کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فتوای خومەینی و خەباتی گەلی کورد دوای ٤٤ ساڵ

10:45 - 28 گەلاوێژ 2723

برایم چووکەڵی

٢٨ گەلاوێژی ئەمساڵ، ٤٤ ساڵ بەسەر دەرکردنی فتوای خومەینی بۆسەر خەڵکی کوردستان تێدەپەڕی، لەو فتوایەی خومەینی سەروماڵی کوردی بۆ هێزەکانی خۆی بە حەڵال زانی، و بەو پێیە شەڕێکی ماڵوێرانکەر و نەخوازراوی بەسەر گەلی کوردا سەپاند. فتوای خومەینی بۆسەر خەڵکی کوردستان، بوو بە هۆی ئەوە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە خەڵكی کوردستان و بە هەزاران کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بن و لەوەش زیاتر بریندار و کەم‌ئەندام ببن.

خومەینی دوای هاتنەوەی بۆ ئێران، نییەتی ناپاکی خۆی سەبارەت بە خەڵکی کوردستان هەر لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ دەرخست. بە دروستکردنی سپا، شەڕ و ئاژاوە لە کوردستان بەرەبەرە دەستی پێکرد.  تەنیا چەند مانگ لە دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە تێدەپەڕی کە دەهۆڵی شەڕیان گرماندی و هێزەکانیان بەرەو کوردستان سەرەوخوار بوونەوە، ئەوە لەکاتێکدا بوو بۆ ڕێگاخۆشکردنی شەڕ لە کوردستان، هەر لە نەورۆزی ١٣٥٨ەوە تا گەلاوێژی ئەو ساڵە، کە خومەینی فتوا بەدناوەکەی دەرکرد، بەرەبەرە هێزەکانی بەرەو کوردستان دەنگ دا و ڕێگای بۆ شەڕێکی فەرمی و هەمەلایەنە خۆش کرد. شەهیدکردنی ٤٥٠ کەس لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨، کە بە نەورۆزی خوێناویی سنە ناوبانگی دەرکرد نموونەیەکی چووکەیە.

دوابەدوای قەتڵ‌وعامی خەڵکی سنە، لە ٣١ی خاکەلێوەی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی ئاشتی‌یان لە شاری نەغەدە کردە ئامنج، ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی پەیمانی برایەتیی دوو گەلی ئازەری و کورد پێکهاتبوو کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تەقە لە میتینگی نەغەدە کرا و ماوەی ٤ ڕۆژ شەڕیان لە نێوان کورد و ئازەری هەڵایساند.

دوای ئەو پەیامە دژ بە خەڵکی کوردستان، یەکەمین هەنگاوی هێرشی سپای ‌پاسداران بۆ کوردستان دەستی پێکرد و لە پاوە خەڵکیان ‌‌غەرقی خوێن کرد، هەر لەو کاتەشدا خاڵخاڵیی جینایەتکاران بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕاسپارد. ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕێژیم ڕوخساری خۆی بەتەواوی نیشان دا و پەردەی لەسەر مەبەستەکانی خۆی بۆ لەنێوبردن و وێرانکردن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستان لادا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان‌دا هێرشیان کردە سەر گوندی قارنێ بە ژ٣ و سەرنێزە و قەمە ٦٨ کەسیان لە خەڵکی ئەو گوندە قەتڵو‌عام کرد هەر دوای ئەو کردەوە قێزەونە ٦ مانگ دواتر واتە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٥٩ هێرشیانە کردە سەر گوندی قەڵاتانی نەغەدە و ٥٠ کەسیان لە ژن وپیاو و منداڵ لە خاک و خۆڵ وەردا و شەهیدیان کردن.

هێزەکانی ڕێژیم بەو فتوایەی خومەینی هێرشی خۆیان بۆ گوندەکانی: وسووکەند، ئیندرقاش، سۆفیان، کورەخانەکانی ساروقامیش، قەرەگۆل و سەوزی، دیلانچەرخ، حەڵبێ، کۆیکان، کەرێزەی‌شکاکان، یونسڵیان، هەڵەقووش، گێچی، چەقەڵ‌مستەفا، گۆرخانە و خەڵیفەڵیان و چەندین گوندی دیکە کرد و زیاتر لە ٢٠٠ کەس خەڵکی ئەو گوندانەیان قەتڵوعام کرد کە زیاتر لە ١٠٠ کەسیان ژن ومنداڵ پیرەپیاوی ٨٠ ساڵە بوو.

کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بە کوشتن و ئێعدام کۆتایی بە خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ ئازادی دێنێ. خومەینی بەو جنایاتانە نەوەستا، و خەڵخاڵیی ڕاسپارد کە واژۆی گوللەبارانکردنی سەدان و هەزاران کوڕ و کچی کوردستانی جێبەجێ بکا و ئێستاش ئاسەواری ئەو جەنایەتانە بە خەڵکی کوردستانەوە دیارن. هێزی ڕەشی "سپا" بە ناوچاوانی بەستراو بە پەڕۆیەکی ڕەش و سەوز کە لێی نوسرابوو "یاحسین" بەشی هەرە زۆریان باڵای چەکەکانیان نەبوون، کە دەچن کافرەکان لە کوردستان خاشەبڕ دەکەن و بە جلوبەرگی نیزامییەوە بۆ کوردستان سەرەوخوار بوونەوە. وەک نیعمەتێکی خودایی سەیری ئەو ئەرکە بە ناو پیرۆزەیان دەکرد. سپا، هەم پۆلیس، هەم وەکیل، ھەم قازی و بڕیاردەری سەرەکی بوو و چییان پێ خۆش بایە لە کوردستان بە ئەنجامیان دەگەیاند. لە مزگەوتەکان‌دا، فێری هەموو کردەوەیەکی نەشیاوی ئینسانی و چەکداری ببوون و مرۆڤیان دەکوشت و ئازاری خەڵکیان دەدا.

تیرۆر یەکێکی دیکە لەو ڕێگایانە بوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی خەباتگێڕان وشۆڕشگێران، لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی لەو ٤٤ ساڵەدا کەڵکی لێ وەرگرتووە و دەیان و سەدان کردەوەی تیرۆریستی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لە عێراق و دەرەوەی وڵات بەڕێوە بردووە.

هەروەها کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی وزە و توانای لاوانی کوردستان بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا، هەوڵی زۆری داوە کە لاوانی کوردستان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بکا، ئەوەی لە توانایدا بوو لەو بارەوە لە کوردستان درێغی نەکرد.

لەلایەکی دیکەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتیوانی هەموو چێن و توێژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ پاراستنی ئاو و خاک و نیشتمان و گەلەکەی، لە بەرامبەر هورووژمی شەوپەرستانی ئاخوندی سەنگەری گرت و لە شیمالی کوردستانەوە تا قووڵایترین ناوچەی جنووبی کوردستان، بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردستان بوو بە گۆڕستانی دوژمنان و پێشمەرگەکانی کوردستان حەماسەیان تێدا دەخوڵقاند و لە بەرامبەر هێزی پۆشتە و پەرداخی دوژمن بەربەرەکانێیان دەکرد.

٤٤ ساڵ شەڕی داسەپاو و ماڵوێرانکەری ڕێژیم بەسەر خەڵکی کوردستان‌دا زیانێکی یەکجار زۆری گیانی و ماڵی بۆ خەڵکی زۆلملێکراوی کوردستان هەبووە و چەندین بەرامبەریش زیانی ئینسانی و ماڵیی بۆ ڕێژیم لێ کەوتووەتەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی چەپەڵی خۆی لەنێوبردنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کوردە نەگەیشتووە و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان، هەروا درێژەی هەیە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە شۆڕشی ژینادا، بە ڕێبەرایەتی حیزبەکەمان، چڵەپۆپەی بزووتنەوەی کورد، خۆی نیشان دا. بۆیە ئەوەی هەروا سەربەرز و ڕووسوور لە مەیداندا ماوەتەوە خەباتگێرانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانە کە پێشەنگی ئەو خەباتەیە.