عەلی بداغی
٤٤ ساڵ لەوە پێش، لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی و لە کاتێکدا هێشتا شەش مانگ بە سەر ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئازادیی گەلانی ئێران تێنەپەڕیبوو، خومەینی، ڕێبەری ئایینی و سیاسیی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو لە ئێران فتوای جیهاد دژی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردی دەرکرد. ئەم فتوایە و بەکافرزانینی کورد بەپێی بڕیاری بەرزترین مەرجەعی ئایینیی دەسەڵات بووە هۆی لەشکرکێشیی ئەڕتەش و سپای پاسدارانی تازەدامەزراو بۆ سەرکوردستان و داسەپاندنی شەڕێکی خوێناوی بە سەر نەتەوەی کورددا، شەڕێک کە لە مێتۆدی جیاواز و بە ئامانج و پلانی جۆراوجۆر هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. بەو مانایە کە چل و چوار ساڵ پاش فتوای ٢٨ی گەلاوێژی خومەینی دژی کورد، کوردستان هەروەک ئەوکات چقڵە لە چاوی کۆماری ئیسلامیدا و، چل و چوار ساڵیشە خۆڕاگری و بەرگریی کورد لەهەمبەر دەسەڵاتی ڕەشی دیکتاتۆریی ڕێژیمدا بەردەوامە.
هەڵبەت مێژووی دوژمنکاریی دەسەڵاتی ناوەندگەرا لەگەڵ کورد و پرسە ڕەواکەی لە ئێران و هەروەها پێشێنەی خۆڕاگری و مافخوازیی نەتەوەی کورد لەو چوارچێوە جوغرافیا سیاسییەدا بۆ دەیان ساڵ پێش ئەو ڕووداوەش دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم ڕێکەوتە و ئەم فتوایەی خومەینی، بوو بە خاڵگۆڕانێک لە مێژووی دژایەتی و دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کورد و داوا ڕەواکانی. بەڵام بۆ؟ مەسەلە ئەوە بوو کوردستان دوای شۆڕشی ١٣٥٧ پاشخانی زیاتر لە ٥ دەیە خەباتی سیستماتیک بۆ ماف و ئازادییەکانی، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک لە کۆماری کوردستان، و بەردەوامیی خەبات و خۆتەیارکردن بۆ ئیدارەدانی وڵاتی هەبوو. هەر لە ماوەی چەند مانگی دوای سەرکەوتنی شۆڕشیشدا بە دامەزرانی شوڕاکانی گوند و شارەکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک، چالاکیی ئازادانە و بێبەربەستی حیزبەکان لە تەنیشت یەکتری، ئازادیی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان، ئازادیی گرووپ و ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان و کرانەوەی سیاسیی کەموێنە مزگێنیی قۆناغێکی نوێی لە ئازادژیان و پێکەوەبوونی دێموکراتیک بە بەشەکانی دیکەی ئێران دەدا.
بابەتی بنەڕەتی لەو هاوکێشەیەدا جیاوازیی و بەریەککەوتنی دوو دنیابینی بوو: لە کوردستان خەڵک مافی نەتەوەیی و خودموختاریی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیدا دەویست، مافێک کە دەیان ساڵ بوو خەباتی بۆ دەکرد و خوێنی بۆ دابوو. بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ناوەندگەرێتیی و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی دەویست، ئەویش لەژێر دروشمی یەکڕیزیی ئیسلامیدا. وێژمانی سیاسیی کوردستان ڕوون بوو: دێموکراسی، ئازادژیان، هاوپێوەندیی نیشتمانی، سێکۆلاریزم، پلۆرالیزم، دابینبوونی ئازادییە مەدەنی و دێموکراتیکەکان، یەکسانیی ماف، نەمان و نەهێشتنی هیچ چەشنە هەڵاواردن و فەڕق و جیاوازیدانان، لاشەڕی و برەودان بە فەرهەنگ و هونەر. بەڵام ئەو بەها و بایەخانە لە قامووسی خومەینی و ڕێژیمەکەیدا مانایان نەبوو. ئەوان لەبیری ئیسلامی سیاسیی فەندەمینتاڵ و چێکردنی دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی خۆیاندا بوون.
