کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی تێکدانی گڵکۆی ژینا ئەمینی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

19:00 - 23 گەلاوێژ 2723

پیلانی تێکدانی گڵکۆی شەھید ژینا ئەمینی کە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، کەوتووەتە حاڵەتی جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ھەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پیلانەکانی ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەمەڕ تێکدانی گڵکۆی ژینا ئەمینی و سنووردارکردنی هاتوچووەکان بۆ سەر گۆڕستانی ئایچی لە حاڵی جێبەجێکردندایە و بەو مەبەستە دەیانهەوێت بەر بە سەردانی خەڵک بۆ سەر مەزاری ژینا ئەمینی و شەهیدانی دیکەی ئەو گۆڕستانە بگرن.

شارەوانیی شاری سەقز بە ھاوکاریی فەرمانداری و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە، لە پیلانێکدا دەیانهەوێت پیادەڕەوێک لەنێو گۆڕستانەکە دروست بکەن کە بە تەنیشت گڵکۆی شەھید ژینادا تێدەپەڕێت و ئامانجیشیان ئەوەیە کە لە کاتی سازکردنی پیادەڕەوەکەدا، بە ھەر جۆرێک بێت، سیمای گڵکۆی ئەو شەھیدە تێک بدەن و فەزای گردبوونەوەی خەڵک لەو شوێنە نەهێڵنەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دوو جار شووشەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی شکێندراوە.

لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و خۆپیشاندانیان دژی ڕێژیمی ئێران وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم بۆ تێکدانی گڵکۆی ژینا پیلان دابڕێژێت.