کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو پەرستار لە کرماشان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

10:30 - 11 گەلاوێژ 2723

لە ماوەی دوو ڕۆژدا، دوو پەرستاری لاو لە کرماشان لە ڕێگای خواردنی حەبەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکانی کرماشان، لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی گەلاوێژ، دوو پەرستاری لاو لە کرماشان لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە خۆیان کوشتووە.

ڕۆژی دووشەممە، پەرستارێکی پیاو لە نەخۆشخانەی خومەینیی کرماشان، بە خواردنی حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، پەرستارێکی ژن لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای کرماشان کە هاوکاتیش دووگیان و هاوسەری پزیشکێک بووە، دەوترێت کە ئەویش لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە خۆی کوشتووە.

شایانی باسە کە هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو دوو پەرستارە ناڕوونە و لە هۆکاری خۆکوژییەکەشیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.