کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی بریتانیا بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بە "جینۆساید" ناساند

10:46 - 11 گەلاوێژ 2723

حکوومەتی بریتانیا بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بە جینۆساید ناساند، هەروەها کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ئێزیدییەکانی لەلایەن داعشەوە مەحکووم کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ، حکوومەتی بریتانیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی لەلایەن داعشەوە بە جینۆساید ناساند، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان.

حکوومەتی بریتانیا لە بەیاننامەکەیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە ساڵی ٢٠١٤، داعش ئێزیدییەکانی جینۆساید کردووە.

ساڵی ٢٠١٦ پارلمانتارانی بریتانیا دەنگیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەکان دا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕێنمایی وەزیرەکانی کرد کە خۆیان لەو بڕیارە بەدوور بگرن، ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەو جۆرە بڕیارانە کاری حکوومەت نییە.

لەمبارەوە لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وتی: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تووشی نەهامەتیی گەورە بوون و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش هەستیان پێ دەکرێت. دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانکاران بۆ ئەو کەسانە گرینگن کە ژیانیان وێران بووە."

بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدیی هەرێمی کوردستان، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی ڕفێندران و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە ١٢٠ هەزار ئێزیدی عێراقیان بەجێ هێشتووە و دەیان هەزار لەوانەی کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە لە کەمپەکاندا دەژین.