کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش، دانی بە دنیابینیی جیاوازیی کوردستان نەناوە

15:42 - 30 گەلاوێژ 2723

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوێترین وتووێژ دەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی حیزب (کوردکاناڵ) باسی لە پێویستیی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، دەوری پێشەوا قازی محەممەد و دکتۆر قاسملوو لە داڕشتنی سیاسەتە گشتگیر و ستراتێژیکییەکانی حیزب و ڕەوشی خەبات لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا کردووە. باس لە چۆنیەتی و هۆکاری هێرش بۆ سەر کوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بەردەوامیی سیاسەتی سڕینەوەی کورد لەلایەن حکومەتی ناوەندی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیمانەیە بوو. ڕۆژنامەی "کوردستان" پوختە و گرنگترین بەشەکانی وتوێژی بەڕێزیانی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

 

گرنگی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات:

دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٧٨ ساڵ لەمەوبەر، ولامێک بوو بۆ پێویستییەکی مێژوویی، سیاسی و تەشکیلاتی لە کوردستانی ئێران. بەر لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران بە شێوەی بەربڵاو بەڵام ڕێک‌نەخراو و لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا دژایەتیی دەستەڵاتی ناوەندی بە ئاراستەی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بوونی دەکرا. بەڵام دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و دەرکەوتنی بۆشاییەک لە ئاکامی داگیرکردنی ئێران لەلایەن هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو و ئینگلیس، نەمر قازی محەممەد دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات بە لێکدانەوەی ڕاستەقینەی لە دۆخی ئارایی، حیزبی دێموکراتی وەک حیزبێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک دامەزراند. دەکرێ بڵێین دوای ئەم ڕووداوە ژینگەی سیاسی کوردستانی ئێران و ڕێکخستنی خەڵکی کورد لە هەمبەر چۆنیەتیی چالاکیی سیاسی و هەوڵدان بۆ وەدەست‌هێنانی مافە نەتەوایەتییەکان شێوازیی حیزبی بەخۆوە گرت.

دەوری پێشەوا قازی محەممەد:

بە ڕوانینێکی ڕاستەقینە لە دۆخی ئێران و کوردستانی ٧٨ ساڵ لەمەوبەر، ڕەوشی ئاڵۆز و ناهەمواری ئێران، پاشکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردستان بەبەراورد دەگەڵ ئەمڕۆ، نزمبوونی ئاستی خوێندەواری و زانست لەنێوان خەڵک و هەبوونی کۆمەڵگەیەکی عەشیرەیی و دەرەبەگایەتی؛ هەوڵی قازی محەممەد بۆ دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و ئامادەکردنی کوردستان بۆ ژینگەیەکی سیاسی نوێ، هەوڵێکی ناوازە و پێشکەوتوانە بوو. هەڵبەت لەو سەردەمەدا ئالنگاری و دەرفەتی زۆریش بوونیان هەبووە. دەرفەتەکان ئەوانە بوون چۆن بکرێ لەو دەرفەتە هەڵکەوتووە بۆ ڕۆنانی دێموکراسی و گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کورد، کەڵک وەربگیردرێ. کێشە و ئالنگارییەکانیش ئەوە بوو کە دەبوایە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان پێکەوە بە دوای چارەسەری کێشە و قەیرانەکان هەنگاو بنێن و، بەخۆشییەوە بەڵگە مێژوویەکان نیشان دەدەن کە ئەو پرسانە بە ژیری و وریایی چارەسەر بوون و ئێمەش هیوادارین کە ئەم ئەزموونە مێژووییە ئێستاش کاری پێ بکرێ و هەردووک لایەنی کورد و تورک پێکەوە بە هاوکاری و هاوتەریب دەگەڵ یەکتر پەرە بە پێوەندییەکانییان و هاوکاریی دوولایەنە بدەن. یەکێکی دیکە لە گرفتەکان حکومەتی پەهلەوی بوو کە نەیدەویست دان بەو حکوومەتانە دابنێت. قازی محەممەد هەوڵی ئەوەی دابوو بە چالاککردنی دیپڵۆماسی و دیالۆگ دەگەڵ تاران بەپێی ڕاستییەکانی ئارایی باشترین بڕیار بدرێ، بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمدا بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی ئێران ئاگاداری ئەوە نەبوون دۆخی کوردستان چۆنە و خەڵکی کورد چی دەوێ، وێڕای هەوڵی بێ‌وچانی قازی محەممەد بۆ چارەسەری گرفتەکان، بەڵام لە تاران هیچ گوێچکەیەک بۆ بیستن بوونی نەبوو.

چۆنیەتیی ئیدارەی کوردستان یەکێکی دیکە لە داڵغە فکرییەکانی پێشەوا بوو. بە هەوڵ و خەباتی بەردەوامی قازی محەممەد و ڕێنوێنییەکانی لەو سەردەمدا (کە ٧٨ ساڵ لەمەوبەر یەکیەتیی لاوان و ژنانی کوردستان دامەزرا) بەڵگەیەکی زۆر هەن پشتڕاستی دەکەنەوە، حکومەتی خودموختار بۆ ئیدارەکردنی کوردستان بەرنامەی داڕشتووە و زۆربەی ئەو بەرنامانە لە ئاوەزی پێشەواوە سەرچاوەی گرتووە. "ئارچیباڵد ڕوزوێڵت" کە ئەوکات دیپڵۆمات و بەرپرسی کاروباری نیزامیی ئەمریکا لە سەفارەتی ئێران بوو، سەفەرێک بۆ کوردستان دەکات و چاوی بە قازی محەممەد دەکەوێت و دگەڵی دەدوێ، ئەو دەڵێ: قازی محەممەد لە نێو خەڵکدا کەسایەتییەکی زۆر جێگای ڕێز و خۆشەویست بوو، ئەو بەسەر چەند زماندا زاڵ بوو و کتێبخانەیەکی هەبوو یەکجار زۆر گەورە و دەوڵەمەند، هەڵسوکەوتی ناوبراو دەگەڵ سەرجەم چین و توێژێکی کۆمەڵگە بەوپەڕی ڕێزەوە بوو، کاتێک پرسیارم لێ‌ کرد ئاڕمانج و جۆری حکوومەتی دواڕۆژتان چییە؟ گوتی: دێموکراسی. ئەمە لەوسەردەمەدا و لە جیهانیبینیی ئەو چاخە کە کڵوکۆی هزری چەپ و کۆمۆنیستی زاڵ بوو، زۆر جێگای بایەخە."

کۆمارە ناوچەیەکان لە وڵاتی پاشایەتیی ناوەندتەوەر:

ئێستا ئێمە باس لە ٧٨ ساڵ لەمەوبەر و دواساڵەکانی کۆتاییهاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی دەکەین. لەو سەردەمدا باکووری ئێران، بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان و ئازەربایجان لەلایەن یەکیەتیی سوڤیەتی پێشوو داگیر کرابوو و هەوڵیان دەدا لەم ناوچانەی ژێر دەستەڵاتییان ئەزمون و بیرۆکەی سیاسیی خۆیان دابمەزرێنن. ئەم بابەتە لەلایەک ئەرێنی بوو، چونکە لە نێوخۆی یەکیەتیی سوڤیەتی پێشوو نزیک ١٥ نەتەوەی جۆراوجۆر دەژیان، ئەوان هەموویان کۆمار یان خودموختاری نێوخۆیی خۆیان هەبوو واتە دەستەڵات لەدەستی خۆیان دابووە، کۆماری کوردستان و ئازەربایجانیش لەوە وەرگیرابوو، هەربۆیە قازی محەممەد و حیزبی دێموکرات بەرنامەی ئەوەیان نەبوو لە ئێران جیا ببنەوە و هەوڵی ئەوان ئەوە بوو پرسی نەتەوەیی کورد و هەڵسووڕانی کاروباری کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران دابێ.

دۆخی خەباتی حیزبی دێموکرات دوای نەمانی کۆماری کوردستان:

دوای لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێیەکانی حیزبی دێموکرات قۆناغی خەباتی نهێنیی دەست پێ کرد، زۆربەی کادر و ئەندامانی حیزب زیندانی و بەشێکیشیان شاربەدەر کرابوون، بەلام سەرەڕای ئەوە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب دەگەڵ چالاکانی ئیداریی ئێرانی پێوەندی باشیان هەبوو، بۆ میناک لە سەردەمی موسەدیق ئەو پێوەندی و چالاکییانە هەروەها کەشی هەتا ڕادەیەک کراوەی سیاسی لە کوردستان بووە هۆی ئەوەیکە جارێکی دیکە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات وە جموجۆڵ بکەوێتەوە، بەڵام دوای کودتا و گەڕانەوەی دیکتاتۆریی پەهلەوی، هەمدیسان بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات گیران و تەنانەت بەشێکیان هەتا شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ لە بەندیخانەدا مانەوە و هەبووە ٢٥ ساڵ لە زینداندا بووە. لەم دەورانە ئاڵۆز و نهێنی‌کارییەدا بەشێکی زۆر لە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بەناچار نیشتمانی بەجێ هێشت و لە باشووری کوردستان درێژەیان بە خەباتی سیاسی خۆیان دا، بەڵام هەرچۆنێک بێ پردی پێوەندیی خەڵک و حیزب هەر بەردەوام بووە.

