کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیی ڕێگری و جەردەیی

16:43 - 1 خەرمانان 2723

دارسمە

پیاو ئەو پیاوەیە نەهێڵێت سکی کەسوکار و قەوەت و پشتی برسی بیت. کورد ئێژێت برسیەتی ڕەگێکی هاریی پێوەیە. مرۆڤ برسی بێت، لەبرسان هار دەبێت و هاریش بێت، قەپ بە خەڵکی دەوروبەری دادەکات و دەبێته هۆی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی هاری. پیر و کاڵانی ئێمە لە کۆنەوە گوتوویانە "سەگی هار چل شەوی عەمرە"، یانی ئەگەر مانگەکە زیادی وکەمیی نەبێت و سی ڕۆژی پڕ بێت، دەگەڵ دە ڕۆژی دیکە دەبێتە هەموو مەودای ژیانی دوایی هاربوون.

وەی لەم نەهامەتیە، تۆ سوور سوور بزانی لایەنی زۆرەکەی ماوەی تەمەنت ٤٠ ڕۆژی دیکەیە. عەقڵ و تێگەیشتن و هاوسەنگی لە بیرکردندەوتدا تووشی کارەسات دەبێت.

مرۆڤ ئەگەر برسی بێت، تەنانەت ڕێگرییش دەکات. دیارە خوا هەموو دەرگایەک بەسەر مرۆڤدا داناخات و لە کۆنەوە گوتوویانە دەرگایەک دادەخات و سەتی دیکە دەکاتەوە. ڕێگری‌کردنیش خۆی دەرگایەکە بۆ تێرکردنی سکی برسی خوا بەسەر هەندێک کەساندا دەیکاتەوە. ئێستا لە خوا بەزیاد بێت، ڕێگری‌کردن وەک جاران نەماوە و بە هۆی پەیدابوونی ئامێر‌ی پێشکەوتوو و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی، ئەویش زۆر لە جاران پێشکەوتووترە. تەنانات مرۆڤ دەتوانێت لەم سەرەی جیهان پاڵ بداتەوە و هەر لەسەر تەنیشتێ ڕاکشێت و لە قاڕە و کیشورێکی دیکەی ئەوسەری جیهان ڕیگری و جەردەیی بکات. ئەی ئەوە نییە ڕێگرانی چازان و شارەزا لە ڕووسیە و چین و ئێرانەوە لە ژوور یان نووسینگەی خۆیانەوە بە کەلێن و کەلەبەر و داڵانی تۆڕی ئینترنێتدا دەچنە ئامریکا و ئیسڕائیل و لەوێ ڕێگری دەکەن؟

جاری جاران بۆ ڕیگری‌کردن دەبوایە بڕنەو و کەڵاشینکۆفت پێ‌بوایە و ڕەخت و فیشەکدانت لە خۆت دابایە و لە شوێنی تەنگەبەر و دوور لە ئاوەدانیان پێشت بە ڕێبواران و کاروانی بازرگانان گرتبایە.

دەگێڕنەوە جاری جاران ئەم تارانە ئەوەندە گەورە و ئاوەدان نەبوو. ئەم شاری "ڕەی‌"یەی ئێستا کەوتووەتەوە سەر تاران، ئەوکات ناو و ناوبانگی خۆی هەبوو. دیارە لەو کاتەدا  ئیسفەهانیش پایتەخت بووە. دەڵێن ئەو ڕێبوار و بازرگانانەی لە شاری "ڕەی" و "قەزبێن" و "تەورێز"ـه‌وە بەرەو ئیسفەهان و شیراز و یەزد و خووزستان دەچوون، زۆربەیان بە کاروانی وشتر و عارەبانە و و یەک‌سمان لە نزیک شارانی قوم و ساوە زۆر زوو لە سەرەتای ڕێگەدا دەکەوتنە بەر پەلاماری ڕێگران؛ ڕووت دەکران و ماڵیان بە تاڵان دەچوو. دەگێڕنەوە بەتاڵانبردن لەوساوە لەم شاری قومەی ئێستادا چڕ بووەتەوە.

