کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگار ئەمین‌نژاد: ماهییەت و کارکردی حیزبی دێموکرات، سەروەریی سیاسی و مافی نەتەوایەتییە

00:35 - 1 خەرمانان 2723

وتووێژ: دیاکۆدانا

بەرایی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای نیزیک بە ٨ دەیە خەبات لەپێناو وەدست‌هێنانی مافی نەتەوایەتی و ڕزگاریی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بە خەباتی بێ‌وچان و دەریایەک خوێن کە بۆ ئامانجەکانی گەلی گورد بەخشیویەتی، ئێستا هیوای هەرەسەرەکیی خەڵک و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڵام پرسی نەتەوایەتی لە ماوەی ئەو دەیان ساڵەدا تاکە تەوەری خەبات و تێکۆشانی حیزب نەبووە. حیزبی دێموکرات وەک حیزبێكی مۆدێرن و سەردەمیانە کە باوەڕی بە دێموکراسی و بایەخە جیهانداگرەکان و دەسەڵاتی گەلی و دێموکراتیک هەیە، واقیگەرایانە ئاوڕی لە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگە داوەتەوە، پلانی بۆ داڕشتوون، لە سیاسەتەکانی خۆیدا خوێندنەوەی بۆ کردوون و هەنگاوی پڕاکتیکی بۆ هەڵگرتوون و تاکەتەور لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم حیزبە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بووە. "کوردستان" بۆ تاوتوێکردنی زیاتری کاریگەریی حیزب دێموکرات لەسەر خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، وتووێژێکی لەگەڵ "ڕزگار ئەمین‌نژاد"، نووسەر، لێکۆڵەر و کارناسی سیاسی کردووە.

کاک ڕزگار، لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی، فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتە. پێتان وایە حیزب دێموکرات لە ماوەی نیزیک بەو ٨ دەیەی دوای دامەزرانیدا چ کاریگەرییەکی لەسەر پەرەپێدانی شۆناسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە؟

کۆمەڵناسیی سیاسی زەروورەتی دامەزرانی حیزب لە ئاکامی دەرکەوتنی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکاندا پێناسە دەکات، ستەمی نەتەوایەتیش یەک لەو کەلێنانەیە، چوونکە پێوەندی بە دیاریکردنی مافی چارەنووسەوە هەیە. ئەمە باسێکی ماهیەتییە، بەڵام کارکردی حیزب بەپێی بۆچوونی ستاین ڕوکان، لە دوو پارامێتری "پارتی- سیستەم و پارتی-کولتوور" دا دەردەکەوێت. پارتی- سیستەم؛ چۆنایەتیی ماملەکردنی حیزب لەگەڵ دەسەڵات یا ململانەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتە و پارتی- کولتووریش تەعامولی نێوخۆیی حیزب و پراکتیکی سیاسی-کۆمەڵاییەتی حیزب دیاریی دەکات. لە یەکەم بەیاننامەی حیزبی دێموکرات (١٣٢٤)، باس لە زەروورەتی دامەزرانی حیزب وەک دەرەنجامی هەڵاواردنی نەتەوەیی کراوە و بە دوایدا ڕێکارێکی دێموکراتییانە لە توێی ٨ ماددەدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد داڕێژراوە. وەک دەبینین ئەو بەیاننامەیە لە دوو بەش پێک‌هاتووە: یەکەم باس لە ماهییەتی دامەزرانی حیزب دەکات و دواتر کارکردی حیزب لە ٨ ماددەدا دیاری دەکات. ڕەهەندی پارتی-کولتوور پێوەندیی بەوەوە هەیە کە حیزب تا چەند توانیویەتی کولتوری دامەزراوەخوازی و بەتایبەت ڕێکخستن لە کۆمەڵگەدا سەقامگیر بکات. لە دەیەی ٢٠ لە ئێراندا ئێمە زەمینەی سەرهەڵدانی دامەزراوە سیاسییەکان دەبینین و هەر لەم پێناوەدا دامەزرانی حیزبی دێموکرات وەک وەڵامدانەوەیەکی پۆزیتیڤ بەم ڕەوەندە دێموکراتیکە جێگای تێڕامانە. کاتێ دێینە سەر باسی پارتی-سیستەم، وەک لەم بەیاننامەیەدا دەردەکەوێ، دامەزرانی ئەم حیزبە لەڕاستیدا هەنگاوێکە بۆ تەعامولکردن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی بە مەبەستی دیتنەوە چارەسەرییەکی دێموکراتیانە بۆ پرسی دەسەڵات لە ئێراندا. کەوایە حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانیەوە لەپێناو سەروەریی سیاسی و پرسی نەتەوایەتی دامەزراوە. بەڵام ڕەهەندێکی پڕاگماتیکانەش لەگەڵ ئەو حیزبەدا هاتووە کە ستراستیژیی خەباتەکەی بەپێی پوتانسێڵی نەوەکانی کورد دیاریی بکات و ئەم تێبینییە توانیوییەتی ئیمتیازێکی واقعگەرایانە بەو حیزبە ببەخشێت. بەگشتی هەم لەباری ماهییەتی و هەم لەباری کارکردییەوە نکوڵی لە کارایی حیزبی دێموکرات وەک ڕێکخەر و بەستێنسازکەری بزووتنەوەی کوردایەتی لە ئێراندا ناکرێت.

چەپ‌بوون و پرسی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەمیشە ڕووی ئەمدیوی فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکرات بووە. بە سەرنجدان بە ڕەوتی مێژوو و ئەو گۆڕانکارییانەی لە نەزمی جیهانی‌دا هاتوونە پێش؛ چۆن باس لە چەپ‌بوون و چەپ‌مانەوەی حیزبی دێموکرات دەکەن؟

بیری چەپ لە باری تیۆرییەوە تووشی پاڕادایم‌شیف هاتووە. هۆکارەکەش ئەوەیە لیبڕاڵیزم- بە تایبەت لە مەنتقی بازاڕدا- توانیویەتی ببێت بە هەژمۆن لە جیهاندا، بەڵام ئەمە هۆکاری سەرەکی نییە. ئەگەر ئاوڕ لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم بدەینەوە و بەتایبەت ڕاپەڕینی مانگی مەی ١٩٦٨ وەک دەسپێک لەبەرچاو بگرین، دەبینین ئاراستە و نێوەرۆکی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان "پۆست ماتریالیستین." بە زمانێکی سادە هۆکاری سەرهەڵدانی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان ماتریالیستی نەماوە، بەڵکوو کولتوور و ناسنامە نێوەرۆکی سەرەکیی بزاڤەکانن. ڕوحی ئیگزیستیانسیالیستی لە شەستەکانی زایینییەوە، ئازادیی تاک و پرسی ناسنامەی وەها کانالیزە کردووە کە وێناکردنی دادپەروەری و یەکسانیخوازی بەبێ سەلماندنی ئازادیی تاک نامومکین دێتە بەرچاو. هەر ئەم ڕەوەندەش وای کردووە کە هێزەکانی چەپ ئەمرۆ هەر بۆ داوا سینفی و ماددییەکان خەبات نەکەن بەڵکە چ لەباری تیۆریک و چ لەباری پڕاکتیکەوە پشتگری لەو بزاڤانەش دەکەن کە بە بزاڤی هۆییەتی ناسراون.

