پڕبەهرە و خزمەتە بۆ وا بە بێدەنگی مرد و وەک گەوهەرێکی قیمەتی بە نهێنی ژێرخاک کرا. دەگەڵ شانازیم بە هەموو بستەخاکێکی کوردستان بۆچی دووگەز لە خاکی شاری لەدایکبوون و پەروەردەبوونی خۆی پێ ڕەوا نەبینرا تا ببێتە دراوسێی دەیان نووسەر و شاعیری هاوشار و هاودیار و هاوکاری خۆی؟

بەبۆنەی ئەم کۆستە گەورەیەوە پڕبەدڵ سەرخۆشی و هاودەردی پێشکەشی هەموو خزم و کەسوکاری مامۆستا شێخانی، کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبییەکانی کورد و خەڵکی شارە بەهرەدارەکەی کۆیە و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم. ڕووحی مامۆستا کەریم شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ و کەسوکار و ئازیزانی خۆش بن. یادی هەمیشە بەڕێز بێ.

 

عەبدوڵڵا حەسەن­زادە

٢٠٢٣/٨/١٤