کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی گوشار بۆ سەر لاوانی بۆکان بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ

16:36 - 8 جۆزەردان 2726

هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، شەپۆلێکی نوێی گوشار و ڕاوەدوونانی ئەو لاوانەیان دەست پێکردووە کە نەچوونەتە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێوە.

بەپێی زانیارییە نێوخۆیییەکان، هێزەکانی ڕێژیم لە نێو شاری بۆکاندا ڕێگری لەو کوڕانە دەکەن کە تەمەنیان گەیشتووەتە ڕادەی سەربازی و پاش دەسبەسەرکردنیان، ڕادەستی دادگایان دەکەن.

 لە دادگاکانی ڕێژیمدا، جیا لە وەرگرتنی بەڵێننامەی زۆرەملێ (تەعەهود) بۆ چوونە سەربازی، سزای قورسی دارایی و پێبژاردنی پارە بەسەر ئەو لاوانەدا دەسەپێندرێت.

بەرپرسانی دادگا هۆشدارییان بە لاوان داوە کە ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا خۆیان ڕادەست نەکەن، بڕی سزای داراییەکەیان چەند هێندە زیاد دەکرێت.

چاودێران دەڵێن ڕێژیمی ئێران وەرگرتنی ئەم پارە زۆرە لە دادگاکاندا وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات بۆ قەرەبووکردنەوەی قەیرانە داراییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و گۆشاری ئابووریی سەر شانی بنەماڵە کوردییەکانی پێ قورستر کردووە.