کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادسەرای ئێڤین ڕوو بە ڕۆژنامەوانێکی کورد: لە دەرەوە بوونت مەترسیدارە

10:48 - 10 گەلاوێژ 2723

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی لەگەڵیان بێبەری کراوە و داواکاریی دانانی بارمتەکەشی لە دادسەرای ئێڤین، ڕەت کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ، بنەماڵەی مەعرووفیان، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کچەکەیان چوونەتە زیندانی ئێڤین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نازیلا مەعرووفیان ئامادە نەبووە بە حیجابی زۆرەملێی حکوومەتەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی دیدار بکات، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پێوەندیگرتن لەگەڵیان بێبەری کراوە.

هەروەها لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی ڕاگوێزرانی بۆ دادسەرای ئێڤین، بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، "ئازاری فیزیکی" دراوە.

دادسەرای ئێڤین بۆ ئازادیی کاتیی نازیلا مەعرووفیان، سەرەتا بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردووە و دواتریش بۆ یەک میلیارد تمەنی گۆڕیوە و سەرەڕای دابینکردنیشی لەلایەن بنەماڵەی نازیلاوە، دادسەرا داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی کاتیی ڕەت کردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک بە بارمتە ناچیتە دەرەوە، چونکە "لە دەرەوە بوونت مەترسیدارە".

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەهۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.