کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە گەشەی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهانە

16:10 - 28 گەلاوێژ 2723

بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە لە ئێران سەبارەت بە پەرەسەندنی نەخۆشیی شێرپەنجە لەو وڵاتە هۆشداریی دا و وتی، ئێران لەم بوارەدا لە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهانە.

محەممەد ئیسماعیل ئەکبەری بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژ، وتی: ''ئێمە لەنێو ئەو وڵاتانەداین کە زۆرترین گەشەی نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە؛ بەو پێیەی تەمەنمان بەرەو سەر هەڵدەکشێت و زیاتر بەرەوڕووی هۆکارەکانی مەترسی دەبینەوە، بۆیە گەشەکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئێران لە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە."

بەرپرسی ناوەندەی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە، پێشگرتن لە شێرپەنجەی وەک ئەرکی دەسەڵات و حکوومەت ناو برد و وتی: پیسبوونی هەوا بە یەک شەو مرۆڤ تووشی شێرپەنجە ناکات، بەڵکوو ٢٠ ساڵ کات دەبات و ئەمەش لەو هۆکارانەیە کە دەسەڵات گرینگیی پێ نەداوە و لە ئێستادا ئەو دیاردەیە زیاتر خۆی دەرخستووە.

هەروەها ئەم پزیشکە لە پێوەندیی نێوان هەژاری و شێرپەنجەدا هۆشداریی دا و ڕایگەیاند، ئەو پێکهاتانە پێوەندییەکی کاریگەری لەسەر یەکتر هەیە و لە هیندێک جۆری شێرپەنجە و لە هیندێک لە قۆناخەکانیاندا، لە چاو دەوڵەمەندەکان، بارودۆخ بۆ هەژاران خراپترە.

ئەم هۆشدارییە لە دۆخێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ١١ ملیۆن کەس لە دەی ٩٠ی هەتاوی، بە ڕێژەی هەژارانی ئێران زیاد بووە.

جێگای ئاماژەیە کە هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، پەرەسەندنی نەخۆشییەکان لە ئێران بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە و بەم شێوەیە خۆیان لە بەرپرسایەتیی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بەدوور دەگرن.