کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی دەیان خوێندکار بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران

10:49 - 25 گەلاوێژ 2723

لە بەرەبەری نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''، دەیان خوێندکار بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕیژیمی ئێران بانگ کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی پێوندیدار بە خوێندکاران، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دەیان کەس لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمیرکەبیر، تەباتەبایی، بەهەشتی، عەلامە، خاجەنەسیر، تەربییەت مودەڕیس، فیردۆسیی مەشهەد و ئیسفەهانیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.
هێزەکانی ئیتلاعات بە خوێندکارانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ بەڵێننامە واژۆ بکەن کە ئەگەر لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا خۆپیشاندان بەڕێوە چوو، نابێ بەشداری بکەن.
لە ڕاپۆرتی شۆرای سێنفیی خوێندکاران باس لەوە کراوە کە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و ترسی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندانی خوێندکاران، بە مەبەستی پێکهێنانی کەشی ترس و تۆقاندن لەنێو خوێندکاران ئەنجام دەدرێت.
ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی سەرکوتی زانکۆکان بووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا شەپۆلیکی گەورەی لە هەڵپەساردن و دەرکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازیی وەڕێ خستووە.