ئێستاش لەکاتێکدا کاروانەڕێ بە گڵۆپی کارەبا ڕووناک بوونەتەوە و خەڵک لەجیات هەڵگرتنی پارە بە پشتی ئەسپ و ئێستر و وشتر و گوێدرێژان بە کرتەیەکی ئەلیکترۆنی سەروەت و سامانیان بۆ ئەملا و ئەولای دنیا دەگوازنەوە.

جا لەم وڵاتەی خۆمان ڕێگرانی کۆنی دەوروبەری شاری قومیش تێگەیشتنیان قەڵەو بووە و باڵای کرەدووە. لەلایەکی دیکەوە خەڵکەکەش برسی و چاوکراوەترن و بە کاری ئەوە نایەن ڕاستەوخۆ ڕێگەیان پێ‌بگری.

کاری ڕیگری کارێک نییە مرۆڤ به ڕۆژێک و دووان فێری بێت و پێویستە وەک کاری "بگێڕی"، "ئاسنگری"، "زیڕنگری"، 'ناڵبەندی" و "جۆڵایی" و... لە باپیرانەوە بۆت جێ مابێ و ئێستا بتوانی درێژەی پێ بدەی و پێشی بخەی. ئەی ئەوە نییە "بگێڕ"ان بۆ کوتانەوەی لباد و فەرەنجی فشار بۆ ئەژنۆیان ناهێنن و بە ئامێری کارەبایی لباد و فەرەنجی هەتا ئاستی تێکبەزین و تەوابوون دەگێڕن و دەیکوتنەباڵ یەک؟ ئاسنگەر و زێڕنگەر و جۆڵاش هەر ئەم کارە دەکەن، بەڵام پێشەی ناڵبەندی لە بناری کێوان وەک خۆی ماوەتەوە وەستای ناڵبەند هەر "چەکوچ" و "ناڵ" و "بزمار" و "سم‌تراشی" جارانی پێیە.  ئێستاش ئەوانەی وەک ئێمەمانان ئەزموونی ڕێگری کردنیان نییە و هەروا خەریکی ناڵبەندین، ئەم گۆرانیە دەڵێنەوە:

هەی ناڵبەندە لە منت کەوی

ئەسپان ناڵ کە توند و قەوی

دەچمە شەڕێ ناڵ نەکەوی

پێشەی ڕێگری وەک ئەم پیشانەش نەماوە زۆر پێشکەوتووە. ئێستا ئەو کۆمەڵە خەڵکەی لە شوێنی وەک تاران و تەورێز و شیراز و ئیسفەهانەوە تەنانەت لە شاری قومیش برسیان دەبێت، بەرە وهەندران دەڕۆن و شوکر بۆ خوا بەشێکی بەرچاویان دەگەنە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دونیا و لەبەر ئوقیانووسانەوە تەنانەت پێ دەنێنە ئەمریکاش. ئەمانە دوای چەند ساڵێک دەبن بە هاووڵاتیی ئەوێ. لەوێ کار و داهات و ئازادی بەپێی فیلانە. لەوکاتەدا ئەمریکا ڕەگەزنامەی هاووڵاتی‌بوونیان پێ دەدات و بە ڕەگەزنامەی ئیرانییەوە دەبن بە ئەمریکاییش. ئەمانە دوای چەن ساڵێک بە مەبەستی سەردانی کۆنەوار و چاوپێکەوتنی خزم و دۆستان و هێندێکیشیان بۆ خۆڕانان دێنەوە ئێران. ڕێگرانیش لەجیات ئەوەی وک جاران سەر کەلی کێو و نێو خڕودۆڵان لە نێچیران بگرن، نێچیر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران دەێتە بەردەستیان هەر لەوێ پاسپۆرتی لێ دەستێنن و دەیخەنە بەند و دوای ماوەیەک لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕەپاریەکی بەرچاو لێ‌دەگەڕێن بچێتەوە وڵاتی دووهەمی.