دۆخی حیزبی دێموکرات دوای شۆڕشی ١٣٥٧:

خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرکەوتنی شۆرش هەبوو، بەڵام بەداخەوە وردوردە ئێمە لە نێوخۆی ئێران وەک بێگانە و دژ سەیرمان کرا، هەتا وای لێ هات بەشێک لە خەڵکیی چەکداری تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لە ڕێکخراوە تازە دامەزراوە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕێک خران. سیاسەتی حیزبی دێموکرات بەردەوام پێداگری لەسەر ئەم خاڵە کردووە پرسی کورد دەگەڵ دەستەڵاتی ناوەند لە ڕێگای دانو‌ستانەوە چارەسەر دەبێ، هەموو هەوڵی حیزبی دێموکرات و د. قاسملوو وەک وتەبێژی دەستەی نوێنەرایەتی خەڵقی کورد لەو کاتەدا و دواتریش لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان ئەوە بووە کۆتایی بەو قسە بێنیت کە باس لە وەهمی "جیایی‌خوازی" کوردەکان دەکات. بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینیش وەک ڕێژیمی پاشایەتی دانی بە پرسی خودموختاری نەنا و دەیگوت ئەوە چەمکێکی ڕۆژئاواییە. ناوبراو هەر لەم پێوەندییەدا بە هاوکارێکی خۆی دەڵێت: ناکرێ ئێمە ئەوان بگۆڕین؟ دوای ئەوە باسی خودگەردانی هاتە کایەوە و، هەموو نەرمی و نەوی‌کێشانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە بوو کۆماری ئیسلامی ئێران خێرا و بەهاسانی شەڕ بەسەرماندا نەسەپێنیت بۆوەی دەرفەتی زیاترمان بۆ وتووێژ و لەیەکتر حاڵیبوون هەبێ. تەنانەت ئەوکات زۆربەی چەپەکانی ئێران و کۆمۆنیستەکان تانەیان لەو سیاسەتەی حیزب دەدا و مۆڕک و بوختانی ئەوەیان بۆ حیزب و د. قاسملوو هەڵدەبەست کە "سازشکارە". تەنانەت کاتێک باڵوێزخانەی ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا گیرا و کارمەندەکانی بەبارمتە گیران، حیزبی دێموکرات لە یەکەمین حیزبەکان بوو ئەو کردەوەیەی مەحکووم کرد و پێداگریی لەسەر پاراستنی یاسا و ڕێسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە کرد. ئەم هەڵوێستەش هەر لەلایەن حیزب‌گەلی کۆمۆنیستی و چەپ کەوتە بەر ڕەخنە و گازندە، بەڵام ئێمە وەک بەشێک لە مێژوویەکی درەوشاوەی خۆمان سەیری دەکەین چوونکە ئێمە هەمووکات دژایەتیمان کردووە دەگەڵ تیرۆر و بەبارمتە گرتن و ئەمەش سیاسەتی بنچینەیی و نەگۆڕی حیزبەکەمانە. بەهەرحاڵ وێڕای هەوڵەکانی حیزبە سیاسییەکانی کورد بە دامەزراندنی شووڕای خەڵکیی و دێموکراتیک، ناوچەکانی کوردستان ئیدارە دەکران، بەڵام لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە هێرشمان کرایە سەر و شەڕێکی سەرتاسەری بە دژی خەڵکی کورد سەپێنرا.

دەوری دوکتور قاسملوو لە ڕوونکردنەوەی سیاسەتە ستراتێژییەکانی حیزب:

