کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات

11:00 - 31 گەلاوێژ 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات، لە شنۆ، مەهاباد، بۆکان و سەقز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەو یادە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵیادی یەکگرتنەوەی ڕیزکانی حیزبی دێموکرات، سەردانی گڵکۆی شەهید سامان قادر بەیگ لە ئاوایی کەرێزەی ئەیووبی لە ناوچەی تورجانی بۆکانیان کرد و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

لە سەقز، تێکۆشەرانی بەئەمەگی دێموکرات، لە بەرزاییەکانی گەڕەکی قەوەخ بە دروشمی ''یەکگرتنمان ڕەمزی سەرکەوتنمانە'' چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ساڵیادی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتیان بەرز و پیرۆز نرخاند.

لەلایەکی ترەوە ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، هەر بەم بۆنەوە لە گوندی ئاڵکاوێ و جادەی سینگان لە شنۆ، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕیوە برد.

هەروەها ئەندمانی بوێر و دڵسۆزی حیزب، لە شاری مەهاباد لە ڕێگای گوندەکانی ''کەرێزەی شێخان، ئاڵبڵاغ و گۆلێ'' بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات، یادی ٢٥ی گەلاوێژ و ساڵوەگەڕی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و لەسەر تێکۆشان و درێژەدان بە ئامانجەکانی گەلی کورد پێداگرییان کردەوە.