کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سنە

10:12 - 30 گەلاوێژ 2723

کاک جەلیل بەدری، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی بەوەفای حیزبی دێموکرات، لە شارەدەێی "حەسەناوا"ی سەر بە شاری سنە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک جەلیل بەدری، بەندکراوی سیاسی و پێشوو و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها برای شەهیدێکی کوردستان بە ناوی "شەهید خەلیل بەدری" لە شارەدێی "حەسەناوا"ی سنە، بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شیهید خەلیل بەدری، برای کاک جەلیل، ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ئاوایی "مەلەکشا"ی سەر بە شاری سنە شەهید بوو، هەروەها کاک جەلیل بەدری، کە ئەندام و لایەنگری دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو، بەهۆی کار و چالاکیی حیزبییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و ماوەی یەک ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک جەلیل و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی شارەدێی حەسەناوا دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.