کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ

12:15 - 11 گەلاوێژ 2723

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "تووبا مستەفازادە" لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، خاتوو "تووبا مستەفازادە"، لەدایکبووی ١٣١٥ی هەتاوی، خەڵکی گوندی "گەنمان"ی سەر بە شاری مەهاباد، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

خاتوو تووبا مستەفازادە، خوشکی شەهیدی حیزبی دێموکرات، عومەر مستەفازادە و خێزانی نەمر حاجی دەروێش ئۆوەیسی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و دایکی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بە ناوی "هیوا ئۆوەیسی"یە.

خاتوو تووبا و حاجی دەروێشی هاوژینی، ٦٢ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی تێکۆشانی سیاسی و کاری تەشکیلاتی حیزبی، ئاوارەی کوردستانی باشوور دەبن و لە گوندی "سیرێی بابە شیخ" نیشتەجێ  دەبن. پاش چەند ساڵێک، حاجی دەروێش بۆ کاری تەشکیلاتی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی بانە، بەڵام پاش ماوەیەک لەلایەن ساواکییەکانی حکوومەتی پەهلەوییەوە دەسبەسەر دەکرێت و ڕەوانەی گرتووخانەی "قزڵ قەلعە" دەکرێت، بەو هۆیەوە تووبا خانمیش ناچار دەبێت بە خۆی و کۆرپە ساواکەیەوە بگەڕێتەوە بۆ شاری بانە.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئیران، بنەماڵەی حاجی دەروێش وەک هەزاران خێزانی پێشمەرگە، ئاوارەی دێهاتە ئازادکراوەکانی کوردستان دەبن و دێ بە دێ کۆچ دەکەن، تا دەرفەتی مانەوایان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نامێنیت و بە ناچاری ئاوارەی کوردستانی باشوور دەبنەوە.