کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی ناوچەی کەڵاتەرزان

11:47 - 26 گەلاوێژ 2723

هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە بیانووی بوونی چەکی نایاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی "چاولکان حاجی"ی سەر بە ناوچەی کەڵاتەزرانی سنە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، چەند چەکداری سپای تێرۆریستی پاسداران، بە بیانووی ئەوەیکە لە ئاوایی "چاولکان حاجی" چەکی نایاسایی هەیە، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە و لە سەرەتای گوندەکەدا ڕێگەیان لە خەڵک گرتووە و نەیانهێشتووە خەڵک تا کاتژمێر ٩ی شەو بچنەوە ماڵەکانی خۆیان.

بەکرێگیراوانی سپای تێرۆریستی پاسداران دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە و ئیدیعایان کردووە ئەو ماڵە چەکی تێدا بێت و پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر، هیچیان دەست ناکەوێت و بە سەرشۆڕی ئاواییەکە بەجێ دەهێڵن، بەڵام لەو ماوەیەدا کە لەوێ بوون، بێڕێزیی زۆریان بە خەڵکەکە کردووە.

شایانی باسە کە گوندی چاولکان حاجی یەکێک لە گوندە نیشتمانپەرەوەرەکانی ناوچەی کەڵاتەرزانە و گرینگیی زۆر بە بۆنە نیشتمانییەکان دەدەن، هەر بۆیە هێزەکانی ڕێژیم لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ، ویستوویانە کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر ئەو گوندەدا بسەپێنن.