کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی نەغەدە

11:48 - 29 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، مام عەبدوڵڵا ساجوبڵاغی ناسراو بە ''عەوڵای ڕەحیمی زێنێ''، ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات و زیندانیی سیاسیی خۆڕاگر، بەهۆی پیری و نەخۆشی لە ئاوایی خەلیفەلیانی ناوچەی سندووس سەر بە شاری نەغەدە، ماڵاوایی لە گەل و نیشتیمان کرد.

 مام عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لەدایک بووە، تەمەنی لاویی هاوکات دەبێ لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان، نەتەنیا شاهیدی دەسەڵاتی کوردی بووە، بەڵکوو تێیدا بەشدار بووە و دوای جوانەمەرگبوونی کۆمار ڕوو دەکاتە ناوچەی سندووسی نەغەدە و دواتر وەک ئەندامی نەهێنیی حیزب لە شانەی حیزبدا چالاک دەبێت.

لە کتێبی بیرەوەرییەکانی نەمر کەریم حیسامی و مامۆستا محەممەد خزری وەک ئەندامی دڵسۆز و هەڵسووڕی حیزب لەم ناوچەیە ناوی هاتووە، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە ئاشکرا لە ڕیزەکانی حیزب دەبێتە پێشمەرگە، دواتر بەهۆی تەمەنی زۆر و ژن و منداڵەوە بە شێوەی نەهێنی درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

مام عەبدوڵڵا بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە کەسایەتییەکی ناسراو و جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچە و شاری نەغەدە بوو، بەهۆیەوە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و ئەشکەنجە کراوە و خراوەتە کونجی بەندیخانەوە، بەڵام خۆڕاگری و باوەڕی مام عەبدوڵڵا زۆر لەوە بەهێزتر بوون کە ئەشکەنجە و زیندان بە چۆکی دابێنێت، هەر بۆیە دوابەدوای ئازادبوونی درێژە بە ئەرکە نەتەوەییەکانی دا و تا کۆتایی ژیانیشی بە ئیمانێکی پۆڵایینەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەوڵی داوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی مام عەبدوڵڵا، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی نەغەدە و هاوبیرانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.