کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە سایبرییەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵ و دەسبەسەرداگرتنی زانیاریی تاکەکەسیی تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی

11:38 - 11 گەلاوێژ 2723

ماوەیەکە سایبرییەکانی ڕێژیم لە ڕێگای ناردنی فایلێکی بارگاوی (ئالوودە) بە ناوی (kurdistankurd.apk)، بۆ تێکۆشەرانی کورد و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، هەوڵی هەککردن و دەسبەسەرداگرتنی مۆبایل و زانیاریی تاکەکەسی و دواتر کۆنترۆڵکردنیان دەدەن.

بەپێی ئاگادارییەک کە لەلایەن ناوەندی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەمجۆرە فایلە بارگاوییانە زۆربەی کات لەژێر ناو و نێوەڕۆکێکی نزیک لە تێکۆشەران و حیزبە سیاسییەکان و بە تایبەت ماڵپەڕ و لاپەڕەکانی نزیک لە حیزبی دێموکرات بڵاو دەکرێنەوە.

ئاگادارییەکە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی زۆر مەترسیدارن، بەڵام تا ئەوکاتەی کرتەیان لەسەر نەکەین یان لەسەر سیستەمەکانمان دایاننەبەزێنین، ناتوانن جێی مەترسی بن.

جێگای ئاماژەیە چەند خاڵ لە مەترسییەکانی ئەم فایلە بارگاوییە بە گشتی بریتین لە: "دەستڕاگەیشتن بە پێڕستی پێوەندییەکانی مۆبایلەکەتان؛ بەکارهێنانی کامێرا و میکرۆفۆن بەبێ ئیجازەی بەکارهێنەر؛ ناردنی هەموو جۆرە زانیارییەکی سەر سیستەمەکەت بۆ کەسی سێهەم و دەسڕاگەیشتنی ئەم کەسە بە سیستەمەکەت و بەگشتی کۆنترۆڵی تەواوی زانیارییەکان لەو ڕێگایەوە."

شیاوی باسە کە زۆربەی هەرەزۆری دژە ڤایرۆسەکان دەرەقەتی ئەم ڤایرۆسە نایەن و ناتوانن بیشکێنن، هەر بۆیە خۆتان بپارێزن لە دابەزاندنی پڕۆگرام یان کرتەکردنی بەستەر یان لینکێک کە زانیاریی پێویستتان لەسەری نییە.