بەهۆی پەرەسەندنی بێوێنەی قەیرانی ئابووری لە ئێران، میدیا نێوخۆیییەکان دەڵێن داهاتی خەڵک بەشی بژێوی ناکات و کڕینی قەرز و قیست گەیشتووەتە سەر خۆراک و دەرمانیش.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "خەبەرئانلاین"، کڕینی بە قەرز کە پێشتر تەنیا بۆ کاڵا گرانبەها و لۆکسەکان باو بوو، ئێستا گەیشتووەتە سەر کەرەستە خۆراکییەکان، جلوبەرگ، پێڵاو و تەنانەت هەندێک لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانیش؛ ئەمەش نیشان دەدات کە داهاتی بەشێکی زۆری خەڵک بەشی بژێوی ڕۆژانەیان ناکات.
هاوکات، گوشاری تێچووی کرێی خانوو لەسەر کرێنشینان بە توندی زیادی کردووە. ڕۆژنامەی "دونیای ئیقتیساد" بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژەی کرێی خانوو لە تاران لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ٢٥ تا ٣٠ لەسەد زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە تێچووی مانگانەی کرێی خانوو بۆ واحیدێکی ئاپارتومانی مامناوەند گەیشتووەتە نزیکەی ٥٢ ملیۆن تمەن.