کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشوو و باوکی شەهیدێکی حیزب لە ناوچەی شنۆ

12:37 - 24 گەلاوێژ 2723

خاڵ شێخ محەممەد ئەمینی، باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەی پێشووی حیزب، لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، خاڵ شێخ محەممەد ئەمینی ناناس، کوڕی کەریم، کەسایەتیی خۆشناو و پێشمەرگەی پێشووی حیزب و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "عومەر ئەمینی"، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئاوایی نەڵیوان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شێخ محەممەد ساڵی ١٣۵٨ی کۆچی هەتاوی بوو بە پێشمەرگەی حیزب و هەتا ساڵی ١٣۶۴ خۆنەویستانە لە خزمەت دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی تێکۆشا و بەرگریی لە نەتەوەکەی و خاکی پیرۆزی کوردستان کرد، دواتر بە ئاگاداریی حیزب ڕیزی خەباتکارانی حیزبی بەجێ هێشت، بەڵام هەتا ئەو دەمەی دڵی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت، وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و هاوکاری ڕاستەقینەی پێشمەرگەکان بوو.

شەهید عومەری کوڕی خاڵ شێخ محەممەد ئەندامی چالاکی حیزب، ساڵی ١٣٨۴ی کۆچی هەتاوی لە گەرمەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە شەهیدکردنی ناجوانمێرانەی لاوی کورد "شوانەی سەید قادر"، کاتێک ڕێبەرایەتیی خۆپیشاندانی شاری شنۆی بە دەستەوە گرتبوو، کەوتە بەر فیشەکی بەکرێگیراوانی جەماران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی خاڵ شێخ محەممەد ئەمینی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.