بەپێی تێگەیشتنی من، بیری چەپ لە حیزبی دێموکراتدا هەر لە سەرەتاوە، ماهییەتی کولتووری و ناسنامەیی هەبووە. وابزانم "کورتەباس"ەکەی دوکتور قاسملوو ئەم بۆچوونە باشتر بسەلمێنێت. کە باس لە گۆڕان لە سیستەمی جیهانییش دێتە ئاراوە، دەبێ عەرزتان بکەم، لە ڕاستیدا گۆڕانێکی ئەوتۆ نابینین. ئەو شتەی کە گۆڕاوە، تێگەیشتنی ئێمەیە کە بە هۆی شۆڕشی زانیاری و سۆشیال مێدیاوە توانیومانە بە چاوێکی کراوەترەوە لەگەڵ واقیعی جیهان بەرەوروو ببینەوە. وابزانم بۆچوونی جان مێرشایمێر تا ڕادەیەکی باش دەتوانێ یارمەتیمان بدات بۆ شرۆڤەکردنی سیستەمی جیهانی. ئەو باس لە "ستروکتوراڵ ڕیالیتی" دەکات و پێی وایە مەنتقی ئەم سیستەمە وەهایە کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەجندا و تەعامولی دەوڵەتان دیاریی دەکات. واتە سیاسەتی نێوخۆیی و نۆرمە مەدەنییەکانی دەوڵەت گرینگییەکی ئەوتۆیان نییە لە سیاسەتی جیهانیدا بەڵکوو شێوازی تەعامولی دەوڵەتەکان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتییە کە سیاسەتەکانی دەوڵەت دیاری دەکات. بە زمانێکی سادە عەرزتان بکەم: هەڕەشەیەکی هەتاهەتای لەسەر تەناهی و مانەوەی دەوڵەتەکان هەیە و ئەم دیاردەیە دەوڵەتەکان بەرەو بیری بەهێزبوون پاڵ پێوە دەنێت. مەنتقی هێز لەم تیۆرەدا کۆنتێکستی پێوەندیی نێوان دەوڵەتەکان و هەروەها ڕیفاهی نێوخۆیی بۆ هاوڵاتیان دیاری دەکات. واتە ئیدئۆلۆژی، نۆرمە مرۆییەکان، ئەخلاقی سیاسی و... لە ئەجندای نێودەوڵەتیدا جێگای نییە بەڵکوو هێز تاکە نۆرم و ئەنگیزەیە کە دەبێ دەوڵەتەکان هەوڵی بۆ بدەن. نموونەییەکی سادە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە ئەوەیە بە درێژایی مێژوو ئەو دەوڵەتانە هێرشیان کراوەتە سەر و شکستیان هێناوە کە هێزیان لە کەمی داوە. وابزانم تیۆری ستروکتوراڵ ڕێالیزم نەک هەر لە ئاستی نێوان دەوڵەتان بەڵکوو دەتوانین لە پێوەندی نێوان پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەکییەکانیشدا تەتبیق بکەین. هێز لە تەعامولی نێوان پێکهاتە سیاسییەکان و لەنێوان دەوڵەت و ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. لەم سۆنگەوە لەوانەیە چەپ بوون یا لیبڕاڵ بوون بۆ حیزبێک وەک بڕەند یا پرستیژ لەبەرچاو بگرین، بەڵام "هێز" چارەنووسی حیزبێکی سیاسی دیاریی دەکات. وابزانم حیزبی دێموکرات و هەروەها حیزبەکانی دیکەش دەبێ بە جیددی ئەم واقیعی ساختارییە بە هەند بگرن و هەم لەباری نەرمامێری و هەم لەباری سەختامێرییەوە لەبیری بەهێزکردنی خۆیان بن. 

حیزبی دێموکرات نیزیک بە هەشت دەیەیە پێداگری لەسەر دێموکراسی بۆ ئێران دەکا و لە ئێستاشدا ئێرانی فیدڕاڵی داهاتووی بە دێموکراسییەکەوە گرێ داوە کە پێویستە لەو وڵاتەدا چێ ببێت. پێتان وایە بە سەرنجدان بە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکرات ئەوە ئەرکی ئەم حیزبەیە؟ بە ڕوویەکی دیکەدا دەسکەوتەکانی هەڵگرتنی ئەم دروشمە لە هەشت دەیەی ڕابردوودا بۆ حیزب و گەلی کورد لەو وڵاتە چی بووە؟

