کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٨ـەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموكرات لە شاری ئسکلێستۆنای سوید

11:07 - 30 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، لەسەر بانگهێشتنی کۆمیتەکانی حیزب لە شارەکانی ستۆکهۆڵم ، ئۆپسالا، ڤێسترۆس و ئێسکیلستۆنا، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و چەندین ڕێکخراوی سیاسی و سێنفی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندام، دۆست و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بۆ پیرۆزکردنی ٧٨ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، لە شاری ئێسكیلستۆنا لە دەوری یەک کۆ بوونەوە.
سەرەتا لەیلا محەممەدی  و عارف عەزیزی (ڕاوێژ)، بە پێشکەشکردنی شێعری شۆڕشگێڕی بەرنامەکەیان کردەوە و سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان نەبەز عەلی دوست، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتی، لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و دواتر پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی پێکهێنەری سیمینارەکە لەلایەن "حەبیب بەهرامی"یەوە پێشکەش کرا.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، قاسم قازی، کادری بەئەزموون و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات باسێکی سەبارەت بە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی و دروستبوونی کۆمەڵەی "ژێکاف" و بیرۆکەی بیرمەندانی ئەو سەردەمە، پێشکەش کرد. 
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "دامەزرانی حیزبی دێموکرات وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ لای ناسیۆنالیستی کوردی." بەڕیزیان هەر لەو دەلاقەیەوە باسی پەیوەستبوونی پێشەوا قازی محەممەد بە ژێکاف و سازدای بەستێنی دامەزرانی حیزبێکی سیاسیی مودێڕن کرد کە بتوانێت هەموو چین و توێژەکان نوێنەرایەتی بکات و هەڵگری بیری نەتەوەیی بێت و داکۆکیکاری مافی گەلی ئێمە بێت.
لە بەشی دووەمی سیمینارەکدا، محەممەدعەلی عینایەتی، فەرماندەی کارامە و تێکۆشەری ناسراوی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی سیاسیی سەبارەت بە ٢٥ی گەلاوێژ و نەخش و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی ٧٨ ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی لە شوڕشی ژینادا پێشکەش کرد.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا، بە ئاوڕدانەوەی خێرا لە مێژووی حیزب، پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات و هاوکات سیاسەتی بەجێ و ئەزموونی ڕێبەرایەتیی حیزبی بە هۆکاری سەرەکی و گرینگی مانەوەی حیزب زانی و یەکگرتنەوەی هەردووک لایەنی دێموکراتی بە هۆکارێکی گرینگ زانی بۆ دڵگەرمیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەشانەوە کوانووی بیری ئازادیخوازی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 
شایانی باسە کە نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، پەیام و برووسکەی پیرۆزباییان بۆ ئەم سیمینارە ناردبوو.