کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە

10:52 - 25 گەلاوێژ 2723

خاتوو ئەفسەر سالک، کادری یەکیەتیی ژنان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، خاتوو ئەفسەر سالک، لەدایکبووی گوندی "قەرەگۆل"ی سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و هاوژینی کاک فەتاح عەبدووڵڵاپوور، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.

خاتوو ئەفسەر، کچی بنەماڵەیەکی حیزبخۆشەویستی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوو و لە سەرەتای لاوێتییەوە لایەنگر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، هەروەها جینایەتی دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە قەتڵوعامی خەڵکی گوندەکانی "قەرەگۆل، سەوزی و سەرچنار"ی بە چاوی خۆی بینیبوو.

خاتوو ئەفسەر، لە کاتی قەتڵوعامی خەڵکی بێتاوانی ئەو گوندانە زۆر ئازایانە دەرکەوتبوو و نزیک بە چوار دەیە ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکرات بوو و لە ماوەی ژیانی شۆڕشگێڕییدا تەنگ و چەڵەمە و سەختیی زۆری چێشتبوو و لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی حیزبیدا لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی و بۆنە حیزبییەکاندا بەشداریی چالاکانەی هەبوو. هەروەها لەو کاتانەی کە حیزبی دێموکرات تووشی هەلومەرجی دژوار دەبوو، وەک شێرەژنێکی ئازا دەردەکەوت و هیوای بە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان دەبەخشی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشی لە کاک فەتاحی قەرەگۆلی، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.