سەرجەم ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کە بەشێکی زۆریان لە مەیدانی خەبات دەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکام هێرش بۆسەر کوردستان شەهید بوون یان لە کوردستانی باشوور تیرۆر کران، یان نەمر دکتۆر شەرەفکەندی کە لە ڕیستۆرانی میکۆنوسی ئاڵمان تیرۆر کرا، دەورێکی بەرچاویان لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتدا هەبووە. بەڵام ڕۆڵ و کاریگەریی دوو کەس لە ڕێبەرانمان یەکجار زۆرتر دیارە. یەکەم قازی محەممەدە کە ٧٨ ساڵ لەمەوبەر حیزبی دێموکراتی دامەرزاند و دوای ئەو د. قاسملوو کە ئەندازیار و داڕێژەری نوێکردنەوەی تەشکیلاتی، سیاسی و ستراتێژیی حیزب بووە. ئەگەر قازی محەممەد سوور بوو لەسەر دامەزراندنی حیزب، د.قاسملووش بەو ڕادەیە پێداگر بوو کە حیزب دەبێ یاسا و ڕێسا، تاکتیک، ستراتێژی، بەرنامە، کۆنگرە، کۆنفڕانس و دوورە دیمەنی سیاسی خۆی هەبێ، هەربۆیە بە هەوڵ و تێکۆشانی بنچینەیی و پێویست، ڕۆڵی د.قاسملوو لە حیزبی دێموکرات و بە شێوەی گشتی لە بزووتنەوەی کوردستان زۆر بەرچاو و دیارە. دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی کاریزماتیک و مەزنی هەبوو، بەڕێزیان کە لەسەردەمی دامەزرانی حیزبدا تازەلاوێک بوو، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە تاران و دواتر بۆ درێژەی قۆناغەکانی خوێندنی ئاکادیمیک وڵاتی بەجێ هێشت. مانەوە لە ئورووپا و گۆڕانکارییەکانی بەهاری پڕاگ دەرفەتێکی باش بوو بۆ د. قاسملوو هەتا بتوانێ ئەو ئەزموونانە بگوازێتەوە نێو سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە یەک ڕستەدا دوکتور قاسملوو ئەندازیاری سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

هۆکاری هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان:

کوردستانی ئەو سەردەم بە بەراورد دەگەڵ باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران پێشەنگی دێموکراسیخوازی و ڕێکخستنی سیاسی و خەڵکی بوو. ڕێبەری و نوێنەرایەتی زۆربەی هیزەکانی ئێرانی دژبەری ئەو ڕێژیمە نوێیە کە نەیاندەتوانی لە تاران و ناوچەکانی دیکە بمێننەوە، لە کوردستان بوون و کۆماری ئیسلامی ئێران جیهانبینیی جیاوازیی کوردستانی بۆ نەدەسەلما و دانی پێ نەدەنا، هەربۆیە هێرشی کردە سەر کوردستان و بەشێک لە خەڵکی کوردستانیش کە وەک باقی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران چەکیان هەبوو، دەگەڵ دامەزراندنەوە و پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە کەوتن و هەتا ئیستاش ئەو بەرگرییە هەر بەردەوامە. خاڵێکی جێ سەرنج لە گەرمەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق ئەوەیە، نەمر د. قاسملوو پەیامێکی بۆ تاران نارد بەو نێوەڕۆکەی، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دان بە ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد دابنێ، ئێمە ئامادەین هێزەکانی خۆمان بۆ بەرەی شەڕ دەگەڵ عێراق بگوازینەوە. ئەمە پەیامێکی زۆر مێژوویی و گرنگ بوو، بەڵام هەتا ئیستاش لەو خەڵکانە بوونیان هەیە کە لە ڕێبەری ڕێژیم دان یان بەشێکن لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کە ئاگادارییان لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کورد نییە و هەر زۆر بە هاسانی بەدوای تیۆری پیلان گێڕی‌دان هەوڵ دەدەن کوردستان و حیزبی دێموکرات بەوە تۆمەتبار بکەن کە ئێوە "جیایی‌خوازن"، د. قاسملوو بەردەوام باوەڕی بەوە هەبوو دامەزراندن و سەقامگیری دێموکراسی لە ئێران و هەبوونی مافی خودموختاری کە بۆ نەتەوەکانی نێو ئێران گرنگی هەبوو، هۆکاری سەرەکی بۆ پێشگرتن لە دابەشبوونی ئێرانە. کەواتە ئەگە بۆ هەمیشە کوردستان و باقی نەتەوەکان لە پەراوێز دابن و ناوەندیش هەر بە ناوەندی بمێنێتەوە، زۆر سرووشتییە هۆکاری هەڕەشەکە بۆ ئەو جۆرە تێڕوانینە بگەڕێتەوە.

بۆچی لە کاتێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەهۆڵی کوشتار و تیرۆر و خوێنڕشتن دەکوتێ بەڵام حیزبی دێموکرات واز لە خەباتی مەدەنی، سیاسەتی دیالۆگ و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەی ئاشتیانە ناهێنیت؟

پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، کاتێک کە ئارچیباڵد ڕوزوێڵت لە قازی محەممەد دەپرسێ ئێوە چ جۆرە سیستەمێکی سیاسی پەسند دەکەن، وڵامی پێشەوا ئەوەیە کە؛ حکومەتێکی دێموکراتیک. د. قاسملوو لە درێژەی خەباتی سیاسی و حیزبی ئەو دێموکراسی‌خوازی و بایەخە جیهانداگرەکانی بردووەتە نێو هەناو و ناخی حیزبەوە. لە سەردەمی شەڕی داسەپاوی دەستەڵاتی ناوەندی بەدژی خەڵکی کورد، حیزبی دێموکرات هیچ‌کات دیلەکانی شەڕی ئەشکەنجە نەدا، بریندارەکانیان لە مەیدانی شەڕ وەک پێشمەرگەکان دەرمان دەکران و دوای ئەوەیکە لە بواری بیرکردنەوەی سیاسی ڕوون دەکرانەوە ئازاد دەکران، جا زۆربەی ئەوان لە ناوچەی خۆیان دەبوونە سەفیری پرسی کورد، ئێمە هیچ‌کات باوەڕمان بە تیرۆر نەبووە، تەنانەت ئەو کاتەی ڕێبەرانمان سەرەتا د. قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ دەگەڵ دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی ئێرانی و دواتریش لە میکۆنوس د. شەرەفکەندی کاتێک دەگەڵ بەشێکی لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن دانیشتبوو، و لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە تیرۆر کران، ئێمە بۆ وڵامدانەوەی ئەو تاوانە مەزنانە دەستمان بۆ تیرۆر نەبرد. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا ناوەندەکانی ڕێبەریی حیزبەکەمان چەندین جار بە دڕۆن و مووشەک پەلامار دران و خەسارەتی گیانی و ماڵیی زۆرمان وەبەر کەوت بەڵام ئێمە وتمان تیرۆر بە تیرۆر وڵام نادەینەوە دواتریش دیتمان خەڵک چۆن ئەو پەیامەی ئێمەی وەرگرت و بە خەباتی مەدەنی، سیاسی و یاسایی ئەوەندەی بۆیان لوا بە چالاکیی وەک مانگرتن، ناڕەزایەتیی سەرشەقام و بە بەشداریی ژنان و پیاوان و لاوانی کوردستان لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە تەنانەت مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییەکانی مەزهەبی کە هەمووکات دەوری کاریگەریان لە ژیانی سیاسی حیزب هەبووە، مەیدانی خەبات و تێکۆشانییان لە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران گرتووە.

بنەمای دیپڵۆماسی و پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب:

فەلسەفەی بوونی حیزبی دێموکرات، فەلسەفەیەکی سیاسی‌یە، ڕوانینی ئێمە سەرچاوە و ئاخێزگەیەکی ئایدۆلۆژی تایبەتی یان حیزبێکی چینایەتی نییە، ئێمە حیزبێکی نەتەوەیین و کاتێک دەڵێین ئێمە حیزبێکی نەتەوەیین، ئەمە هەموو خەڵکی کوردستان دەگرێتەوە بە سەرجەم چین و توێژ و باوەڕەکانیان. چوونکە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگە، ئەو جۆراوجۆرییەش بە جوانی لەنێو ڕیزەکانی تەشکیلاتیی حیزبدا خۆیا دەبێ. هەروەک باس کرا ئێمە بەدوای چارەسەری پرسی کورد و مافەکانی نەتەوەیی خۆمانین و لە دانیشتنە سیاسییەکانیشدا زۆر سرووشتییە بۆ ئەو مەبەستە بەدوای یارگیری و بەردەنگی خۆمانین. لەناوخۆی ئێران سەرجەم ڕێکخراو و حیزبەکانی ئێرانی کە باوەڕیان بە دێموکراسی، جیایی دین لە دەوڵەت، ئیدارەی هاوبەشی ئێران و نا ناوەندبوون و مسۆگەربوونی یەکسانیی مافی نەتەوەکانی ئێران هەبێ، ئێمە وەک هاوپەیمان چاویان لێ‌دەکەین، لایەنگری دۆستایەتی و پێوەندی دەگەڵ هەموو ڕێکخراوە و رەوتێکین کە بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. لە بواری دیپڵۆماسیی نێودەوڵەتیشەوە ئێمە بەردەوام هەوڵمان داوە لەسەر ئەو بنەمایە پێداگر بین کە وێنایەکی گشتی لە ئێران و کوردستان پێشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین. هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە داهێنان و نوێکاری و جیهان بینییەکانی نەمر د. قاسملوو کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو تێکۆشاوە لە ئەمریکا و ئوروپا دەگەل دامەزراوە و وڵاتانی جۆراوجۆر پێوەندی هەبێ، لە درێژەی ئەو سیاسەتانە و پێوەندی ئێمە وەک ئەندامی ئەنتەرناسیۆناڵ سوسیالیست و دەرفەتەکانی دیکەش هەوڵ بدەین پەیام و ڕێکاری سیاسی حیزب و خەڵکی خۆمان بگەیەنینە گوێی جیهان.