کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات

11:05 - 8 جۆزەردان 2726

عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارە شیعەکانی وڵاتەکەی کرد کە بچنە ژێر چاوەدێریی حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکان و لەنێو پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن.

 ئەم هەڵوێستە دوای گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا بە مەبەستی سنووردارکردنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتدا کار بکەن.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات کە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند کە گرووپی چەکداری "سەرایا سەلام" لە "بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعه" جیا دەکاتەوە و تێکەڵی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی دەکات.

سەدر پێشتریش ڕەخنەی لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران گرتبوو و داوای لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە کردبوو چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گوشارە پەرەسەندووەکانی واشنگتۆن بۆ سەر حکوومەتی عێراق تا نفووزی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کەم بکاتەوە، هۆشداریش دراوە کە هاوکارییە ئەمنییەتیی و داراییەکانی داهاتووی ئەمریکا بۆ عێراق بەستراوەتەوە بەم پرسەوە.