کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەبات لە گەرمێن و کوێستان، لەپێناو سەربەرزیی کوردستان (بێجان عەلیزادە)

00:39 - 1 خەرمانان 2723

برایم چووکەڵی

لاوەکانی نەتەوەی ئێمە لاپەرەکانی مێژوویان بە خوێنی خۆیان نووسیوەتەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی کوردیان بە دنیا گەیاندووە و نەیانهیشتووە بۆ ساتێک دەنگی ئازادیخوازیی کورد کپ ببێ ‌و بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئازادی لە بەرەنگاری و گیانفیداییدا بوون. لاوانی کورد بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادیی نەتەوەکەیان هیچ‌کات لە خەبات نەوەستاون و ئەو خەباتە هەمیشە لە گەشەکردندا بووە. "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیە ئاوڕدانەوە لە ژیان و خەباتی فەرماندەیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتە لە دەڤەری شیمال. لەم یادوەرییەدا دەگەڕێێنەوە بۆ ٤٣ ساڵ بەر لە ئێستا و باس لە گیانبازێک بە ناوی شەهید "بێجان عەلیزادە" دەکەین کە هەموو ژیان و دواتر گیانیشی بەختی سەربەستیی نیشتمانەکەی کرد.

بێجان ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە گوندی هۆدەر لە ناوچەی سۆما لەدایک بوو. باوکی وەک کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ هاوخەباتی سمکۆی شکاک بوو و چەندین جار دژی ڕێژیمی ڕەزاخان بەربەرکانیی کرد و وەک تیکۆشەرێکی ئازا سەریشی لەم ڕێگایە بۆ نەتەوەکەی دانا. بێجان عەلیزادە ناسراو بە بێجان شکاک لەو کەسانە بوو سەراپای وجوودی وەک باوکی لە خزمەت بە گەل‌ و نیشتماندا بوو.

کاتێک بۆ یەکەم‌جار ئاڵای کوردستان لە شاری مەهاباد شەکایەوە، بێجان تەمەنی ١٩ ساڵ بوو. ئەو تاوی دایە چەک و وەک پێشمەرگەی کومار چووە ڕیزی قەتارچییانی پارێزگاری کوردستان. لەگەڵ نسکۆی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٥یشدا، لەگەڵ بارزانییەکان ڕووی کردە یەکیەتیی سۆڤییەت. شەهید بێجان یەکێک لەو قوتابییانە بوو کە لە یەکیەتیی سۆڤییەتدا چووە زانکۆ و سەرەتا زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تەواو کرد و پاشان دیپڵۆمی بەرزی لە کولێژی سەربازیدا تەواو کرد. بێجان لەوێ لەگەڵ کچێکی ڕووسی ژیانی هاوبەشی پێك هێنا و دوو منداڵ بەرهەمی ئەو ژیانە بوو.

پاش هاتنەسەرکاری عەبدولکەریم قاسم لە عێڕاق و گەڕانەوەی خوالێخۆشبوو مەلامستەفا بارزانی بۆ کوردستان‌، شەهید بیجان لەگەڵ بارزانییەکان گەڕایەوە و لە شاری بە‌غدا لە زانکۆی "مستنسریە" وەک مامۆستای زانکۆ دامەزرا. لە دەسپێکی شۆڕشی ئەیلولیشدا هاتەوە ڕیزی شۆڕش و وەک ئەمیر بەتالیونی هێزی باڵک بەرپرسایەتیی وەرگرت و فەرماندەیی زۆر شەڕی قارەمانانەی بۆ نموونە شەری خارکورکی کرد. پاش نسکۆهێنانی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٤ لەگەڵ بارزانییەکان ڕووی کردەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی هۆدەری سەڵماس، زێدی باب و باپیرانی نیشتەجێ بۆوە.

 دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئیران شەهید بێجان بەهۆی نیزیکایەتی لەگەڵ ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو بە ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتەوە پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو لە ناوچەی سەڵماس دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. شەهید بێجان هێزی پێشمەرگەی لەو دەڤەرە ڕێک‌خست و جارێکی دیکە لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەددا لاوانی ناوچەی سەلماسی لە دەوری ئاڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆ کردەوە. ئەو کە قاڵبوونی کوورەی خەبات‌ بوو، زۆر زوو توانی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ. بێجان لەشەڕی سێ مانگەدا ڕۆڵی گرینگی گێڕا و لەنێو شاری ورمێ بەدژی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی ئەرکی گرینگی کەوتە سەر شان و بەهۆی زیرەکی ‌و هەست بە بەرپرسایەتی بوو بە خۆشەویستی پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندە‌. بێجان لە ئاست دوژمندا وەک پۆڵا وابوو، نەترس ‌و بەورە، بۆ دوژمن توندوتیژ و، بۆ هاوسەنگەران‌ و خەڵکی نیشتمانەکەی ڕووخۆش و مێهربان‌ بوو.

بێجان لە هەموو شەڕەکانی ناوچەی شیماڵدا زەبری کاریگەری لە دوژمن دا. لە شەڕی گەردەنەی حیساری ورمێ ئاوری لەسەر پشتی دوژمن کردەوە، بە چەشنێک تا ئیستاش ئەو حیماسەیە لە دڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە‌دا بەزیندوویی ماوەتەوە. ئازایەتی و قارەمانەتیی شەهید بێجان وای کرد ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر پیلانی بۆ دابڕێژێ. زۆر جار خۆفرۆشانی پێوشوێنیان هەڵدەگرت، بەڵام ئەو هەمیشە بە وشیاری پیلانەکانی پووچەڵ دەکردەوە. بەڵام بەداخەوە پیلانی دوژمن سەری گرت‌ و بێجانی قارەمانی زوو لە حیزبی دیموکرات ئەستاند و ساڵی ١٣٥٩ دوای پەلاماردانی گوندی هۆدەر و لە شەڕێکی سەختدا ڕۆڵەی قارەمانی دێموکرات شەهید بوو.

بەوپەڕی بەرزی سەران بەرچاوی

ئاگری سوورە کەژی خوێناوی

قارەمانانی بە‌هێزی باکوور    

وەک شێرانی دلێری باشوور

کوردە سەڵماس بە بەژنی جوانی

خوێنی لێ دەتکێ گوڵ ‌‌و ڕێحانی

دۆست برا دڵمە لە خاکی سۆما   

گفتوگۆی چاو و دڵ ‌و ئەبرۆما

دڵە بێر دووک‌ و جەتەر ڕووماڵن 

بەرز و سەردەستی حەماسەی ماڵن

کەڵەشی، شەمشە، کەریمی، بێهنام

بێجان و حاجی‌نەجاتی پڕ زام

شێرە باپێر‌ و نەحۆی کوردستان          

قارەمانانی تروپکی کوێستان

مەرگەوەڕ شوێنی دلێران جوانە

باوەشی گەرمی نیشانەی مانە

تەرگەوەڕ لانی دڵی گەرناسە

 گەڕی خوێنینی سەری جێی باسە

ئاسەوارێكی لە کۆن جێ مابێ

کورد دەبێ گیانی لەسەر دانابێ

دەزگرو دێری نیشانەی مانن

بەرزە شاکاری دەستی کوردانن

چل شەهید بەرزە وەکوو ئازی

 سووری پۆشێوە لە ڕێی شانازی

شاخی داڵانپەری گەڵ دڵسافە

ڕووی مەکۆی بیرەوەری ژێکافە

ئەسەدی شێری بەری ورمێ‌ی

نێو دڵێ کوردی دلێری جێ‌یە

باقی، پوولادی، نۆوین، پاشایی

پێش قەتارانی خەبات‌‌ و شایی