بەمجۆرە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پاشخانی دواکەوتووانەی ئایینی و دژەمرۆییەکانی و بە مەبەستی لەنێوبردنی بیری پێشکەوتنخوازانە لە کوردستان و، ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئایدیای ئازادژیان و مافخوازی لە کوردستانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران؛ سەرەتا کەوتە نانەوەی ناکۆکی و ئاژاوە لە نێوان کورد و تورکەکان و پاشان هەڵایساندنی شەڕ و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان. بۆیە پاش خوڵقاندنی جینایەتی نەورۆزی خوێناویی سنە لە بەهاری ١٣٥٨ شەڕەکەی هێنایە نەغەدە و پاشان پاوە و دواتریش بە فیتوای جیهادی خومەینی دژی بزووتنەوەی کورد هەموو کوردستانی پەلکێشی شەڕێک کرد کە دوای چل و چوار ساڵ، جگە لە بەردەوامیی کوشتار و وێرانی و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان هیچ دەسکەوتێکی بۆیان نەبووە.
پێش و دوای ئەم شەڕە نیزامییەی کۆماری ئیسلامی لە چل و چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم بەدرێژایی ئەو مێژووە شەڕێکی نەرم و چەواشەکارانەی بەردەوامیشی لەدژی بزووتنەوەی کورد لە ئێران کردووە. شەڕی بەراوەژووپێشاندانی ڕاستییەکانی بزووتنەوەی کورد بەهۆی سانسۆڕ و مۆنۆپۆلکردنی مێدیا و ڕاگەیەنە گشتییەکان هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا؛ هەروەها لە چەشنی ناسیۆنالیست و فاشیستە ئێرانییەکان بە بەشینەوەی تۆمەتی جیاییخوازی و بەستراوەبوونی جووڵانەوەی کورد بە وڵاتانی دەرەکی. بەڵام چوار دەیە گێڕانەوە و پێشاندانی ڕیوایەتی ناڕاست لە بزووتنەوەی کورد و وێژمانەکەی سەرەڕای دەیان ساڵ کاری سیستماتیک، دامەزراندنی دەیان ناوەند و خەرجکردنی هەزاران میلیارد تمەن بۆ ئەو پڕۆژانە، بە شۆڕشی ژینا و دەرکەوتنی ڕاستییەکانی پرسی کورد بۆ گەلان و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران، لەو بەرەیەشدا جگە لە ڕیسوایی و مایەپووچی هیچی دیکەی بۆ نەمایەوە.
چل و چوار ساڵ دوای فتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی موسوڵمانی کورد، وەفاداریی ڕێژیم بەو بڕیارەی ئایەتوڵڵاکەیان هەر لەجێی خۆیەتی و، خوێندنەوە و سیاسەتی دەسەڵات لەهەمبەر بزووتنەوەی کورد هەر هەمانە و هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە. لەو سۆنگەیەشەوە چل و چوار ساڵە کوردستان بە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە سەیر دەکرێ، پەراوێز دەخرێ، دژی بەها و بایەخەکانی دەوەستنەوە، بۆ گۆڕینی ناسنامە و شوناسی نەتەوەییەکەی پیلان دادەڕێژن، سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی بەتاڵان دەبرێن، ڕۆڵە تێکۆشەر و مافخوازەکانی دەگیرێن و لەدار دەدرێن، ڕێبەرانی سیاسیی بزووتنەوەکەی تێرۆر دەکرێن و حیزبە سیاسییەکانی بە مووشەک و درۆن بەئامانج دەگیرێن؛ بەڵام سەرباقی ئەوەش ئەویی سەرکەوتووە هەر بزووتنەوە ڕەواکەی کورد بووە.
ئەگەر لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویدا کوردستان بە بایکۆتی ڕێفڕاندۆمەکەی کۆماری ئیسلامی دەنگی بەو ڕێژیمە نەدا و لەو سۆنگەیەوە چل و چوار ساڵە باجی هەڵوێستە بوێرانە و دروستەکەی دەدات؛ ئێستاکە لە تەواوەتیی ئێراندا "نا"یەکی گەورە بەو ڕێژیمە دەگوترێ و ڕەت دەکرێتەوە. بۆیە ٢٨ی گەلاوێژ وەک بەڵگەیەک بۆ قەڵاچۆی ئێمەی کورد و وەک بنەمایەک بۆ ڕەوایی و سروشتی ڕزگاریخوازانەی خەبات و مافەکانمان بەشێکە لە گوتار و بەرنامەی سیاسییمان کە قەت لەبیری ناکەین.