دێموکراسی کێشە بنەماییەکان چارەسەر ناکات چوونکە بۆ ئەم کارە دروست نەکراوە. بۆ نموونە پرسی نەتەوەیی یەک لەو پرسانەیە کە نەک دێموکراسی چارەسەری نەکردووە، بەڵکوو لە زۆر یەک لە وڵاتان دێموکراسی ڕۆڵی هەبووە لە ئیستیحاڵەکردنی پرسی نەتەوەییدا. بۆ نموونە دێموکراسی بووەتە شمشێری دامۆکلێس لە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا و هەرکات باسی پرسی نەتەوەیی بکەین، لە سەرمان دەدات. گرامشی لە یەکێک لە یاداشتەکانی زینداندا باس لە هەژمۆنی دێموکراتیک دەکات و دەڵێت لە وڵاتانی لیبڕاڵ کرێکارەکان تووشی وەهمی دێموکراتیک دەکەن بەڵکوو لە ڕێگای دەنگدانەوە بە مافەکانیان بگەن، بەڵام ئەو شتەی قەت لە سندووقەکانی دەنگدان نایەتە در، ماف و داوای کرێکارانە. لە سیستەمێکی دێموکراتیدا، بە بۆچوونی گرامشی، تەنیا هەژمۆنی کولتووری لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا و بەهێزکردنی بلووکێک بۆ ئیئتلافی ئەو هێزانەی لەباری ماهیەتییەوە لێک نیزیکن، فۆرم و دەسەڵاتی سیاسی دیاریی دەکات. وەک دەبینین نەفسی شەڕ بۆ ئازادی و ماف لە دێموکراسیشدا کۆتایی نایەت، بەڵام میکانیزم و مێتۆدی شەڕەکە جیاوازە.

ئێمە باوەڕمان بە دێمۆکراسییە، چونکە هیوادارین لە دۆخێکی دێموکراتیکدا کار بۆ هەژمۆنی کولتووری و بلووکبەندییە سیاسییەکان بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەماییەکان. کەوایە دێموکراسی نابێ ببێت بە بنەمای خەبات بۆ ئازادی و عەداڵەت، بەڵکوو دەبێ وەک قاعیدە سەیری بکەین بۆ لادانی بەربەستەکان. ئێمە کاتێک دەتوانین دێمۆکراسی وەک بنەما بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی یا پرسی هەڵاواردنی جێندەری و هەروەها نایەکسانی کۆمەڵاییەتی بسەلمێنین کە دێموکراسییەکە ئەو ستەمانە و هۆییەتی ئەو پێکهاتانەی چەوساونەتەوە، بە ڕەسمی بناسێت. دێموکراسی بەبێ چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ پێناسەکردنی چەوساندنەوە و هەڵاواردن، نەک کێشە بەرچاوەکانی ئێران چارەسەر ناکات بەڵکوو پرسی نەتەوەیی تا ئاستی کڵیشەیی بوون دەبات. مێژووی سیاسی ئێران ئەو ڕاستییەمان پێ دەسەلمێنێت کە دێموکراسی هەمیشە ڕووی لە دیاردەیەکە بەناوی فێتیشی دەسەڵات، واتە گرفت لە دەسەڵاتدا دەبینێت نەک لە ماهییەتی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیدا. بەداخەوە دێمۆکراسی لای ئەوان سندووقی دەنگدانە، بەڵام دێمۆکراسی لە ڕاستیدا دەبێ لە دوای دەنگدانەوە دەست پێ بکات و دەرفەتێک بڕەخسێنێ بۆ دێموکراتیزەکردنی دێموکراسی، واتە کەمینەش شانسی بوون بە زۆرینەی هەبێت.

