یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، شەهیدکردنی دڕندانەی دوو برای چالاکی یارسانی لە داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەم تاوانانە نیشانەی ترسی قووڵی ڕێژیمە لە وشیاری نەتەوەیی خەڵکی کوردستان.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ئازادیخوازانی کوردستان!
ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی زنجیرە تاوانە بێبڕانەوەکانیدا دژی نەتەوەی کورد و پێڕەوانی ئایینی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە دەستی بە خوێنی دوو لاوی تێکۆشەر و چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی گەلەکەمان لە پارێزگای کرماشان، بە ناوەکانی "موجتەبا وەیسی" و "مەیسەم وەیسی" سوور کردەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هێرشێکی دڕندانە و نایاساییدا بۆ سەر گوندی "خۆلەکەوش"ی سەر بە ناوچەی داڵاهۆ، ئەم دوو برا چالاکەی کۆمەڵگەی یارسانیان، کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە لەژێر ڕاوەدووناندا بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کرد.
کۆماری ئیسلامی کە لە بەرانبەر ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەی کورد و پاش شەڕی ٤٠ ڕۆژە، تووشی شکستی قورس و داڕووخانی تەواوی پێگەی سیاسی و شەرعییەت لە نێوخۆی وڵاتدا بووە، تەنیا ڕێگایەک کە بۆ درێژەدان بە تەمەنی نگریسی خۆی بیبینێت؛ پەنابردنە بەر تێرۆر، سەرکوت، سێدارە و کوشتنی ڕاستەوخۆی لاوانی نیشتمانپەروەرە. کوشتنی ئەم دوو چالاکە فەرهەنگی و مەدەنییە، نیشانەی ترسی قووڵی ئەم ڕێژیمە تۆتالیتارە مەزهەبییەیە لە "وشیاری نەتەوەیی"، "فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی" و یەکگرتوویی پۆڵایینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم تاوانە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەم دوو شەهیدە، خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکانی داڵاهۆ و کرماشان، و سەرجەم چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
داگیرکەران پێویستە بزانن کە خوێنی پاکی ئەم دوو لاوە نیشتمانپەروەرە، چرای ڕێگای خەباتمان ڕووناکتر و ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ڕوخاندنی ئەم ستەمکارییە بەهێزتر دەکات.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان
٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی