کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی ناوچەیەکی سەرپێڵ‌زەهاو سووتێنرا

11:01 - 24 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی ئاگربەردانە بەئەنقەستەکان لە لێڕەوار و دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی گوندی "پاتاق" سەر بە سەرپێڵ‌زەهاو سووتێنرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئەنجومەنی سەروی سەوزی داڵاهوو"، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ، ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی گوندی "پاتاق" سەر بە سەرپێڵ‌زەهاو لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن نەیارانی ژینگەوە سووتێنرا.

ئەم ئاگرە هێندە بەربڵاو بوو کە شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی سەروی سەوزی داڵاهوو، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، داوای هاوکاریی بەپەلەی لە خەڵکی ناوچەکە کرد.

ئەم ئاگربەردانەش هاوشێوەی ناوچەکانی تری کوردستان، بەئەنقەست و لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم و کەسانی هەلپەرستەوە بووە، هەروەها لەلایەن خەڵک و ژینگەپارێزانەوە بە کەمترین ئیمکانات کۆنترۆڵ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی "سەروی سەوزی داڵاهوو" (سرو سبز دالاهو) کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ بڵاوی کردبووەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٣٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی شارەکانی "شاباد، کرند، سەرپێڵ‌زەهاو، قەسری شیرین، گەهوارە و کوزەران" لە ئاگردا سووتێنراون.