بە سەرنجدان بە بزووتنەوەی ناڕەزاییی خەڵک لە ساڵی ڕابردوو و پێگە و ستاتوی ڕێژیم لە ئێستادا، ئەوەی حیزبی دێموکرات نەیکردووە و دەبێ بیکات چییە؟

شۆڕشی ژینا، لە مێژووی سیاسی ئێراندا بێ وێنە بوو. لەوانەیە لەم وتووێژە کورتەدا نەتوانین بپڕژێینە سەر شرۆڤەی ڕەهەندەکانی، بەڵام بەپێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند کاراکتێری ئەو شۆڕشە بکەم کە لە گشت شۆڕش و ئینقلابەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە. ئەم شۆڕشە توانی پاشەکشە بەو ئارکیتایپانە بکات کە هەمیشە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا هەژمۆن بوون، بۆ نموونە پیاوسالاری، دین، ناوەندخوازی، کاریزما، مونیسیزم، باستانگەرایی و بە گشتی بەرگێکی نوێی کرد بە بەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەر ئەو کاراکتێرانەش بوون کە نەک ڕێژیم بەڵکوو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ کپکردنی دەنگ و پەیامی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کەوتنە خۆ. هەڵبەت ئەو شۆڕشە بەرچاوڕوونییەکەی بۆ ئێمەش پێ بوو، ئێمە بینیمان کۆمەڵگەی ئێران قۆناغێکی تێپەڕاندووە کە لۆتز گوژان پێی دەڵێت "دێمۆگرافیک مێتابولیزم" واتە گەشە و تایبەتمەندییەکانی وچەی نوێ، زەمینە و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان بەپێی خەون و مەنتقی خۆی دیاریی دەکات. بەڕاستی هەموومان، بە چالاکانی سیاسی و شرۆڤەکار و حیزبەکانیشەوە، پێویستیمان بە کات هەبوو بەڵکوو لە حەقیقەتی ئەو شۆڕشە تێبگەین.

سەرەڕای ئەو ئاماژانە، خاڵێکی وەرچەرخان لەم شۆڕشەدا هاتە دی کە جێگای تێڕامانە و ئەویش بادانەوەی ڕەوتی گۆڕان بوو. ئەگەر جاران ناوەند مەکینەی گۆڕان بوو لە ئێران، ئەمجارە پەراوێز بوو کە ئاراستە و نێوەرۆکی گۆڕانکارییەکانی لە ئێراندا دیاریی دەکرد. ئەم دیاردەیە مەیدانێکی لەبار بوو بۆ مانۆڕی سیاسیی حیزبەکانی کوردستان. بەڵام خەڵک لەنێوخۆی وڵات زۆر دڵگەرم نەبوون بە دەرکەوتنی حیزبەکانمان، بەتایبەت شێوازی هاوپەیمانی و دیالۆگی حیزبەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکی ئێرانی لەو ئاستەدا نەبوو کە خەڵک چاوەڕێیان دەکرد. حیزبە کوردستانییەکان دەبوایە تێکڕا و زۆر لەوە زیاتر پێداگرییان لەسەر داوا نەتەوەییەکانیان بکردایە نەک هەر لەبیری میکانیزمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بن لە ئێراندا (واتە فیتیشی دەوڵەت). ئەو پوتەنسێڵەی کە لە شەقامەکانی کوردستاندا دەرکەوت، دەیتوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ناچار بەوە بکات لەدوای ڕێتۆریکێک بگەڕێت بەڵکوو خۆی لەگەڵ داواکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران سازگار بکات. یەکێک لە ئیمتیازە باشەکان بۆ حیزبی دێموکرات ئەوە بوو کە ڕازی بەو کەیفیەتە سیاسییە نەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی خۆی پێ ڕادەنا. بە بڕوای من داکۆکی و پێداگریی حیزبی دێموکرات لەمەڕ "نەتەوەبوونی کورد" وەک پێشمەرج بۆ هاوپەیمانی، لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا وەک ئیمتیازێکی ئەرێنی و کردەوەییەکی بەرپرسیارانە تۆمار دەکرێت.